هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەو خانمەی مێژووی وەک چیا بە بێدەنگی تۆمارکرد

سۆران داودی
20:47 - 2025-06-26


هەندێک کەسایەتیی لە مێژوودا هەن کە (سات)ەکان دروستیان دەکەن، لە نێو رەحمدانی بارودۆخەکاندا لەدایک دەبن، بەسەر ڕێگایەکی خۆشەکراوی ئامادەکراودا دەچنەپێش کە بەکردارەکانی پێشووانیاندا نەخشەکێشراوە، بەڵام هەندێک کەسانش هەن کە  (سات)ەکان تێدەپەڕێنن و خودی خۆیان، دەبن بە خولقێنەری مێژوو، نەخشەی رێگەو ڕێچکەکان دەکێشن و هاوسەنگەکان دەگۆڕن. چاوەڕوانی (دەرفەت)ناکەن، بەڵکو (دەرفەت)دروست دەکەن، خاتو هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد یەکێکە لەو کەسایەتیانە.
گەلی کورد لە مێژووی دوورو درێژی خۆیدا، پیاوان و ژنگەلی زۆری تێداهەڵکەوتووە کە بەرەنگاری ستەم و داگیرکاریی و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی بوونەتەوە و لەو رێگەیەشدا قوربانی زۆریان لە پێناو شکۆمەندیی و ناسنامەی گەلەکەیان داوە. بەڵام زۆر کەمن ئەو کەسانەی کە توانوییانە هوشیاریی سیاسی و هاوسەنگی ئەخلاقیی پێکەوەگرێبدەن و سۆزی راستگۆیانە لە هەمبەر گەلەکەیان و توانای بڕیاردان لە ساتە هەستیارەکان و کاتی تەنگانەدا بپارێزن.
خاتو هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کچی بیرمەند و رێبەری گەورەی کورد، ئیبراهیم ئەحمەد، تەنها میراتگری ناوێکی گەورە نەبوو، بەڵکو درێژکراوەی مێژووییەکی درێژی هۆشیاریی و کاریگەریی خەبات و تێکۆشان بوو، نەک هەر ئەوە بەڵکو هێزێکی بەگوڕوتینی ساتە مێژووییەکانی بڕیارە چارەنووسسازەکانی کوردستان و عێراقش بوو.
ئەو لە نێو کۆشکەکانەوە دەستیپێنەکرد، بەڵکو لەچیاکانەوە . ژیانی ئەو  گەمەو گەشتێکی سیاسی نەبوو ،بەڵکو کاروانێک بوو پڕلە ئاستەنگ و ئاڵنگاریی نێو هەناوی ئازارو نەهامەتییەکان. هاوڕێ و هاوخەباتی رێبەرو سەرکردە، سەرۆک مام جەلال بوو، لە سەختترین ساتەکاندا پێکەوە بوون. ئەو نەک تەنها هاوژینێک، بەڵکو هاوبەشی پڕۆژە و خەبات و ناسنامەی گەلەکەی بوو. ئەو تەنها سێبەر نەبوو، بەڵکو روویەکی دیکەی ڕووناکی ئەو جەنگە بوو.
لە سەردەمی سەرکوتدا کاتێک دەنگی کورد دەخنکێندرا، هیرۆ سەرقاڵی نووسین بوو، بیریدەکردەوە، کاری ڕێکخستنی دەکرد و پارێزگاریی دەکرد، بەڕێوەبەری جومگە گرنگەکانی راگەیاندن و رۆشنبیریی بوو ، سەرپەرشتیاری چەندین کەیسی هەستیاری کرد کە بایەخ و گرنگییان هیچ کەمتر نەبوون لە وەزارەت یان دامەزراوەکان. هێزێکی نەرمی بونیاتنانەوە بوو لەو کاتانەی کە تفەنگەکان پێشڕەوییان دەکرد.
کاتێک سەرۆک مام جەلال وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرا، هیرۆ خان پێستی خۆی نەگۆڕی. نە چیاکان و نە رۆژە سەختەکانی خەباتی بیرنەچووەوە.
چووە نێو کۆشکی کۆمارییەوە نەک وەک خانمی یەکەمی وڵات کە بەدوای رۆشنایی و (فۆکس)دا بگەڕێت، بەڵکو وەک سومبلێکی نیشتیمانیی کە نوێنەرایەتی مێژوو، هەڵوێستێک دەکات. هەمیشە دەنگێک بوو بۆ پشتگیریی لە ژنان، منداڵان، کلتوور و دادپەروەریی. 
پێگەکەی بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی نەک بۆ بەدەسەتهێنانی تایبەتمەندیی کەسیی بەکارهێنا.
لە هەموو ئەو بوارانەدا، شێوازی تایبەتی خۆی پاراست: بێدەنگییەکی شکۆمەندانە. خەمی خۆدەرخستن لە ریزی پێشەوە نەبوو، بەڵام کاتێکش دەردەکەوت، هات و هاوارو ژاوەژاوەکان لە دەوروبەری بێدەنگ دەبوون، چونکە ئامادەبوونی درێژکراوەی مێژوویەک بوو کە لە رۆژێکدا نە دەکڕدرێت نە دروستدەبێت.
ئەمڕۆ، کاتێک مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد لە دەیەکانی دوایی دەخوێنینەوە، ناوی هیرۆ خان  نەک وەک بیرەوەریەک بەڵکو وەک ڕێچکەیەک دەخوێنینەوە. ئەو پەڕەیەک نییە لە کتێبێکدا بەڵکو ناونیشانی چەندین بەشی جیاجیایە. خۆراگرانە پشتگیریی کردو قوربانی دا. لەنێو کایەی سیاسی و رۆشنبیریی و میدیاییدا،وێڕای بێدەنگییەکەی جێپەنجەی بە روونی دەبینین، کێبڕکێ لەگەڵ کەسدا ناکات، بەڵام هەمووان ناچار دەکات ڕێزی لێبگرن.
هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەنها خانمی یەکەمی عێراق نەبوو، بەڵکو خانمی چیای قەندیل، وشەی راستگۆییانە، خانمی دیدگای کپ و هێمن کە کار دەکات و قسە ناکات. مێژووی کوردایەتیی بە خۆراگریی خانمانی کوردی خاوەن ئیرادەو سەرکردە خەباتکارو تێکۆشەرە راستەقینەکانی تۆمارکراوە. هێرۆ خان تاکو ئەمڕۆش، ئامادەبوونی لەنێوماندا هەرچەندە ئارام دیارە، بەڵام کاریگەرییەکی نەبینراوی لە یادەوەریی نەتەوەیەکدا تۆمارکردووە کە تائێستا بەچیای ئازادییدا هەڵدەزنێت.

 

وەرگێڕانی بۆ کوردی.. میدیای ئەلیکترۆنی، کەناڵی ئاسمانی کەرکوك

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP