بە بەشداری دەرباز کۆسرەت رەسول چلەی تێکۆشەرو پێشمەرگەی دێرین فەقێ شێخ وەسانی بەڕێوەچوو

کوردستان
16:43 - 2021-11-18

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨/١١/٢٠٢١ لە هۆڵی شەهید مەلا نەجم لە بالیسان، بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسول کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و جەماوەرێکی زۆر، ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەراسیمی چلەی شۆڕشگێڕو نووسەرو پێشمەرگەی دێرین فەقێ شێخ وەسانی سازکرد.

دەستپێکی مەراسیمەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی ژیان و خەباتی فەقێ شێخ وەسانی دەستی پێکرد، دواتر مەراسیمی چلەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکردو دواتر لەلایەن کەسوکاری کۆچکردووەوە ٤٠ مۆم داگیرسێندرا.

وتاری بەخێرهاتنی مەراسیم لەلایەن لیوا حەیدەر بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر پێشکەش کراو دواتر فیلمێکی دیکۆمێنتی نمایشکرا، کە بەرهەمی بەشی دیکۆمێنتاری کەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و لە ئامادەکردن و دەرهێنانی ستار محەمەد ئەمین بوو.

وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن دەرباز کۆسرەت رەسول کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خوێندرایەوەو تێیدا باسی لە رۆڵی قارەمانانەی هەڤاڵ فەقێ شێخ وەسانی کرد کە لەماوەی تەمەنی خەبات و قوربانیدانی خۆی رۆڵێکی دیارو بەرچاوی هەبووە.

دەرباز کۆسرەت رەسول گوتیشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی تێکۆشەران و قارەمانان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانەو بەڵێن دەدەین لە ئاست ئەو خەباتە گەورەو مێژووە گرنگە بین و کاربکەین بۆ سەرخستنی یەکێتیی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

هەر لەر مەراسیمەکەدا ژمارەیەک وتارو پارچە شیعرو پەخشان پێشکەشکران کە سەرجەمیان باسیان لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی فەقێ شێخ وەسانی دەکرد.

وتاری بنەماڵەی کۆچکردوو لەلایەن جێگر فەقێ شێخ وەسانی خوێندرایەوە و سوپاسی ئامادەبووانی کردو تیشکی خستەسەر خەبات و قوربانیدانی باوکی و ئەو وانانەی خستەڕوو کە لێیەوە فێربوون.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا کتێبی (فەقێ شێخ وەسانی) مێژووی شکۆ و شانازی لە ئامادەکردنی فەرهاد شێخ وەسانی بەسەر ئامادەبووان دابەش کرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP