ئەمڕۆ 13-5-2025، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی رفعەت عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە تەلار لەتیف ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتی و نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان كرد.
لەدەستپێكی دیدارەكەدا رفعەت عەبدوڵڵا، هیوای سەركەوتن و بەرەوپێشچونی زیاتری بۆ ناوەندی یاسایی و هەڤاڵان خواست و هەوڵ و ئەركەكانیانی بەپێزانینەوە هەڵسەنگاند.
رفعەت عەبدوڵڵا، تیشكی خستەسەر رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی و روونكردنەوەی وردی دەربارەی پێویستی گۆڕانكارییە ئۆرگانییەكانی حزب بۆ هەڤاڵان خستەڕوو.
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی یەكێتی بەگرنگییەكی زۆرەوە رۆڵی یاساناسان و پارێزەرانی باسكردوو وتی: "یەكێتی هەمیشە پشتیوانی یاساو سەروەربونی دادگان بووەو لەئایندەشدا هەروا دەبین".
هاوكات رفعەت عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ رۆڵی سەرۆك مام جەلال لەپشتیوانی یاساو دادگاكاندا كرد و رایگەیاند: "وەك یاسا ناس و پارێزەرێك هەمیشە جەختی لەبەرقەراربوونی یاساو سەربەخۆیی دادگاكان دەكردەوە و وتیشی: "سەرۆك مام جەلال جگە لەوەی سەركردەیەكی مێژوو كرد و گەورەبوو هەمیشە سیفەتی پارێزەریشی لەدۆسیە گرنگ و چارەنوسسازەكانی میللەتەكەماندا بەكاردەهێناو دەبووە محامی كورد و دۆزە رەواكەی، لەوبارەیەوە لەگەڵ دەیان نمونەی دیكەدا رۆژی مورافەعە مێژووییەكەی ئەنجومەنی حوكمی بەنمونە هێنایەوە".
هەڤاڵانی ئامادەبوو پشتیوانی خۆیان بو وتەكانی جێگری سەرۆكی یەكێتیی دەربڕی و تێگەیشتنیان لەگۆڕانكارییە پێویستیەكانی حزب تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو.
لەكۆتایی قسەكانیدا هەڤاڵ عەبدوڵڵا باسی لەوەكرد كەپارێزەری پیشەیەكی پیرۆزو هەستیارە و بەشێكی گرنگی سەقامگیری و پێشكەوتنی هەر وڵاتێك بەندە بەجێبەجێكردنی یاساو سەربەخۆیی دادگاكانەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP