رێكخراوێكی ئه‌مریكی پیلانێكی مه‌ترسیداری توركیا له‌ هه‌رێم ئاشكراده‌كات

کوردستان
13:25 - 2024-07-06


سوپای توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ له‌شكركێشییه‌كانی بۆ نێو قوڵایی خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌و لە سنووری برادۆست دەستیكردووه‌ بە پێشڕەوی زیاترو به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئه‌و سوپایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان سەرقاڵی دامه‌زراندنی بنكەی سەربازییە لە سنوورەكە، ڕۆژانەش سەدان سەربازو زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی نوێ‌ دێنێته‌ نێو خاكی هەرێمی كوردستان، ڕێكخراوێكی ئەمەریكیش ئاشكرایدەكات مەبەستی توركیا دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەڕێكی فراوانترە لەخاكی هەرێم و دروستكردنی هێلێكی سەربازیی نوێیه‌‌.

كامەران عوسمان، بەرپرسی دیسكی مافی مرۆڤ لەڕێكخراوی CPTی ئەمەریكی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌ونیدا ڕایگەیاندووه‌:" ماوەی زیاد لە 10 ڕۆژە سوپای توركیا دەستی بەجموجوڵی سەربازی نوێ‌ كردووە، بەجۆرێك زیاد لە 300 تانكی سەربازی و هاوكات زیاد لە هەزار سەربازی هێناوەتە ناوچەی بەرواری باڵا و لەوناوچانە مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدەن و بەئاشكرا دەستیان بە جموجوڵی سەربازی كردووە، هەروەها بەهێلیكۆپتەر هێزێكی زۆری سەربازی لەسەر چیای شەكیوی برادۆست دابەزاندووە و ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازییە لەو ناوچەیە".

ئاماژەی بۆئەوەشكردووه‌:" ئەم جموجوڵەی سوپای توركیا لە سنووری كانی ماسێ‌ و بەرواری باڵا، دەستپێكی مانۆڕێكی سەربازییە لە ناوچەی گارە، ئامانج لەو جموجوڵانەش دروستكردنی هێڵێكە لە ناوچەی شیلادزێوە بۆ دێرەلوك، لەدێرەلوكیشەوە بۆبارمەنێ و لەوێشەوە بۆكانێ‌ ماسێ‌ پاشان ناوچەی باتیفە، هاوكات هەموو ئەوگوند و ناوچانەی دەكەونە پشتی ئەو هێڵەوە توركیا بەنیازی دەستیان بەسەردابگرێت و بیانكاتە سنوورێكی دیفاكتۆ لەنێوان عێراق و توركیادا."

ئەو بەرپرسەی ڕێكخراوی CPTئەوەشی خستووەته‌ڕوو:"چەند ڕۆژێكە سوپای توركیا هاتوونەتە سنووری چەندین گوندی ئەو سنوورەوە وەك گوندەكانی (كێستە، چەلكێ‌، ئەرادنە، بادیرێ‌، بورە، سەرەڕۆ) دەستیان بەمانۆڕی سەربازی كردووە بەوهۆیشەوە بەشێكی دانیشتووانی ئەو گوندانە لەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئاژەڵەكانیان هەرزانفرۆشكردووە و لە سنووری پارێزگای دهۆكیش بەهۆی ترس و دڵەڕاوكێوە دانیشتوانی چەند گوندێك گوندەكانیان چۆڵكردووە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP