كۆمسیۆن: سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان بەسەرکەوتووی تاقیکرانەوە

کوردستان
19:37 - 2024-08-12

 
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئامێرەکانی دەنگدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تاقیکردەوەو بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت:"پرۆسەکە بەسەرکەوتووی ئەنجامدرا و هیچ گرفتێک لە ئامێرەکانی هەڵبژاردندا رووینەداوە".

هاوکات سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش ده‌ڵێت: "ئامانجی تاقیكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی ده‌نگدان گه‌یشتنه‌ به‌ به‌رزترین ئاستی ئاماده‌بوون بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پێداگرین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان لەپێناو سەرکەوتنی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە".

سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان بەسەرکەوتووی تاقیکرانەوەو هیچ کێشەیەکیان نەبووە
عومه‌ر ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "كۆمیسیۆن پێداگره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م بڕ‌گه‌كانی خشته‌ و پرۆگرامی زه‌مه‌نیی پڕ‌ۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا".

وتیشی:" له‌ پڕ‌ۆسه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی هه‌ڵبژاردن وه‌كو ئامێره‌كانی پشتڕ‌استكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، ژماردنی ده‌نگه‌كان و جیاكردنه‌وه‌ و ناردنی ئه‌نجامه‌كان بۆ به‌غدا تاقی ده‌كرێنه‌وه‌و ئامانج له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌، دڵنیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ توانای ئامێره‌كانی ده‌نگدان و گه‌یشتنه‌ به‌ به‌رزترین ئاستی ئاماده‌بوون بۆ به‌ڕ‌ێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت و گشتیی په‌رله‌مانی كوردستان".

پڕ‌ۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ به‌ چاودێریی كۆمپانیایه‌كی پشكنینی ئه‌ڵمانی و ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری یۆنامی، له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كرا.

سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن راشیگه‌یاند: "بۆ به‌ڕ‌ێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ته‌واوی ئاماده‌ین و توانای ئه‌وه‌مان ده‌بێت له‌ 24 سەعاتدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ رابگه‌یێنین".

لە 79 بنکە و ئۆفیسی سەرەکی پرۆسەکە بەرێوەچوو
له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕ‌ۆ دووشه‌ممه‌ 12-08-2024 ئامێره‌كانی ده‌نگدان له‌هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان تاقیكرانه‌وه‌.

لەو بارەیەوە ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "پڕ‌ۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی ده‌نگدان تاوه‌كو سەعات 12:30ـی ئه‌مڕ‌ۆ به‌رده‌وام بوو، هیچ گرفتێك له‌ ئامێره‌كاندا نه‌بینراوه‌ و سه‌رجه‌میان كار ده‌كه‌ن و ئەنجامەکان بەسەرکەوتووی رەوانەی ناوەندی سەرەکی لەبەغدا کرا".

ئامانج عەزیز ده‌ڵێت:"بەهەمان شێوەی دەنگدانی گشتیی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدانی تایبەتیش هیچ گرفتێکیان نەبووەو پرۆسەکە بەچاودێری نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە سلێمانی بەڕێوەچوو، کە لە 79 بنکەی دەنگدان پرۆسەی دەنگدانی گشتی و لە ئۆفیسی سەرەکی کۆمسیۆن لە سلێمانی ئەنجامدراو سەرکەوتووبو"

 PUKMEDIA  ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ بەپێی زانیارییەکانی :"پرۆسەی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی هەڵبژاردن، کەئەمڕۆ لەهەر چوار بازنەکەی هەرێم بەڕێوەچوو، لەسەرجەمیان بێ گرفت بەسەرکەوتوویی پرۆسەکە ئەنجامدراوه‌و هیچ گرفتێک بۆ ئامێرەکانی دەنگدان دروست نەبووه‌"

تا وادەی دەنگدان دوو جاری دیکە ئامێرەکان تاقیدەکرێنەوە
بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق راشیگەیاند: "بڕیارە هەتا رۆژی هەڵبژاردن دوو جاری دیکە لە رۆژی 25-8-2024 و لە مانگی ئەیلولدا تاقیکردنەوە بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، هاوکات پرۆسەی دابەشكردنەوەی کارتی دەنگدان لە سلێمانی بەردەوامی هەیە و لەبازنەی سلێمانی تەنها هەزار و 600 کارتی دەنگدان ماوە کە دروستبکرێن و بدرێنەوە بە هاوڵاتیان".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕ‌یاره‌ رۆژی 20ـی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئەنجامبدرێت، کەلەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە 69 ملیار و 230 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP