قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، سەردانی حاكم قادر حەمەجانی كردو لەكۆبوونەوەیەكدا هەردوولا هاوڕابوون كە گۆڕانكاری گەورە تەنها بە یەكێتی دەكرێت و بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێزو بەهێزبوونی یەكێتی دەتوانرێت باشتر خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان بكرێت.
قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ یەكشەمە لەشاری سلێمانی سەردانی ماڵی حاكم قادر حەمەجانی كردو پێكەوە گفتوگۆیان سەبارەت بەدواین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە هەرێم و عیراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتوو كرد.
هەردوولا جەختیانكردەوە لەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردو دوور لەدەستێوەردان بەڕێوەبچێت و هاووڵاتییان بچنەسەرسندوقەكان تا بتوانرێت هاوسەنگی هێز جێگیربكرێت و لەسایەی حكومەتێكی خزمەتگوزاردا، ئاوەدانی و ژیانێكی باشتر بۆ گەلی كوردستان دابین بكرێت.
قوباد تاڵەبانی و حاكم قادر حەمەجان دووپاتیان كردەوە كە پەرلەمان و حكومەت و دەزگاو دامەزراوەكانی هەرێم موڵكی خەڵكی كوردستانەو بەخوێنی شەهیدان و رەنج و قوربانی كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵانی خەڵك بەدی هاتون، بۆیە پێویستە بەپلان و بەرنامەی نوێوە كار بۆ پەرەپێدان و خزمەتكردن بكرێت.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە لەئەستۆ بگرین و هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ژمارە ١٢٩ و كاندیدەكانی".
حاكم قادریش رایگەیاند: "ئەو ئاڵنگاریانەی كە هەرێم رووبەڕووی بووەتەوە بە كاری هاوبەش و بە دیدگای یەكێتی تێدەپەڕێنرێت و پێویستە هەمووان دەنگ بە یەكێتی بدەن تا بتوانرێت هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی پڕشنگدارتر ببرێت و قەوارەی هەرێم پارێزراوبێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP