قوباد تاڵەبانى: کوردستانی نوێ قوتابخانەیەکی گرنگی پێگەیاندنی رۆژنامەنووسان بوو
بەبۆنەی ساڵڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێوە قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پەیامێك ئاڕاستەی سەرنوسەر و كارمەندانی ڕۆژنامەكە دەكات و تێیدا هاتووە :
بەڕێزان سەرنووسەر و رۆژنامەنووس و کارمەندانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ
بەبۆنەی ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی نوێوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان لەم ئەرکە پیرۆزەدا بۆ دەخوازم.
کوردستانی نوێ وەک یەکەمین رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕین، بۆ ساڵانێکی زۆر سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرەکی زانیاری خەڵکی کوردستان لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکرییەکانی ناوچەکە و جیهان بوو. لەپاڵ ئەوەشدا قوتابخانەیەکی گرنگی پێگەیاندنی رۆژنامەنووسان بوو.
هەربۆیە مافی خۆتانە شانازی بەو مێژووە پڕشنگدارەی رۆژنامەکەتانەوە بکەن، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە بۆ پارێزگاریکردن لەو پێگە درەوشاوەیە، زیاتر خۆتان ماندووبکەن و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی رۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان خۆتان لەگەڵ دۆخی نوێی رۆژنامەگەری بگونجێنن و بۆ ئەمەش هەمیشە هاوکار و پشتیوانتان دەبم.
متمانەی تەواومان بە توانا و دڵسۆزی و شارەزایی ئێوە هەیە و پێمانوایە دەتوانن لەڕێگەی داهێنان و خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ دۆخی نوێی رۆژنامەگەرییەوە، خزمەتی زیاتری رۆژنامەگەریی کوردی بکەن و بە باشترین شێوە پارێزگاری لە پێگە و ناو و ناوبانگی کوردستانی نوێ بکەن.
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ یادی کوردستانی نوێ
هەڤاڵ د.عەدالەت عەبدوڵڵا، سەرنووسەر
هەڤاڵانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ
بە بۆنەی 33 ساڵەی دەرچواندنی رۆژنامەی كوردستانی نوێوە پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەین بۆ ئەو هەوڵ و تێكۆشانە بەردەوامەتان لە كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی پاش راپەڕیندا.
كوردستانی نوێ وەك دێرینترین رۆژنامەی كاغەزیی لەسەر ئاستی كوردستان ماوەتەوە و لەگەڵ گەشەكردنی میدیا و هاتنەپێشەوەی دیجییتاڵ میدیا و سەكۆ ئەلكترۆنیەكانی تردا رۆژنامەكە بەناوەڕۆك و بابەتە بە پێزەكانی پەرەی زیاتری بەخۆی داوە و بۆتە ناوەندێكی ئاوەدانی پێگەیاندنی چەندین رۆژنامەوانی بەتواناش. هەموو ئەوانەش مایەی دەستخۆشیكردنە لەو ستاف و خاوەن قەڵەمە بەبڕشتانەی كە برەوی پێدەدەن.
پیرۆزە و هیوای سەركەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
عیماد ئەحمەد : كوردستانی نوێ ناوەكەی بەخۆیەوەیەتی
عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی دیدارێکدا کە بەبۆنەی ٣٣ هەمین ساڵیادی دەرچوواندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، یەکەم رۆژنامەی کوردی دوای راپەڕین لەگەڵیدا رێکخرابوو، رایگەیاند: كوردستانی نوێ، ئەو چەپكەگوڵەیە كە سەرۆك مام جەلال، پێشكەشی گەلی كوردستان و یەکێتی كردووە، وتیشی: پێویستە كوردستانی نوێ، وەك هەمیشە پابەند بە بنەماکانی کاریی پیشەیی و پرەنسیپەکانی مۆراڵی، داكۆكیكاری راستەقینە بێت لە داخوازییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خزمەتکردن بە نووسەران و قەڵەم بەدەستانی گەلەکەمان.
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی، راشیگەیاند: كوردستانی نوێ، ناوەكەی بەخۆیەوەیەتی، واتا نوێبوونەوە لە پەیامی نووسیندا، نوێگەریی لە گەیاندنی راستی و دیقەت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، نوێبوونەوە لە پەیامی كوردایەتی، داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان، وتیشی: ئەم كوردستانی نوێ-یە كە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە بەردەوامە، ئینشائەڵڵا هەر بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتی وشە و نووسین و خوێنەران و كورد و كوردستان، هەموومان دەزانین سەرۆك مام جەلال، چەند بایەخی بە پرسی نووسین، رای ئازاد و رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن دەدا، بۆیە بە سەركەوتنمان لەو بوارەدا، ئێمە دەتوانین رۆحی مام جەلال و هەموو شەهیدان، شادبكەین.
عیماد ئەحمەد هەر لەم یادە پڕشکۆیەدا زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەدا: لە ماوەی 33 ساڵی کارکردن و شەونخوونی و ماندوبوونتان، زۆر نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر لە كوردستانی نوێ-دا كاریان كردووە، وەك سەرنووسەر، وەك كادر و ستاف، بەداخەوە بەشێكیان كۆچی دواییان كردووە، بەدڵنیاییەوە كوردستانی نوێ، بە سەركەوتنەكانی رۆحیان شاددەكات، ئەو هەڤاڵانەش لە كوردستانی نوێ-دا كاریان كردووە و خۆشبەختانە ئێستا لە ژیاندا ماون، پێمان خۆشە هاوكارمان بن، چونكە كوردستانی نوێ، ئەو چەپكەگوڵەیە كە سەرۆك مام جەلال، پێشكەشی یەكێتی و گەلی كوردستانی كردووە. بۆیە لەم رۆژەدا دووپات لە پابەندیمان بە سیاسەتی میدیایی راست و رەوانی یەکێتییەکەمان، دەکەینەوەو وەک هەمیشە کوردستانی نوێ لە خزمەتی هەموو خاوەن رۆشنفکر و نووسەرێک دەبێت کە بە قەڵەم و بیری نوێوە دەیەوێت خزمەتی زیاتری کۆمەڵگەکەمان بکات، بە خستەڕووی زانیاریی راست بێت، یاخود خستنەڕووی روانینە جیاجیاکان بێت.
ئەوەشی خستەڕوو: وەكو مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی، بەردەوام لەگەڵ سەرنووسەر و جێگرانی سەرنووسەر و كادرە سەرەكییەكانی كوردستانی نوێ-دا، گفتوگۆ دەكەین و رامانسپاردوون كە پێویستە وەك هەمیشە داكۆكیكاری راستەقینە بن لە داخوازییەكانی كۆمەڵانی خەڵك، راستە كوردستانی نوێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەریدەكات و خاوەندارێتی دەكات، بەڵام ئێمە تەئكیدمان كردۆتەوە كوردستانی نوێ، ئازادە لەوەی رووماڵی هەموو ئەو رووداو و بابەت و داخوازییانەی کە پەیوەستن بە كۆمەڵانی خەڵكەوە، بكات، بەشێوەیەك پانتایی و لاپەڕەکانی رۆژنامەکە 25%ی بۆ كاروباری یەكێتی و رێکخراوەیی تەرخان بكرێت، 75%ی پەیامە میدیاییەکە لە هەواڵ ، نووسین ، راپۆرت و ریپۆرتاژ ، خستنەڕووی بۆچوونە جیاوازەکان بەدواداچوونەكان، بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت و ئازادبێت و كارە رۆژنامەوانییەكان بە ئازادیی بڵاوبكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنێكی خێر بێت لە دۆسێی كوردایەتیدا، چونکە نامانەوێت كوردستانی نوێ، ببێتە مینبەرێك بۆ زیادكردنی ناكۆكی لەناو بزووتنەوەی كوردایەتیدا، ئێمە پێمان خۆشە كوردستانی نوێ، مینبەرێك بێت كە كۆمەڵانی خەڵك بیخوێننەوە و گوێ لە بۆچوونەكانی بگرن و بۆچوونی نوێ و كوردایەتی تێدا ببینن. ئەم مینبەرە، كە مینبەرێكی سەرەكی و دەنگی راستەقینەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، پێمان خۆشە دەنگێكی كوردایەتیی راستەقینە و رەسەن بێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەم هەنگاوە خزمەتێكی باشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین، چونكە یەكێتی خاوەن دید و پرۆژەیەكە و هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بایەخێكی زۆری بە راگەیاندن داوە، ئەوكات تەنها رادیۆیەكی هەبووە كە دەنگی گەلی كوردستان بووە و توانیبووی رۆڵی خۆی ببینێت، سوپاس بۆ خوا ئێستا ئێمە مەكتەبی راگەیاندنمان هەیە و چەندین كەناڵی راگەیاندن لەخۆدەگرێت، ئەمەش هەمووی لەپێناوی ئەوەدایە ئێمە بتوانین لەم نێوەندەدا، دەنگی كورد، داخوازیی و مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بخەینەڕوو.
سەبارەت بە زەمینەی ئازادیی رادەربڕین و رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر لەبەردەم نووسەراندا بۆ دەربڕینی راکانیان، عیماد ئەحمەد بەڕوونی قسەکانی کرد و وتی: وەک مام دەیفەرموو ( ئازادی و نان بۆ نووسەران و هونەرمەندان)، ئێمەش لەسەر هەمان رێباز بەردەوامین و ئەم رێچکەیە بۆتە قوتابخانەی رێبازی میدیاییمان، بۆیە داوادەکەین هەر کەسێک رەخنەی هەبوو، با بێت لە کوردستانی نوێ-وە لێمانی بگرێت و بیخاتەڕوو، چونکە لەگەڵ ئەوەداین بە زمانی چەپکەگوڵەکە بە رەخنە و رەخنەلەخۆگرتنی بونیادنەرانە، وڵاتەکەمان پێشبخەین، لەکوێدا کەموکوڕییەک هەبوو، پەنجەی بخەینە سەر، لێرەوە جارێکی دیکە بانگەواز بۆ هەموو نووسەران دەکەین کە ئازایانە و ئازادانە بێن لە کوردستانی نوێ، بۆچوون، روانینەکانیان، رەخنەکانیان بخەنەڕوو.
راشیگەیاند: جارێكی دیكە دەستخۆشی لە هەموو كادر و كارمەندان و ستافی كوردستانی نوێ، دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، دڵنیام مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەگشتی و بەتایبەت بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانێكی راستەقینەی كوردستانی نوێ-ن، بۆیە لە یادی كوردستانی نوێ -دا تەئكیددەكەینەوە، بەردەوام پشتوانی كوردستانی نوێ دەبین لەپێناوی سەركەوتن بۆ كوردستان، بۆ گەلی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. کوردستانی نوێش بەردەوام دەبێت بە گۆڕانکاری نوێوە، لەپێناوی شکۆی نووسین و گەیاندنی راستییەکان و پاراستنی رۆژنامەوانی کاغەزیی لە هەرێمەکەماندا.
پەیامی ستران عەبدوڵلا
پیرۆزبایی و شتی تریش
هەڤاڵ د. عەدالەت عەبدوڵلا
سەرنووسەری کوردستانی نوێ،
هەڤاڵان جێگرانی سەرنووسەر و سکرتاریەت و ستافی رۆژنامە
یادە جوانەکەی ئەم رۆژنامە خۆشەویستەمان لە گشتتان پیرۆز بێت
یادی کوردستانی نوێ ، یادی خەباتی قەڵەم و بیر و هەواڵ و بەسەرهاتەکانە
یادەوەری سیوپێنج ساڵی ژیان و گوزەرانی گەلەکەمانە کە لاپەڕەکانی ،وێنەکانی ، رووداوەکانی، هەواڵە گرنگەکانی لە دووتوێیدا هەموو شتێک دەگێڕێتەوە.
دەسکەوت و دەستکورتی ، دەستڕەنگینی و دەستوەردانەکانی هەمووی لەم تۆمارەدا نووسراوە.
زۆر دامەزراوەی رەسمی و حزبی و زانکۆکان بۆ دەق و زانیاری و دڵنیابوون لە دیکۆمێنت و ڕاستی و دروستی زۆر شت دەگەرێنەوە سەر ژمارە و رەفەکانی کوردستانی نوێ. ئەم رۆژنامە کە رۆژانە لە چاپ دێتەدەر ئاوێنەی رەوان و روون و وردی رووداوەکانی رۆژن. کەچی دوایی وەک وەقائیعی رەسمی و قانوونی بەڵگەی راستگۆیی بێ ئەملاولای لاپەڕەکانیین.
ئەوی کوردستانی نوێ نەیڵێ ڕاست نییە و ئەوی کوردستانی نوێ نەیگێڕێتەوە نە قەوماوە و نە روویداوە.
ئەم تۆمارە زیاتر لە سێ دەیە رەنگە لەبەر گوشاری دورگەی گوشارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمووشتێکی نە گوتبێت، بەڵام یەقین ئەوەی گوتویەتی ئەوەیە کە روویداوە.
زەمانێک هەبوو پۆلپۆلیستە سەرگەردانەکان بە بۆنەی تانەدان لە یەکێتیی تانەیان لەم رۆژنامە دەدا. کە ئێستا ئەوان نەماون کوردستانی نوێ ماوە و کەیفی لێ بێت هەواڵی وەفاتیان پەخش دەکات ، بەس دەزانم ئێستا هەواڵی تەشریفاتی کەم کراوەتەوە.
هەمیشە ئەم قسەی شەوانی هاوکارمان هەڵکەوت زەنگەنەم لەبیرە کە دەیگوت ئەم هەواڵانەی وا دامانناوە سبەی دەبێتە مانشێت و پێخۆری میدیاکان، بەڵام ئێمە لەبەر پابەندێتییە حزبییەکەمان گەورەیان ناکەین.
دەمگوت :قەینا ئەوانیش کوردن و مەردن، با ترش و خوێی بکەن.
هەڤاڵەکانم ! لەم زەمەنی رەقەمی و تۆڕی پەیوەندییەکاندا کاغەزی چی لێ دێ و ئێوە چۆن بەرخوردی لەگەڵ دەکەن؟ ئەوەیان لەم دوورەوە نازانم حوکمی لەسەر بدەم، بەڵام دەزانم سەنگی کوردستانی نوێ و سەنگینی پەیامەکەی ئەنگێزەی هەرە گەورە دەبن بۆ دیتنەوەی رێوشوێنی داهێنەرانە.
سەنگی ئەم مێژووە وا گەورەیە کەمەندکێشە بۆ بەردەوامی و مانەوەو بازی گەورەش.
لەسەر سەنگ و متمانەی رۆژنامەکە بچنەوە سەر قسەکانی هەڤاڵ کاک قوباد تاڵەبانی کە لە یادێکی رۆژنامەکەدا وتی لە ئەمەریکاوە مامی گەورەمان دەیگوت بۆ ئاگاداری لە زانیاری و رووداوەکانی وڵات سەیری کوردستانی نوێ بکەن ئەوێ هەمووشتێکی تیایە.
پیرۆزبایی و سەرنج و تێبینییەکانم بەو قسە کۆتایی پێدێنم کە وتی بەدرخانییەکان دوای خەبات و ئەمارەت هاتن رۆژنامەی (کوردستان) یان کردە سەنگەری قۆناغێکی نوێی تێکۆشانی سیاسیی بۆ گەلی کورد. ئێمەش وەکو یەکێتیی( کوردستانی نوێ)مان کردۆتە سەنگەری خەباتێکی سیاسیی مۆدێرن بۆ کوردایەتی و رزگاری. جا برای بچوکتان وەک سەرنووسەرێکی دێرین بە نوێنەرایەتی ئێوەش وتم : مامە ماڵباتی بەدرخان میرێکیان تەرخان کرد بۆ (کوردستان) ەکەیان، هەرچی ماڵەگەورەکەیە بۆ (کوردستانی نوێ) کرمانجێکتان شەرەفمەندکرد بەو ئەرکە و حەتمەن چەندین کرمانجی پێش و پاشتریش پاسەوان و خزمەتکاری ئەم ئەمارەتی قەڵەم و کاغەز و ڕا و هەواڵە دەبن .
گوتی : رۆڵە ئەوە فەرقی کوردایەتی دێرین و کوردایەتی نوێباوە کە هەمووتان لە دیوانی خاوەن شۆکی رۆژنامەدا پێ بگەن و یەڵلای دەکرد دەبوونە (هەیکەل)
جا بەو هەناسە و نەفەسە پاکەوە پیرۆزتان بێت (هەیکەل)ەکانی تەلاری بەرزی کوردستانی نوێ
ستران عەبدوڵلا
١٢-١-٢٠٢٥
ئاسۆ مامەند: بە بۆنەی یادی (٣٣)مین ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) جوانترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەم
بەڕێزان/ سەرنووسەر و سکرتارییەتیی نووسین و ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی ئازیزی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ
بە بۆنەی یادی (٣٣)مین ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) جوانترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەم.
دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی رۆژانە لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی کوردستان، دەستکەوتێکی چۆنایەتی بوو لە بواری ڕۆژنامەگەری کوردیی، هەروەک داهێنانێکیش بوو بۆ میدیای کوردیی و یەکێتیی لەو قۆناخەدا.
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، جگە لەوەی بایەخ بە مەسەلە سیاسییەکان دەدات، هاوکات سەکۆیەکیش بووە بۆ تەواوی نووسەر و رووناکبیر و هونەرمەندان و لەوێوە تێز و بیروڕاکانی خۆیان خستووەتەڕوو.
هەروەها رۆژنامەی کوردستانی نوێ بایەخێکی زۆریشی بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان داوە، و بەردەوام راپۆرت و بەدواداچوونی تایبەتی لەسەر پڕۆسەی تەعریب، و کوردستانیی بوونیی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کردووە، و وەکو سەرچاوەیەکی گرینگ و بە بەها لە ناوەندەکان کاری لە تەکدا کراوە.
دووبارە پیرۆزە، بەو ئومێدەی ڕۆژنامەکەتان لە گەشەکردن و سەرکەوتنی بەردەوامدا بێت.
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نشتمانیی کوردستان
جێگری سەرۆک پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دەکات
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە یادی (٣٣)هەمین ساڵەی دەرچوون و بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرنووسەر و جێگر و کارمەند و ڕۆژمەنووسانی ئەم دەزگایە دەکەم، هەروەها لەو کارمەند و ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم ڕۆژنامەیەدا کاریان کردووە، هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتریان لە بواری ڕاگەیاندن و کاری میدیایی بۆ دەخوازم.
کوردستانی نوێ، یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی دوای ڕاپەڕین و ئازادکردنی کوردستان بووە لە چنگی دوژمنی بەعسدا، بێ شک لە خەباتی ڕۆژنامەگەریدا مێژوویەکی پڕ شانازیی و پڕشنگداری لە کاری میدیایی و گەیاندنی زانیاریی جۆراوجۆر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەیە، لە پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکاندا هەمیشە پێشەنگ بووە.
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، بەردەوام ئەرکەکانی پیشەییانە و پابەند بە بنەماکانی کاری میدیایی بەجێ گەیاندووە، هەروەها خەمخۆرێک بووە لە ئاست پاراستنی ڕەسەنایەتی کلتور و فەرهەنگ و زمانی شیرینی کوردی، هیوادارم هەمیشە هەنگاو بەرەو تازەگەریی و نوێبوونەوە لە بواری ڕۆشنبیریی و فکری ئەدەبی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردەواری بنێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١/١٢
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP