قوباد تاڵەبانی: سیاسەتی قۆڵبادان و ململانێی ناتەندروستی حیزبی داهاتوی هەرێمی کوردستانی خستوەتە مەترسییەوە

کوردستان
18:13 - 2023-06-05

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە 5ی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو، سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کوردستان هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان ئەزمون لە ناکۆکییەکانی رابردوو وەربگرن و پەلە بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سیاسی و ئابوری باشدا نییە، پێویستە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتییان هەموو لایەکمان بەرپرسیارانە هەنگاوبنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد زۆربەی کێشەکان کێشەی حیزبی و شەخسین. وتیشی ئەم جۆرە لە ململانێ و قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی ناوماڵی کورد زیاتر پەرت دەکات و داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە. 

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، تەنها پێداگربووین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرانە بێت. 

داواشیکرد لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆکانیان دەست پێ بکەنەوە بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت تا لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان چارەسەر بکرێت کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزتر بوونی پێگەی هەرێم لە بەغدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP