چلەی ماتەمینی لیوا خۆشەوی به‌ڕێوه‌چو

کوردستان
18:17 - 2023-11-19



دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩-١١-٢٠٢٣، لە شاری سلێمانی، چلەی ماتەمینی لیوا خۆشەوی بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و مستەفا چاورەش فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ و هەڤاڵان و خزم و دۆستانی بەڕێوەچوو.

چلەی ماتەمینیەکە بە چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، پاشان دیکۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی و خەباتی لیوا خۆشەوی نمایشکراو دواتر تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لەبەردەم وێنەی کۆچکردوو دانرا .

لە ماتەمینیەکەدا مستەفا چاورەش فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "لیوا خۆشەوی هەر لەسەرەتای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی پێشمەرگەوە کەسێکی دڵسۆز و خۆشەویست بوو لەناوماندا، راستە پلە و پۆستی نەبوو، بەڵام جێی خۆی لەناو دڵی هەمووماندا کردبووەو جێدەستی لە شۆڕشی نوێ دیاربووە، ئەمە جگە لەوەی لەدوای ئەوەی کاتێک سەرۆک مام جەلال وەک سەرۆک کۆمار رۆشتە بەغدا رۆڵی گرنگی هەبوو لە پاراستنی سەرجەم ئەو بەرپرسانەی کە لە بەغدا بوون، ناکرێت رۆڵی لیوا خۆشەوی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش لەبیربکەین کاتێک داعش دەستی بەسەر موسڵدا گرت لیوا خۆشەوی و هاوڕێکانی بوون بەرگریان کرد لەکاتێکدا سوپای عیرا ق بە چەندین تانک و تۆپ و فڕۆکەوە هەڵهات".

وتیشی: "باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدەکانمان و رۆحی پاکی لیوا خۆشەوی یەکڕیزی و یەکدەنگی کوردە، تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانین رۆحی شەهیدەکانمان شاد بکەین و خزمەتی گەلەکەمان بکەین".

هەر لە مەراسیمە ماتەمینیەکەدا هەرێم کەمال ئاغا وتاری بنەماڵەی لیوا خۆشەوی خوێندەوە و رایگەیاند: "ناکرێت رۆڵی لیوا خۆشەوی لە ئازادکردنی شەقڵاوە و هەولێر لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەبیربکەین، ئەمە جگە لەوەی بنەماڵەکەیان قوربانییەکی زۆریان بۆ شۆڕشی نوێ داوە و چەندین جار ئاوارە و دەربەدەر کراون".


ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمڕۆ کە یادی ٤٠ رۆژ بەسەر گیان لەدەستدانی لیوا خۆشەوی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و ئەرکی هەموومانە بە یەکڕیزی و یەکدەنگی پارێزگاری لە خوێنی شەهیدەکانمان بکەین و رۆحیان شاد بکەین، لەبیریشمان نەچێت بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە پێویستییەک و ئەرکێکی ئەخلاقییە و پیویستە هەموومان  لەسەر رێبازەکەی لیوا خۆشەوی هەوڵی بۆبدەین، بە ناوی بنەماڵەشەوە سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە لە ساتی گیانلەدەستدانی لیوا خۆشەوی تا بەخاکسپاردن و پرسە و ئەمڕۆش لەم چلەی ماتەمینییەدا لەگەڵمانن و هاوخەممانن".

لیوا خۆشەوی عەلی خورشید لێپرسراوی پاسەوانەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بوو، رۆژی ٩-١٠-٢٠٢٣، لە رووداوی هاتووچۆدا لەسەر رێگای بەغدا-عوزێم لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا گیانی لەدەستدا و لە مەراسیمێکی شایستەشدا بەخاک سپێردرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP