بەهۆی گەندەڵییەوە وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا دەستیلەکار کێشایەوە

جیهان
14:32 - 2024-04-26

میکۆلا سۆلۆسکی، وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد، کە تۆمەتبارە بە دەستبەسەردا گرتنی زەویوزاری دەوڵەت.

رەسلان ستیڤانچوک، سەرۆکی پەرلەمانی ئۆکرانیا، لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کشتوکاڵیان پێگەیشتووە.

میکۆلا سۆلۆسکی، نوسیویەتی داوا دەکەم، رەزامەندی بفەرموون بە دەستلەکارکێشانەوەم لە پۆستی وەزیری سیاسەتی کشتوکاڵ و خۆراک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئۆکرانی، بڕیارە ئەندامانی پەرلەمان بەمنزیکانە رەزامەندی بدەن لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا.

هاوکات ئاژانسی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ئۆکرانیا، ئاشکرایکرد، وەزیری کشتوکاڵ، تۆمەتبارە بە قۆرخکردنی زەویوزاری دەوڵەت، کە بڕەکەی بە پارە دەکاتە نزیکەی حەوت ملیۆن یۆرۆ، هەروەها هەوڵیداوە دەستبگرێت بەسەر ژمارەیەک زەوی دیکەدا، کە بایی نزیکەی پێنج ملیۆن یۆرۆ بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەکان ئەوە دەخەنەڕوو لەدوای هەڵایسانی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیاوە، گەندەڵی بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئۆکرانیا سەریهەڵداوە و رێژەکە بەرزبووەتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP