بۆردی راگەیاندنی یەکێتی لە نوسراوێکیدا دژبە قسەکانی بەناو وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: " پێشەوا هەورامانی بەبێ رەچاوکردنی هەلومەرجی ئێستای هەرێم لەپەیامێکی هەرزەکارانەدا رەخنە لەیەکێتی دەگرێت و ناوی سەرۆک بافڵ دەهێنێت، بەڵام لەبەر قسە کاڵ و کرچەکانی ئێمە وەڵامی نادەینەوەو پێی دەڵێین، خەریکی ئیشی خۆتبە، کە بەخەستی دەیکەیت و پسپۆڕیت لێ وەرگرتووە".
بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "پێشەوا هەورامانی بەناو وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ رەچاوکردنی هەلومەرجی ئێستای هەرێم، بەبێ ئەوەی بزانێت کە یەکێتی و پارتی خەریکی دانوستانن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ، لەدیدارێکی تەلەفزیۆنی دا لەگەڵ کەناڵێکی فەرمی پارتی هێرش دەکاتە سەر یەکێتی و لەپەیامێکی هەرزەکارانەدا، رەخنە لەیەکێتی دەگرێت و ناوی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دێنێت و دەڵێت "پێویستی نەدەکرد بافڵ تاڵەبانی بەیاننامە دەربکات و پشتگیری لە مانگرتنی مامۆستایانی سلێمانی بکات"، لەبەرئەوەی قسەکانی پێشەوا هەورامی ئەوەندە نالوجیکی و کرچ و کاڵە کە هیچ وەڵامدانەوەیەک هەڵناگرێت".
"بۆیە وەڵامی نادەینەوەو تەنها پێی دەڵێین تا تێدەگەیت کە بۆچی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی پشتگیری لەمافە رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەر خەریکی ئیش و پیشەکەی خۆتبە، کە ماشەڵڵا زۆر بەخەستی دەیکەیت و پسپۆڕیت لێ وەرگرتووە"، بۆردی راگەیاندن وا دەڵێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP