رێكخراوێكی ئه‌مریكی هۆشدارییه‌كی مه‌ترسیدار ده‌داته‌ حكومه‌تی هه‌رێم

کوردستان
12:17 - 2024-04-27



تیمی کوردستانی - عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی (CPT) ئەمریکی هۆشداری دەدات سەبارەت له‌ شكركێشییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كانی پارێزگای دهۆك و ئاشكریده‌كات، به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ 75%ی خاكی پارێزگای دهۆك له‌ده‌ستده‌دات و نزیكه‌ی 190 خێزانی گونده‌كانی ئه‌و سنووره‌ ئاواره‌ ده‌بن.

کامەران عوسمان، بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمریكی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووه‌:"چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای سەربازیی تورکیا لەسەر چیای گارە بێت، کە درێژی چیاکە 38.9 کیلۆمەترە و ئۆپەراسیۆنەکە بە قولایی زیاتر لە 22 کیلۆمەتر دەبێت لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ئێمە هۆشداری دەدەین کە لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە نزیکەی 39 گوند لە دەوروبەری گارە بەتەواوی چۆڵ ببن،  190 خانەوادە کە خێزانی گوند نشین و جوتیارن لە دەوروبەری چیای گارەن بە تەواوی گوندەکانیان چۆڵ بکەن و ئاوارە ببن".
 
وتیشی، "لە ئەگەری گرتنی چیای گارە بە تەواوەتی شیلادزێ و دێرەلوک و ئامێدی بە تەواوەتی ئابلۆقە دەدرێن، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان لەو ناوچانە نەمێنێت، بە تەنها لە 25%ی خاکی پارێزگای دهۆک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا دەمێنیت، ئەوەی دیكه‌ دەکەوێتە ژێر ڕکێفی سوپای سەربازی تورکیا".
 
چیای گارا لەلای تورکیا، ناوچەیەکی ستراتیژی بە بەهایەیە، بە شوێنی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا دادەنرێت و هەردو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام نایشارێتەوە کە پلانی هێرشی بەرفراوانتری هەیە لە بەهاری ئەمساڵدا، بیانوی تورکیاش پاراستنی وڵاتەکەی و سنورەکەیەتی لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە وەک مەترسی بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی لێیان دەڕوانێت.
 
تورکیا بەردەوام ئاماژە بە ڕێکەوتنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەکات و لە هەفتەی ڕابردوشدا رەجەت تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای نزیکەی 13 ساڵ بە بەشداری چەند وەزیرێکی وڵاتەکەی سەردانی عێراق و هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێم کۆبووەوە.
 
سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا وەک ئامادەکاری جەنگ و هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی تورکیا لێکدەدرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا شەوی ڕابردوو لە بەشێک لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە، کە نزیکەی 100 سەربازی تورکیا هاتوونەتە هەرێم و پێدەچێت تورکیا لە کاتێکی زۆر نزیکدا هێرشەکانی دەست پێبکات.

تورکیا بە فەرمی 64 بارەگای سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە دەکەونە ناوچەکانی سیدەکان لە قەزای سۆران، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی، حەفتانین و دەرکار حەجەم لە زاخۆ.
 
تەنها لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا تورکیا 358 هێرش و بۆردومانی کردوه‌تە سەر هەرێم، هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی بە پلەی یەکەم، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپباران و تەقەی ڕاستەوخۆوە بوە، لە ئەنجامی هێرشەکانیش 6 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە.

بە قسەی ڕێکخراوەکە چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکە و درۆن و دابەزاندنی سەربازەوە بێت بۆ ئەو ناوچانە.
  
کامەران عوسمان دەڵێت، "تورکیا تاکتیکی جیاواز بەکار دەهێنێت، ئەو تاکتیکەی لە مانگی 2ی 2021 دا بەکاری هێنا لە ڕێگەی فڕۆکەوە بو چەند ڕۆژێک بۆردومانی ناوچەکەی کرد، سەربازی دابەزاند و خۆشیان لە ئاسمانەوە چاودێریان دەکرد بە درۆن، بەڵام تەنها چوار ڕۆژ مانەوە و نەیانتوانی بەردەوام بن، ئێمە چاوەڕوان دەکەین ئەمجارەش لە ئاسمانەوە بۆردومان بکەن و بە هەمان شێوەی 2021".

وتیشی، "ئێمە پێمان وایە یەکێک دەبێت لە سەخترین ئۆپەراسیۆنەکان بۆ تورکیا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکەوە، گەریلاکانی پەکەکە زیاتر لە سی ساڵە لەو ناوچەدا شارەزای بەرەنگاربوونەوەی چەکدارین لە ناوچەکەدا".

وێڕای مەترسیەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، مەترسی چۆڵبونی گوندەکان و هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بە یەکێکی تر لە مەترسیەکان هەژمار دەکرێت و ڕێکخراوەکەش دەڵین ڕاپۆرتی خۆیان بەرامبەر مەترسیەکانی تورکیا داوەتە ناوەندە نێو دەوڵەتیەکان و حکومەتی عێراق و هەرێم و ڕایانگەیاند، "لە دو ڕاگەیەندراودا حکومەتی هەریم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشمان لەم مەترسیانە ئاگادار کردوه‌تەوە، ئێستا لە قۆناغی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەوەداین، تورکیا فشار دەخاتە سەر گوند نشینان، لە ڕێگەی تۆپباران کردنی گوندەکانەوە دەیەوێت گوند نشینان گوندەکانیان بە جێبهێڵن".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP