یەکێتی راستکردنەوەی حکومڕانی و خزمەتی خەڵکی دەوێت

کوردستان
16:00 - 2024-07-24


راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئامانجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و دەیەوێت ئەو گۆڕانکارییە بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و لە پەرلەمانەوە بێنێتەدی، بۆئەمەش هیوای بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بۆئەوەی زۆرترین نوێنەری بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 20ـی 10ـی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ گۆڕانکاری سیاسی و راستکردنەوەی حکومڕانی هیوایان لەسەر هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵچنیوە و پێیان وایە تەنها یەکێتی دەتوانێت حکومەتێکی خزمەتکار بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان بێنێتەکایەوە.

سەرکەوتنی یەکێتی سەرکەوتنی خەڵکە
لوقمان وەردی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "وەک چۆن لە رابردوودا دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێویستی بارودۆخەکە بوو، هەروەها هیوایەک بوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەئێستاشدا پشتیوانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان زەروریەتە و سەرکەوتنی یەکێتی سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە".

"یەکێتی لەئێستادا ئەو هێزەیە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان هیوایان لەسەر هەڵچنیوە بۆ گۆڕانکاری لە حکومڕانی، بەتایبەت کە دروشمی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی کردووەتە ئامانجی و کار دەکات بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە بۆئەمەش رووکردنەوە بەغدایە بە مەبەستی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانمان و کۆتایی هێنان بە دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی 10 ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە"، لوقمان وەردی وای وت.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا: "سەرکەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا بە مانای سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دێت، لەم روانگەیەشەوە یەکێتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردووە و دەیەوێت حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان خزمەتکاری خەڵک بێت کە بێگومان ئەمەش لەڕێی پەرلەمانەوە دەبێت".

گۆڕانکاری سیاسی تەنها بە یەکێتی دەکرێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەموو قۆناغەکاندا جێگای هیوای کۆمەڵانی خەڵک بووە و لەم قۆناغەشدا هیوای زیاتریان لەسەر یەکێتی هەڵچنیوە چونکە دەزانن گۆڕانکاری راستەقینە تەنها بە یەکێتی دەکرێت.

خدر مستەفا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "یەکێتی لە هەموو سەردەمەکاندا فریادڕەسی خەڵکی کوردستان بووە و بۆ داهاتووی کوردستانیش، کۆمەڵانی خەڵک هیوایان لەسەر یەکێتی هەڵچنیوە و پێیانوایە گۆڕانکاری سیاسی تەنها بە یەکێتی دەکرێت، بۆ ئەمەش یەکێتی هەوڵی پتەوکردنی رایەڵەی نێوان خۆی و خەڵکی کوردستان دەدات".

"وەک چۆن یەکێتی بووە داینەمۆی راپەڕینی گەلی کورد لە ساڵی 1991ـدا، بۆ داهاتووی کوردستانیش یەکێتی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی کردووەتە ئامانج و لەو روانگەیەشەوە، لە رێی پەرلەمانەوە دەیەوێت ئەم ئامانجە بۆ خەڵکی هەرێم بهێنێتەدی و دەرگای خۆشگوزەرانی بەڕووی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە"، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی وای وت.

خدر مستەفا ئاماژەی بەوەشدا: "یەکێتی هەمیشە دژی پیلانی نەیاران و دوژمنان تێکۆشاوە و لە بەرەی گەل بووە، بۆ داهاتووش بە هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال بەردەوامی بە خەباتی دیموکراسی دەدات و لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەیەوێت حکومەت بخاتەوە سەر رێچکە راستەکەی خۆی کە خزمەتکردنی خەڵکە".

خەڵکی هەرێم هیوایان بە یەکێتییە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی بەهێزکردنی پەرلەمان و حکومەتێکی خزمەتکار بەرگری لە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی دەکات، بۆئەمەش پێویستە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا رێژەیەکی زپر کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت بۆئەوەی گۆڕانکاری سیاسی و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومەت بێنێتەکایەوە کە دەبێتە بوژاندنەوە و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش هیوایان بە یەکێتییە و بۆ ئەو گۆڕانکارییە پشت بە یەکێتی دەبەستن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP