سه‌باره‌ت به‌ له‌شكركێشییه‌كان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و وه‌زیری به‌رگریی توركیا لێدوانی جیاواز ده‌ده‌ن

کوردستان
10:51 - 2024-07-13

 سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگریی توركیا جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیی له‌شكركێشییه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌ی بۆسه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناویان ناوه‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی (چنگی قفڵ)، به‌ڵام فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، كه‌ سه‌ربه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ توركیا تا ئێستا هێرشی لە نێو عێراقدا ئه‌نجامدابێت و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تەنها کۆمەڵێک جموجۆڵی سەربازییه‌، ئەو جموجۆڵانەش لە ساڵی 1991ەوە هەیە"

یەشار گیولەر, وەزیری بەرگریی توركیا، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی رایگەیاندووە: لەسەرجەم دیدارەكانی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ جەختیكردووەتەوە, توركیا هەرگیز رێگا بە دامەزراندنی "دەوڵەتێكی تیرۆرستی" نادات لە باكوری سوریا یان عێراق" كه‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌ .

 ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌:" پلانیان داناوە بۆ كۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنی (چنگی قفڵ) لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو, لەگەڵ تەواوكردنی ئۆپراسیۆنەكەدا ناوچەی (گارا) بە تەواوی كۆنتڕۆڵ دەكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی توركیاش له‌و ئۆپراسیۆنه‌:" پێش هاتنی وەرزی زستان، ئه‌و ناوچە شاخاویییانه‌، كە به‌ وته‌ی ئه‌و (په‌.كه‌.كه‌)یان لێیە، كۆنترۆڵ بكه‌ن" 

روونشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌:"لەئێستادا سوپای توركیا كۆنترۆڵی هەندێك ناوچەی كردووە كە پێشتر سوپای توركیا نه‌گه‌یشتووه‌ ئه‌و ناوچانه‌ كه‌, تونیڵ و حەشارگەی ئاڵۆزی تیادایە, شوێنەكانشیان دیاریكراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش ئۆپراسیۆنەكان بەردەوام دەبن."

وه‌زیری به‌رگریی توركیا ده‌شڵێت:" ئەو ناوچەیە, خاڵی داخستنی نێوان سوریاو قەندیلە, لەگەڵ كۆتایهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانیان لەناوچەكە, پەیوەندی نێوان قەندیل و سوریا دەپچڕێنن، پلانشیان داناوه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی ناوچەی ئۆپراسیۆنەكانیان"

به‌ڵام وەزیری دەرەوەی عێراق ده‌ڵێت:" سوپای تورکیا تا ئێستا هێرشێکی لە نێو عێراقدا نەکردوە و تەنها کۆمەڵێک جموجۆڵی سەربازیی هەیە، ئەو جموجۆڵانەش لە ساڵی 1991ەوە هەیە."

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP