ئاسۆ مامەند و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەكێتی بەشداریان لە پرسەی شەهید هیوا قادردا کرد

کوردستان
19:34 - 2023-09-19

دوای ئامادەبوونیان لە رێورەسمی بە خاکسپاردنی، هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ ئاسۆ مامەند و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتیی بەشداریان لە پرسەی شەهید هیوا قادردا کرد

سەرلەبەیانی رۆژی دوو شەممە ١٩-٩-٢٠٢٣ لە رێو رەسمێکی شایستەدا لە گۆڕستانی شێخ محێدینی شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتیی، و کادیرانی پێشکەوتوو، و خزم و کەسوکار و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سنورەکە، رێورەسمی بە خاکسپارنی شەهید هیوا قادر پێشمەرگەی دژەتیرۆری کوردستان کە بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکەی دوێنێی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت خۆی و دوو هەڤاڵی دیکەی شەهید کران، بەڕێوەچوو.

هەر دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە تەکیەی تاڵەبانی شاری کەرکوک هەڤاڵ ئاسۆ مامەند و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتیی، بەشداریان لە پرسەی شەهید هیوا قادردا کرد، و لە نزیکەوە پرسە و هاوخەمی قوڵی خۆیان گەیاندە کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەیان، لە وتەیەکیشدا هەڤاڵ ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی رایگەیاند؛ لە کەرکوکی کڵپە و خۆڕاگرەوە، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکەین کە بە هۆیەوە ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی دژەتیرۆری کوردستان شەهید و بریندار بوون.

هەڤاڵ ئاسۆ مامەند وتیشی؛ ئەم کردەوە تیرۆرستییە و ئەوانی پێشووتریش، بەشێکن لەو پیلانگێڕییەی کە دەرحەق بە نەتەوەکەمان لەم ناوچەیە ئەنجام دەدرێن، ئەوەش هەر زیان بە سەقامگیری و ئارامی کوردستان ناگەیەنێت، بەڵکو هەموو لایەنەکانی ئەو پیلانگێڕییە زیانیان پێدەگات. لێرەشەوە داوا لە هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان دەکەین؛ ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، و چیتر رێگە بگرن لە بەزاندنی سەروەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان.

هەڤاڵ ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی جەختیشی کردەوە؛ ئەو رووداوە ئەوەمان پێدەڵێت هەر کاتێک بەشێکی کوردستانەکەمان بریندار بکرێت کەرکوکییەک خوێنی لێدەچۆڕێت و دەبێتە قوربانی بەدیهێنانی پاراستن و سەقامگیری کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP