هەرێم کەمال ئاغا: پێویسته‌ کێشەی جوتیارانی ناوچە جێناکۆکەکان چاره‌سه‌ر بكرێت

کوردستان
13:31 - 2024-05-18


سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: "تائێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نییەو فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش لەسەر ئەو پرسە هیچ کۆدەنگییەکیان نییە"، ئاماژەی بەوەشدا: "درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق هاوکات دەبێت بۆ چەسپاندنی دیموکراسی لە عیراق و هەرێمی کوردستان"، سەبارەت بە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانیش هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند: "دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکوک و دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بەشێکی زۆر لە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر دەکات".

پێویستە بە زوترین کات سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق له‌دیدارێكدا بە PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنەکە کۆدەبێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان خودی سوننەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەشدا بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک نەکراوە".

"لایەنە سیاسییەکان هاوڕان لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا کە پێویستە بە زوترین کات ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت، چونکە لە غیابی سەرۆکی پەرلەماندا کاریگەری خراپی کردووەتە سەر بەڕێوەچوونی کارەکانی ئەنجومەنەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکانیشدا کۆدەنگی نییە کە دەنگ بە چ کاندیدێک دەدەن"، هەرێم کەمال ئاغا وادەڵێت.

ئەگەر تەمەنی کۆمسیۆن درێژ نەکرێتەوە کاریگەری خراپی لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی دەبێت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند: "پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بابەتێکی دیکەیە کە ئەمڕۆ پەرلەمان لەبارەیەوە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆدەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و چاوەروان دەکرێت پێش دەستپێکردنی پشووی یاسادانان، دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە بدرێت".

"ئەگەر نەتوانرێت تەمەنی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە، کاریگەری خراپی لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی لە عیراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەبێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەپێشە و پێویستە ئەم کۆمسیۆنە بەڕیوەی ببات"، هەرێم کەمال ئاغا وای وت.

دەنگدان لەسەر خشتەی هەمواری بودجە ئەنجام بدرێت
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا: "لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی وەزیران داوای کردووە کە پێش دەستپێکردنی پشووەکە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدان لەسەر خشتەی هەمواری بودجە ئەنجام بدات".

بودجەی عیراق بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکراوە و سالانە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران خشتەی هەموارکراوی پەسەند بکات، لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق خشتەکەی ئامادەکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەیدا پەسەندی بکات و بینێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆئەوەی خشتە هەموارکراوەکە پەسەند بکرێت.

فراکسیۆنی یەکێتی: هەوڵەکانمان بۆ دامەزراندنی یەکەمی زانکۆکانی هەرێمە
لەبارەی دامەزراندنی یەکەمی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد: "وەک فراکسیۆنەکەمان هەموو کارێک دەکەین بۆئەوەی هاوشێوەی یەکەمی زانکۆکانی عیراق، یەکەمی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی پسپۆڕییان دابمەزرێن کە ژمارەیان نزیکەی 11 هەزار دەرچووە".

وتیشی: "فراکسیۆنەکەمان لەگەڵ ئەنجومەنی راژە لە عیراق چەند جارێک لەسەر ئەو پرسە کۆبووەتەوە و داوامن لێکردون کە یەکەمی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن، بەڵام کێشەیەک هەیە کە تا ئێستا بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقەوە بەڕەسمی دانیان پێدا نەنراوە، بۆیە پێویستە سەرەتا ئەو زانکۆیانە بەرەسمی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بناسێندرێن، پاشان هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ دامەزراندنی یەکەمی زانکۆکانی هەرێم، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زانکۆکانی ناوچە کێشەلەسەرەکانیش پێویستیان بە دۆزینەوەی رێگاچارەیەک هەیە، چونکە ناکرێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق دا ئەو زانکۆیانە پشتگوێ بخرێن".

پێویستە کێشەی جوتیاران بە یەکجاری چارەسەر بکرێت
سەبارەت بە کێشەی بەردەوامی جوتیارانی ناوچە جێناکۆکەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "ئەو هەوڵانەی بۆ ئەو کێشەیە دەدرێن چارەسەری کاتین، بۆیە پێویستە کێشەی جوتیاران لە ناوچە جێناکۆکەکان بەیەکجاری و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت".

"بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیژنەیەک لە وەزارەتی دادی عیراقەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بنێردرێت کە نوێنەری بەرگری و کشتوکاڵ و نوێنەری پارێزگای کەرکوکی تێدایە و چاوەڕوان دەکەین چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی جوتیارانی ناوچە جێناکۆکەکان بدۆزنەوە و لەوەزیاتر مافی جوتیاران پێشێل نەکرێت، بەتایبەت لە ئێستادا کە جوتیاران سەرقاڵی دورینەوەی بەروبەمەکانیانن"، هەرێم کەمال ئاغا وادەڵێت.

یەکێتی هێزی یەکەمی پارێزگای کەرکوک-ە
لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و کاراکردنی ئەنجومەنی پارێزگا، هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند: "یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات کە ئەو پرسە وەک سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عیراق یەکلایی ببێتەوە کە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، یەکێتی هێزی یەکەمە لە شارەکە و پێویستە پارێزگاری شارەکە وەربگرێت".

"دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ شارەکەو دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگار بەشێکی زۆر لە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر دەکات و بۆئەمەش لە هەوڵی جدیداین بۆئەوەی هەموو ئەو لایەنانەی لە پارێزگاکە کورسییان هێناوە بە گفتوفۆ بگەینە رێککەوتنێک لەبارەی دەستنیشانکردنی پارێزگارێک و دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق چەند جارێک لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کۆبووەتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات"، هەرێم کەمال ئاغا وادەڵێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP