یەكێتی بەڕەسمی لەبەغدا سكاڵای لەدژی هەژماری من تۆماركرد

کوردستان
19:35 - 2024-10-31

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ جێبەجێكردنی تەوتین و كۆتاییهێنان بە هەژماری من، كە بەزۆرەملێ بەمووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت، ئەمڕۆ لەدادگایەك لەبەغدا سكاڵای تۆمار كردو دادگاكەش سكاڵاكەی قبوڵكرد.

د. بڕیار رەشید ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "فراكسیۆنەكەمان لەگەڵ ناوەندی یاسای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدادگای كەرخ لە بەغدا سكاڵای یاسایی لەدژی هەژماری من تۆمار كرد".

لەبارەی هۆکاری سکاڵاکەیان، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی روونیکردەوە، "سكاڵاكە لەسەر رێگریكردن لەجێبەجێكردنی (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەزۆر ناچار كردنی فەرمانبەران بە كردنەوەی هەژماری بانكی لەهەژماری من لەبانكە ناحكومییەكان، كە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە"..

راشیگەیاند: "دادگای لێكۆڵینەوەكە سكاڵاكەی قبوڵكردو دەستیكردووە بە رێكارە یاساییەكان".

هاوكات كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند: "فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیكردووە بەكۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتاران بەمەبەستی پشتیوانی لەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق سەبارەت بەجێبەجێكردنی تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم".

كاروان یاروەیس وتیشی، تائێستا 115 پەرلەمانتارو سەرۆكی 10 فراكسیۆنی كوردستانی و عیراقی ئیمزایان لەسەر یاداشتەكەی فراكسیۆنی یەكێتی كردووەو هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت" 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە