یەكێتیی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان په‌ره‌ به‌ پیشه‌سازیی و ره‌خساندنی هه‌لی كار ده‌دات

کوردستان
11:29 - 2023-12-05


  
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ داهاتووی سەرجەم پارێزگاکان و بەتایبەت ناوچە جێناكۆكەكان، دەیەوێت گرنگی تایبەت بە كەرتی پیشەسازی و وزە بدات، لەو رێگەیەشەوە خزمەت بەو ناوچانە بكات و كارەبای پێویستیان بۆ دابینبكات، هاوكات بە پیشەسازی بەرهەمە نەوتییەكان و پێداویستی سوتەمەنی بۆ پارێزگاكان دەستەبەر بكات و هاوکات پارەی پترۆ دۆلار بۆ خزمەتی ناوچە جێناکۆکەکان تەرخانبکات . 

یەكێتی پارەی پتڕۆ دۆلار بۆ خزمەتی كەركوك تەرخاندەكات
حازم هەمەوەندی كاندیدی ژمارە 25 لە هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بە ژمارە ١٤٢، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووه‌: "لەدوای ریفراندۆم و لێكەوتەكانییەوە شاری كەركوك لە خزمەتگوزاری بێبەش كراوە، لە گەڕەكە كوردنشینەكانیش كێشەی كەمی خزمەتگوزاری و بەتایبەت كەمی كارەبا هەیە، بۆیە پلانی تۆكمەمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی كارەبا لە شارەكە داڕشتووە".

حازم هەمەوەندی دەڵێت:"هەوڵدەدەین پارەی پتڕۆ دۆلار بۆ خزمەتی خەڵكی كەركوك تەرخانبكەین، لەو رێگەیەشەوە هەلی كار بۆ گەنجان دابینبكەین و بایەخی زیاتر بە خستنەوەكاری پاڵاوتگە نەوتییەكان بدەین".


بە پیشەسازی بەرهەمە نەوتییەكان پێداویستی سوتەمەنی نەینەوا دەستەبەر دەكرێت
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەدات و دەیەوێت لەرێگەی پیشەسازی بەرهەمە نەوتییەكانەوە پێداویستی هاووڵاتیانی سنوورەكە لە سوتەمەنی دەستەبەر بكات.

دەروێش بیسۆ كاندیدی ژمارە ٤ لە هاوپەیمانی خەڵكی نەینەوا بە ژمارە ١٣٤ لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووه‌: "بەسەركەوتنمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هەوڵدەدەین دەستەبەری وێستگەی بەرهەمهێنانی زیاتری وزە و چارەسەری كێشەی كارەبا لە شارو شارۆچكە و گوندەكانی پارێزگاكە بكەین و لەرێگەی پیشەسازی بەرهەمە نەوتییەكانەوە دەرفەتی كاری زیاتر بۆ خەڵكی نەینەوا بڕەخسێنین".

" دەروێش بیسۆ وتی:" لەرێگەی تیمەكانمانەوە لەحكومەتی فیدراڵ كار بۆ رێكخستن و خستنەوەكاری پاڵاوگەی پارێزگای نەینەوا دەكەین، كە پێداویستی هاووڵاتیان لە سوتەمەنی دەستەبەر دەكات".

تیمی یەكێتی كار بۆ گەڕاندەوەی پاڵاوتگەی نەوت بۆ دیالە دەكات
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕێگەی تیمەكەیەوە لە حكومەتی فیدراڵ كار بۆ گەڕاندەوەی پاڵاوتگەی نەوت بۆ دیالە دەكات و دەیەوێت چارەسەری كێشەی كارەبا لەناو شار و گوندەكانی پارێزگاكە بكات.

ئەوس ئیبراهیم كاندیدی ژمارە 5 بە لیستی سەربەخۆی ژمارە ١٢٠ لە دیالە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووه‌: "لەڕێی تیمی یەكێتییەوە لە حكومەتی فیدراڵ كار بۆ گەڕانەوەی پاڵاوتگەی نەوت دەكەین، كە هەلی كار زیاد دەكات و دەبێتە هۆی دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان لە ڕووی سوتەمەنییەوە". 

" ئەوس ئیبراهیم دەڵێت:" هاوكات كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لەناو شار و شارۆچكە و گوندەكانی پارێزگاكە و دابینكردنی وێستگەی زیاتری كارەبا دەكەین، ئەمە جگە لەپێشخستنی پیشەسازی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگای دیالە".

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەخەمی كەرتی پیشەسازی و وزەدا بووە، بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیام و بەرنامەی لیست و هاوپەیمانێتییەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هەوڵی دابینكردنی پێداویستییە پیشەسازییەكانی داوە، هاوكات لە حكومەتی فیدراڵیش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت بۆ گرنگیدان بەو كەرتە، تابتواندرێت ئەو ناوچانە لەرێگای پیشەسازی و وزەوە ئاوەدان بكرێنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP