قوباد تاڵەبانی له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی هه‌ڵه‌بجه‌ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری شاره‌كه‌ تاوتوێده‌كات

کوردستان
20:01 - 2024-05-13



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەی کرد و لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆکرا لەبارەی میکانیزمی چۆنێتی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەرەوپێشبردنی لەپارێزگاکەدا.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە 13ی ئایار بەڕێوەچوو،  هەڵسەنگاندن کرا بۆ پەرەسەندنەکانی باری ئابوری لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە و جوڵەی بازرگانی لەناوچەکەدا.

جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کەپێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەشارەکەدا بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر فەرمانگە حکومیەکان کارئاسانی بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروباری وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خاوەنی پرۆژەکان لەهەڵەبجە.

جەختیشی کردەوە کە ئەکرێت وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا بکرێت بەتایبەت لە گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، چونکە ناوچەکە کەشێکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی پەرە بەو دوو سێکتەرە بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بە پڕۆژەی گەشتوکاڵ-دا و وتی: گەشتوکاڵ پڕۆژەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی بکرێتە سەرچاوەیەکی داهات و سێکتەرێک بۆ رەخساندنی هەلی کار لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە دەڤەری هەورامانەوە دەستمان بەو پڕۆژەیە کردووە.

هاوکات جێگری سەرۆک وەزیران بەگرنگییەوە باسی لەوەکرد کە پێویستە پردێکی پەیوەندی لەنێوانی ناوەندە ئەکادیمیەکان لەزانکۆ و پەیمانگاکان فەراهەم بکرێت تا دەرچووی زانکۆکان هەڵگری ئەو بڕوانامانەبن کەپێویستن بۆ بازاڕی کار و بەم جۆرەش هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێت.

هەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی بۆردێکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی وەبەرهێنەران و کەمکردنەوەی رۆتین لەدامودەزگا حکومیەکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر و خێراتر خزمەتی شارەکە بکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP