شانازی بە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە دەکەین

کۆسرەت فەیسەل کەتۆ
18:25 - 2024-05-31

شانازی بە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە دەکەین

 نوسین : کۆسرەت فەیسەل کەتۆ

 قسەکردن لەسەر ڕۆژی یەکەمی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێک لەوە قووڵترە بەچەند کورتە ڕستەیەک کورتبکرێتەوە و دەرببڕدرێت. دیارە ئەو مێژووە خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی لە ڕەوتی تەواوی دۆزی کورددا پێکهێنا. لەگەڵ لەدایک بوونی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (٤٩ ) ساڵ لەمەوبەر، واتە ساڵی( 1975) لەسەر دەستی نوخبەیەکی سیاسی خوێندەوار و چاوکراوە، بەڕابەرایەتی و چاوساغیی سەرۆک مام جەلال ڕەوتێکی نوێ پەیدا بوو. لەوکاتەوە خەباتی کورد چووە قۆناغێکی نوێ و بەرەو پانتاییەکی فراوانتر هەنگاوی هەڵێنا، کە ساڵانی پێشتر شتێکی وەهای بەخۆیەوە نەبینیبوو. ئەوەبوو لەگەڵ دەستپێکردنی پریشکی یەکەمین حیزبی سۆسیالیستی کە بڕوای بە فرەیی سیاسی و پێکهاتەیی هەبوو، ئاسۆی بیرکرنەوە و تێڕامانی تەسکبین بەلاوەنرا، ئەویش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو، کە پیرۆزییەکانی گەلی کورد لە چوار چارەکەی خۆیدا بەبێ هیچ جیاوازییەک لەخۆی بگرێ. بێگومان هەر ئەمەش وادەکا شانازی بە ساڵیادی دامەزراندنیەوە بکەین. ئەم ڕێکخراوە سیاسییە نوێیە توانی نەخشەیەکی سۆسیالیستی، ڕۆشنبیری، دیموکراسی، ڕێکخراوەیی، نیشتمانی، جەماوەری گشتگیر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەیی و هەرێمی بکێشێ و بۆ نێودەوڵەتیش پەلبهاوێژی. تا لە کۆتاییدا ببێتە ناوەندێکی بزوێنەر بۆ دۆزی کورد. بەم جۆرە زەمینەی بۆ ئەوە خۆشکرد تا لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەیی لە دژی ڕژێمە تاکڕەوییەکان پێشوازییەکی گەرمی لێبکرێ.

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەچەند قۆناغێکی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە، جا چ لەسەر ئاستی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکان بێت، بەڵام باوەڕی ڕەهای بە مافەکانی مرۆڤ، چەسپاندنی ئاشتی، چەسپاندنی بەهاکانی ئازادی، دیموکراسی، هاوڵاتیبوون، مافی چارەی خۆنووسین، یەکسانی، لێبوردەیی، ڕێزگرتن و پشتگیریکردن لە پێگەی ژنان هەبووەو خۆی لێنەبواردووە.

 ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵە حیزب گەیشتووەتە لوتکەی پێگەیشتنی خۆی، جا چ لەسەر ئاستی ڕێکخستنی ناوخۆ بێت یان پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ لایەنەکانی تر بە سەرکردایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی لاو، دوای ئەوەی توانی مۆدێلێکی زیندوو و نوێ لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانی و پێدانی ڕۆڵ بەو کەسانەی کە شایەنیەتی بهێنێتە پێشەوە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوەی نیشتمانی کوردستان خەریکە بچێتە قۆناغێکی بەخشندەتر و کراوەتر لە عێراق بە گشتی و پارێزگاری نەینەوا بەتایبەتی، ئەمەش لە ڕێگەی ناوەندی ڕێکخستنی خۆی لەوێ. لەگەڵ ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو پارێزگاکە و ئەو توێژ و پێکهاتە جیاوازانەی تێدایە دروستی کردووە، بەوەی بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری دیکەی هەیە بۆ پشتگیریکردنی نەینەوا، هیوا زۆرە دیسان بیکاتەوە "بێشەی شێر" و بەخشین وکلتوری هەمەڕەنگ. بە دڵنیاییەوە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پێشەنگی ئەو لایەنانەیە کە لەو پرۆسە ئومێدبەخشەدا پشکدارن.

جارێکی تر پیرۆزبایی ٤٩ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانتان لێ دەکەین، و سڵاوی خۆشەویستی و ڕێز بۆ هەموو شەهیدە و تێکۆشەرانەی کە بەردی بناغەی ئەو ڕێکخراوە و پەرەسەندنیان دانا.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP