کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 409 هەزار و 548 دەنگی لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن بەدەستهێناوە کە دەکاتە 23 کورسی پەرلەمانی کوردستان، لەم خولەدا کورسییەکانی پەرلەمان 95 کورسین و 5 کورسیشیان بۆ کۆتاکانە.
بە شەفافییەوە دەنگەکان جیاکراونەتەوە
ئەمڕۆ چوار شەممە 30-10-2024 لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەوردی و بەوپەڕی شەفافیەتەوە دەنگەکان جیاکراونەتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی 257 هەزار و 359 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 15 کورسی و براوەی یەکەمی پارێزگاکەیە.
سلێمانی
بەشێوەیەکی گشتی لە پارێزگای سلێمانی دەنگی دروست بریتیبووە لە 626 هەزار و 244 دەنگ، هەروەها کورسی پیاوان 25 کورسییە و ژنان 11 کورسی و پێکهاتەکانیش 2 کورسییان بەردەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە 38 کورسی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی 257 هەزار و 359 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 15 کورسی پەرلەمان و زۆرترین دەنگی پارێزگاکەیە.
هەولێر
بەشێوەیەکی گشتی لە پارێزگای هەولێر دەنگی دروست بریتیبووە لە 669 هەزار و 273 دەنگ، هەروەها کورسی پیاوان 22 کورسییە و ژنان 10 کورسی و پێکهاتەکانیش 2 کورسییان بەردەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە 34 کورسی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای هەولێر 111 هەزار و 102 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 6 کورسی پەرلەمان.
دهۆک
بەشێوەیەکی گشتی لە پارێزگای دهۆک دەنگی دروست بریتیبووە لە 548 هەزار و 15 دەنگ، هەروەها کورسی پیاوان 16 کورسییە و ژنان 8 کورسی و پێکهاتەکانیش 1 کورسییان بەردەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە 25 کورسی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای دهۆک 28 هەزار و 557 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 1 کورسی پەرلەمان.
هەڵەبجە
بەشێوەیەکی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە دەنگی دروست بریتیبووە لە 38 هەزار و 936 دەنگ، هەروەها کورسی پیاوان 2 کورسییە و ژنان 1، کۆی گشتی کورسییەکان دەکاتە 3 کورسی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە 12 هەزار و 530 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 1 کورسی پەرلەمان و براوەی یەکەمی پارێزگاکەیە.
زیاتر لە 40 هەزار کارمەند پڕۆسەکەیان بەڕێوەبردووە
"لەپرۆسەی هەڵبژاردندا نزیکەی 41 هەزار کارمەندی کۆمسیۆن پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە کە پێکهاتبوون لە فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان"، حاکم عومەر وای وت.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە رۆژی 21-10 کۆمسیۆن ئەنجامیی بەرایی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوەو تێیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا و بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەکانی زیادیکرد.
لە رۆژی 20-10-2024 دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەر چوار بازنەکەی هەرێم بەڕێوەچوو، هاوکات رۆژی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو، کەرێژەی بەشداری کردنی دەنگدەران 72٪ بوو.
نوێدەکرێتەوە...
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP