ئەحمەد شەرع داوای ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات

کوردستان
18:54 - 2025-04-25

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا رایگەیاند، دیمەشق هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەدات و چاوی لەوەیە وڵاتەکەی بچێتە ناو رێککەوتننامەکانی ئیبراهیمیەوە، کە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە.
ئەم زانیارییە لەلایەن کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، کۆری میڵزەوە ئاشکرا کرا، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە دیمەشق چاوی بە شەرع کەوت.
میڵز بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاندووە، کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەبارەت بە سزاکانی سەر دیمەشق و ئاشتیی نێوان سوریا و تەلئەبیب گفتوگۆی کردووە و نامەیەک لەلایەن جۆلانییەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەبات.
میڵز ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جۆلانی 90 خولەکی خایاندووە و تێیدا داواکارییەکانی ئیدارەی ترەمپی بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر دیمەشق خستووەتەڕوو.
هەندێک لەو داواکاریانە بریتین لە لەناوبردنی تەواوەتی چەکە کیمیاییەکانی بەجێماو لە سەردەمی بەشار ئەسەد و رووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییە بیانییەکان لەسەر سنوورەکانی سوریا.
نوێنەرە ئەمەریکییەکە وتیشی: من بە وریاییەوە گەشبینم و هیوادارم گفتوگۆکان بەردەوام بن.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە