پاشنیوەڕۆی ١٣/٥/٢٠٢٥ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) لەسلێمانی، (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ (زیاد جەبار) لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی و هەڤاڵانی ئەنجومەنی مەڵبەندو لێپرسراوی کۆمیتەکان کۆبوەوە.
لەسەرەتای کۆبونەوەکە جێگری سەرۆکی یەکێتی ستایشی کاروچالاکیەکانی مەڵبەندی سلێمانی کردو رۆڵی هەڤاڵانی مەڵبەندی لەجۆشدانەوەی رێکخستنەکان و خەباتی جەماوەری و پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیاندا بەرز نرخاند.
رفعەت عەبدوڵا بایەخی مەڵبەندی سلێمانی و سەرجەم مەڵبەندەکانی بەگرنگیەوە باسکردوو وتی:"مەڵبەندی سلێمانی رووی گەشی پەیوەندی یەکێتییە لەگەڵ شارە حەیاتەکەو پێویستە هەمیشە دەرگای مەڵبەند کراوەبێت بەڕووی سلێمانی و خەڵکەکەیدا".
پاشان گفتوگۆی هەڤاڵانە کرا سەبارەت بە بەرنامەی رێکخستنەوەی ئۆرگانە جیاوازەکانی یەکێتی و نوێبونەوەی حزب و گونجان لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا بەخۆڕێکخستنەوەو پێویستی گۆڕانکارییە ئۆرگانیەکان لەچوارچێوەی راپەڕاندی ئەرکە پەیڕەوییەکان لەئێستاو داهاتوودا.
رفعەت عەبدوڵا ئاماژەی بەگرنگی و بایەخ و پێگەی سلێمانیدا لەروانگەو سیاسەتی یەکێتییدا کەمەڵبەندی کوردایەتی و پایتەختی رۆشنبیرییە لەتەواوی کوردستانداو لەوبارەیەوە وتی:"سلێمانی و یەکێتی دووانەیەکی گرێدراوو دانەبڕاون و وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین و ئەرکمانە خزمەتی زیاتری بکەین".
جێگری سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد یەکێتی هەمیشە لەگەڵ گۆڕاوو پێدراوە نوێێەکانی سەردەمدا خۆی گونجاندوەو لەم رووەوە پێویستی ئەرکەکانی قۆناغی ئەمڕۆی بۆ هەڤاڵانی مەڵبەندی سلێمانی روونکردەوە کەمەڵبەندەکان تەنها مەڵبەندی رێکخستن نابن و بەشێوازی کلاسیک کاری حزبی و رێکخستن ناکەن، هەڤاڵ رفعەت وتی"مەڵبەندەکان پانتایی هەموو جۆرەکانی خەبات دەبن و زیاتر ببنە رایەڵە لەنێوان یەکێتی و جەماوەردا" لەوبارەیەوە هەڤاڵانی راسپارد وەک هەمیشە لەناو جەماوەردابن و نەخشەڕێ و سیاسەتی یەکێتی روونبکەنەوەو بگەیەنرێتە هەموو خەڵکی سنوری مەڵبەندەکان.
جێگری سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند کەیەکێتی وەک حزب و بەپێگەی گەورەو و کاریگەری لەحکومەتیش ئەرکیەتی بەخزمەتگوزاری و پرۆژەی گرنگ سلێمانی و گشت کوردستان خەڵات بکات. وتیشی:"سلێمانی چاوەڕوانی زیاتری لێمان هەیەو نازی بەسەر یەکێتیەوە هەیە بۆیە دەبێت وەک هەمیشە مەڵبەندی سلێمانی، هێڵی گەرمی پەیوەندی سلێمانی و یەکێتی بێت".
رفعەت عەبدوڵا سەبارەت بەئامادەکارییەکان و خۆئامادەکردنی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەمڕۆوە ئەرکی هەموو هەڤاڵانە بەمۆدێلی یەکێتیانەو بەگڕوتینەوە رێکخستنەکان جۆش بدەنەوەو وتی:"لەناو جەماوەریشدا سەرخستنی لیستەکەی یەکێتی ئامانجی هەمووان بێت".
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆکی یەکێتی هیوای خواست مەڵبەندی سلێمانی لەجاران زیاتر پەرۆشی سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی و خەمخۆری شاربن وتیشی:"خۆتان بەخزمەتکاری سلێمانی بزانن و وەک هەمیشە دەرگاتان کراوەبێت بۆ هەمووان بێ جیاوازی".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP