چیرۆكی نەمریی 9 پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له‌ دیواربەندێكدا تۆمارده‌كرێت

کوردستان
13:47 - 2025-05-10


بڕیارە سەعات 4:00 ی سەرلەئێوارەی رۆژی چوارشەممە 14ی5ی2025 لەمەراسیمێکدا پەردە لەسەر دیواربەندی شەهیدانی ئەشکەوتی داری خلە، لەبەردەم ئەشکەوتەکە لەنزیک گوندی رۆسەی شامار لابدرێت.

شەهیدانی داری خلە
رۆژی 19ی2ی1989 نۆ پێشمەرگەی پارتیزانی یەكێتی كە لە گەرمیان مابوونەوە ئەشكەوت یان(كەڵەوەز)ی داری خلەیان كردبووە حەشارگە و شۆێنی مانەوەیان، بەسەریاندا دادەرووخێت و رۆحی حەوتیان دەفڕێت و ئەستێرە سوورەی تەمەنیان لە ئاسمانی كوردایەتی كشا، چیرۆكی نەمری و تراژیدیای خەمیكی قوڵیان بە جێهێشت و دەكرێت وەك هێمای نەبەزین و روبەڕووبونەوەی مەحاڵ لە یادەوەریماندا بمێنێتەوە.

ئەشكەوتی داری خلە 
ئەو شوێنە ئەشكەوت نەبووە، کەڵەوەزێک بووە و پێشمەرگەكان دەستكارییانكردبوو تا شوێنی 10-12 پێشمەرگەی تێداببێتەوە، دوای راپەڕین ئەم ناوەی لێنرا و بوو بە ئەشكەوتی داری خلە، ئەشکەوتەکە دەكەوێتە سنووری ناحیەی پێبازی سەربەقەزای كەلار لەسنووری ئیدارەی گەرمیان و 21كم لە ناوەندی ناحیەی پێبازەوە دوورە، دەكەوێتە باكووری دێی روسەی شامار و رۆژهەڵاتی دێی زاوت و خۆرهەڵاتی دێی قەڵاتەپزان، ئەشكەوتەكە 700مەتر دەكەوێتە خوارووی داری خلەوە.

كورتەی ژیاننامەی شەهیدەكان
-شەهید ئەحمەد محەمەد حەمەئەمین ناسراو بە مەلائەحمەد كەلاری فەرماندەی تیپی 55ی قەرەداغ و فەرماندەی پێشمەرگە پارتیزانەكان.

-شەهید نوری قادر رەحیم ناسراو بە پۆڵا، لەدایكبووی ساڵی 1967ی دێی نارێنی قەزای كفری، ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1986 بووەتە پێشمەرگە لە تیپی 53ی شێروانە.

-شەهید حەیدەر محەمەد كەریم، لەدایكبووی ساڵی 1968ی گوندی گردەڕەشی ناحیەی پێبازە، ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1986 بووەتە پێشمەرگە لە مەڵبەندی یەك.

-شەهید رەحیم رەشید ئەحمەد، لەدایكبووی ساڵی 1970ی كەلاری كۆنە، ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1988 بووەتە پێشمەرگە.

-شەهید حەمید قادر كەریم ناسراو بە حاجی حەمید، لەدایكبووی ساڵی 1938ی قەرەبڵاغی سنووری كەلار، لە ساڵانی 1974 – 1975 پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە، دوای نسكۆی شۆڕش بەخێزانەوە دوورخراونەتەوە بۆ خوارووی عیراق، ساڵی 1976 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1978 بووەتە پێشمەرگە.

-شەهید سەلام محەمەد حسێن ناسراو بە سەلامە ڕەش، لەدایكبووی ساڵی 1968ی گوندی نارێنی قەزای كفری، دەرچووی پۆلی سێیەمی ناوەندیی بووە، ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و دواتر بووەتە پێشمەرگە لە تیپی 55ی قەرەداغ، لە شەڕەكەی گڵەزەردە برینداربووە.

-شەهید دارا قادر سەمین ناسراو بە داراسوور، لەدایكبووی ساڵی 1956ی گوندی نارێنی قەزای كفری، ساڵی 1983 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كورستانەوە و ساڵی 1985 بووەتە پێشمەرگەی تیپی 55ی قەرەداغ، ساڵی 1987 كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی 3ی تیپەكە، كاتی ‌ئەنفال لە شەڕەكەی كڵاوسپی، برینداربووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP