سەعدی ئەحمەد پیرە: تەنها خۆمان دەتوانین دەدردی خۆمان تیمار بكەین

کوردستان
13:22 - 2023-06-05


بەیانی ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بە هاوڕێیەتی سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی سەردانی كۆمەڵی دادگەری كوردستانیان لە هەولێر كرد و لەلایەن عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەوە پێشوازیان لێكرا و پاش كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە و مامۆستا عەلی باپیر سازكرا.

لە كۆنگرەكەدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "یەكێتی هەمیشە كۆمەڵی دادگەری بە دۆستی نزیكی خۆی زانیوە و هەوڵی پتەوكردنی پەیوەندییەكانیانی داوە، ئەمە جگە لەوەی لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆمان لەبارەی بارودرخی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرد".

لەبارەی یەكڕیزیی كوردیشەوە پیرە وتی: "هەموو كات كورد خۆی هۆكاربووە بۆ ئەو بڕیارانەی كە دادگای فیدراڵی لە دژی كورد دەریان دەكات، بۆیە هەركاتێك كورد یەك دەنگ بووبێت توانیومانە لە هەرێم و لە عیراقیش دەستكەوتی زیاتر بەدەستبهێنین، بۆیە یەكێتی هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی لایەنەكاندا بووە و پێمان وابووە تەنها خۆمان دەتوانین دەدردی خۆمان تیمار بكەین". 

پێویستە واز لە عەقڵییەتی خۆبەزلزانی بهێنین
پاشان هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا لەلایەن عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند: "لەگەڵ یەكێتی هاوڕاین كە كورت هەر دەستكەوتێكی بەدەستهێنابێت لە ئەنجامی یەكڕیزی بووە، هەروەها هەر زیانێكیشی بەركەوتبێت بەهۆی پەرتەوازەییەوە بووە، لە ئێستاشدا بەهۆی خۆبەزلزانی لایەنێكەوە رۆحییەتی تەبایمان لەناودا نەماوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش بێهێز بووین".

"پێویستە واز لە عەقڵییەتی خۆبەزلزانی بهێنین و چاومان لە خزمەتكردنی خەڵك و بەرژەوەنیدییە گشتییەكان بێت بەتایبەت دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان" مامۆستا عەلی باپیر وادەڵێت.

راشیگەیاند: "كۆمەڵی دادگەری لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوڕایە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێویستمان بە تۆمارێكی پاك و هەمواری یاساكە و چواربازنەیی هەیە، هەروەها هاوڕاشین كە پێویستە پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە بەرگری مافەكانیان بكرێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP