محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، هۆكاری كێشەی مووچە لەهەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: "جێبەجێ نەكردنی ماددەكانی ناو بودجەو تەسلیم نەكردنی داهاتی نانەوتی و گومرگی و خاڵە سنورییەكان كێشەی بۆ مووچەی و ناردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە".
سەرۆكوەزیرانی عیراق، وەڵامی داوایەكی فراكسیۆنی یەكێتی دایەوە كەتایبەت بوو بەهەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردن و دەستەبەركردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێم.
سودانی دەڵێت: "ئەوەی كە لەبەردەستدایە 700 ملیار دینارە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێوستی بەزیاتر لە 950 ملیار دینارە، بەو هیوایەی بە هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت".
ئەمڕۆ 4-12-2024، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە دۆخی سوریاو كاریگەری لەسەر عیراق و چەند پرسێكی دیكە كۆبووەوەو فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدانیشتنەكەدا لەرێگەی سەرۆكی فراكسیۆنەكەوە داوای خەرجكردنی مووچەی سێ مانگ و روونكردنەوە لەبارەی هۆكاری دواكەتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق كرد.
نزیكەی 5 رۆژە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆران خستوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم، لیستی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 ی مووچەخۆرانی رانەگەیاندووەو وەڵامەكەی سودانیش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەو خەرجكردنی هەرسێ مانگەكەی كۆتایی ئەمساڵ دڵنیایی تێدا نییە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP