مەڵبەندی دیراساتی گشتیی و ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خولێکی تایبەتمەندیان بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی سەوز لە ژێرناوی (پەرەپێدانی بنەماکانی کاری پەرلەمانی) کردەوە، کە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال و تەلار لەتیف لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی و د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، رۆژی یەکەمی خولەکە دەستیپێکرد.
لە سەرەتای خولەکەدا د.یوسف گۆران ئامانجی کردنەوەی خولەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: ئەم خولە بۆ ئێوەی ئەندامانی فراکسیۆنی سەوزە لە پەرلەمانی کوردستان، تیایدا ئاشناتان دەکەین بە بنەما و ئەرکەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و هەوڵدەدەین لە داهاتووشدا بە هەمانشێوە خولی تایبەتمەند بکەینەوە.
دواتر، قوباد تاڵەبانی لە وانەی یەکەمی خولەکەدا، باسی لە گرنگی خولەکە و رۆڵی پەرلەمانتاران لە دەرکردنی یاسا و چاودێری یاساکان و هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت کرد و رایگەیاند: رۆڵی ئێوەی پەرلەمانتاران لە شەشەمین خولی پەرلەماندا زۆر گرنگ دەبێت، بەتایبەت لە دەرکردنی یاسا و چاودێری کردنەوە، بۆیە دەبێت رۆڵتان هەبێت لە دەرکردنی یاسای گرنگ کە بۆ باشترکردنی سیستمەی سیاسی و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێویستن. جگە لەوە گرنگە چاودێرێکی وردی سەر حکومەت بن و کار بکەن بۆ دەرکردنی یاساکان.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: رۆڵی گرنگی پەرلەمانتارانمان بەتایبەت لەدوای پێکهێنانی لیژنەکانی پەرلەمان دەست پێدەکات. چونکە کارە وردەکە لەناو لیژنەکاندایە. ئەوەشی خستەڕوو: گرنگە جۆرێک لە هاوسەنگی هەبێت لە کارکردن و یاسادانان و چاودێریدا، کە چۆن چاودێر بین بێ ئەوەی رێگر بین؟
سەبارەت بە یەک تیمی نێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەوزیش، قوباد تاڵەبانی وتی: جگە لەناو خۆتان، گرنگە بۆ لەمەودوا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەوز لە بەغدا زیاتر بێت، چونکە وەک پێویست لە کوردستاندا هێزی پەرلەمانیی خۆمان بەرامبەر بە بەغدا بەکار نەهێناوە.
لەبارەی پەیوەندی نێوان فراکسیۆنی سەوز و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانیش، قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو: فراکسیۆنی سەوز هەمیشە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان هەبووە و گرنگە ئێوەش بەهەمانشێوە پەیوەندیتان باش بێت و هاوکاریان بن لەو یاسایانەی کە بۆ بەرژەوەندیی گشتی پێشکەش دەکرێن.
باسی لەوەشکرد: ئەمرۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەت و ستراتیجێکی روون و دیاری هەیە. وا دەکەین سیاسەتەکانی یەکێتی ببنە بەشێک لە کارنامەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دوای وانەکەی قوباد تاڵەبانی، پەرلەمانتارانی بەشداربوونی فراکسیۆنی سەوز بە پرسیار و گفتوگۆ وانەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و وەڵام و روونکردنەوەی پێویستیان لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە پێدرا.
خولی (پەرەپێدانی بنەماکانی کاری پەرلەمانی) ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و تیادا چەندین بابەتی پەیوەست بە کاری پەرلەمانی بەشێوەیەکی ئەکادیمی دەوترێنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP