خانمی یه‌كه‌می عێراق: پێویستە عەقڵیەتی تاکڕەوی و جیاکاری بگۆڕدرێت بۆ عەقڵیەتی خزمەت

کوردستان
16:45 - 2024-11-09



خانمی یەکەمی عیراق لەبارەی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "گرنگ نییە کێ پۆستە باڵاکانی حکومەتی داهاتوو وەردەگرێت، گرنگە کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دیاریبکرێت کە خزمەتکاری خەڵک بێت، هەروەها پێویستە بۆ حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان عەقڵیەتی تاکڕەوی و جیاکاری بگۆڕین بۆ عەقڵیەتی خزمەت".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پێویستە بۆ حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان عەقڵیەتی تاکڕەوی و جیاکاری بگۆڕین بۆ عەقڵیەتی خزمەت، چونکە لای خەڵک گرنگ نییە کێ یاخود چ لایەنیک پۆستە باڵاکانی حکومەت وەردەگرێت، بەڵکو لایان گرنگە کە کێ دەتوانێت خزمەت بکات، بۆئەمەش پێویستە لایەنەکان گفتوگۆکانیان لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکەن".

لەبارەی پرسیاری پەیامنێرێک کە بۆچی هەندێک کەناڵی میدیایی پارتی بە مەبەست سلێمانی و یەکێتییان بە ئامانج گرتووە، خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند: "ئەو کەناڵانە راستگۆییان لەدەستداوە و بە ئامانج کار لەسەر ناشرینکردنی سلێمانی دەکەن، بۆنموونە دوێنێ بارەگای سەرەکی (هەدەپە)ـیان لە هەولێر داخستووە و ناردوویانن بۆ سلێمانی، بەڵام هەر خۆشیان دەچن بە تورکیا دەڵێن (هەدەپە) بارەگای لە سلێمانی هەیەو ئەو وڵاتە دەکەنە دوژمنی سلێمانی، ئەمەش هەوڵێکی خراپە کە بۆ تێکدانی ئارامی سلێمانی دەدرێت".

"گلەیی زۆر لە ئەدای کاری حکومەت هەیە، بۆیە ئەم شێوازە مامەڵەکردنە لەگەڵ خەڵکە خۆشەویستەکەمان و ئەو بڕیارە تاکڕەوانەی کە دەدرێت، ناگونجێت و پێویستە کۆتایی پێ بهێندرێت و حکومەتێک بێتە کایەوە کە خزمەتکاری خەڵک بێت، بۆیە لای من پۆستەکان گرنگ نییە، بەڵام گرنگە بزانین پۆست بە کێ دەدرێت، چونکە هەندێک جار خودی کەسەکە دەبێتە بەربەست بۆ خزمەتی هاووڵاتیان نەک حکومەت یان وەزارەتەکان"، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وادەڵێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP