شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق دەڵێت بە بڕیاری
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی ئەمنیی لەسەر رووداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی کۆرمۆر
پێکدەهێندرێت و سزای هەر کەسێک دەدەن ئاسایشی ئابووریی وڵات تێکبدات.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە
راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، محەمەد شیاع سودانی، ئاگاداری رووداوی هێرشکردنە سەر
کێڵگەی کۆرمۆرە، کە کۆمپانیای دانەغاز لە سنووری چەمچەماڵ کاری تێدادەکات.
هێرشەکەش لە نزیک کۆگایەکی عەمبارکردنی سووتەمەنی
بووە و ئاگرێکی بچووکی لێکەوتووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبووبێت و
کاریگەریی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان نەبووە".
هەر بەگوێرەی راگەیاندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق
فەرمانیکردووە لیژنەیەکی ئەمنیی هونەریی بۆ زانینی وردەکارییەکانی رووداوەکە
پێکبهێنرێت.
راگەیەندراوەکە دەشڵێت، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە
هاوبەشەکان، لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەکانی هێزی پێشمەرگە لە سلێمانی و ناوچەکانی
رووداوەکە لە پەیوەندیدابووە، بە مەبەستی زانینی وردەکاریی هێرشەکە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی، هۆشداریی دەدات لەهەر
هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی ئابووری و دەڵێت هێزە ئەمنییەکانمان توانای جڵەوکردنی
هەموو هەوڵێکی ئاست نزمیان هەیە، کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئابووریی وڵات بدات
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP