باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیرا

کوردستان
16:31 - 2024-04-11


دەزگای ئاسایشی هەرێم باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیردەکات کە لە مانگی رەمەزاندا دۆلاری ئەمریکی ساختەیان بە دووکاندار و فرۆشیاران داوە و لە بەرامبەردا دیناری عیراقییان وەرگرتووە.

سەرجەم تۆمەتباران دەستگیر کران
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا  ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌: "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی/ناوشار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دوای چاودێری وورد و بەدواداچوون، توانیان باندێکی (٤) کەسی ساخکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیربکەن".

"هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەچەند هەڵمەتێکدا توانیان سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیربکەن، کە لەمانگی رەمەزاندا دۆلاری ئەمریکی ساختەیان بە دووکاندار و فرۆشیاران داوە، لە پێناو ساخکردنەوەی پارە تەزویرەکەیان و دیناری عیراقیان وەرگرتۆتەوە"، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

ئاماژە بەوەشدراوە: "بەمەبەستی دەستگیرکردنی تەواوی ئەندامانی باندەکە و کۆکردنەوەی سەرجەم دراوە تەزویرەکە، توانرا سەرجەمیان دەستگیر بکرێن و دەست بەسەر تەواوی پارەکەدا بگیرێت، هەروەها تۆمەتباران تەمەنیان لە نێوان ( ٢٤ بۆ ٣٠ ) ساڵیدایە و دانیشتووی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵن".

ئاسایش: لە هەر حاڵەتێکدا پەیوەندیمان پیوەبکەن
لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی (٢٨١) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە، هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتیان دەکات، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی دراوی ساختە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە (هێڵی گەرمی ئاسایش ژمارە ١٠٦، یاخود پەیجی فەرمی دەزگای ئاسایش).

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP