شاره‌زایه‌كی یاسایی: له‌ ئێستادا کەیسی مووچه‌ی هه‌رێم لە دەستی سەرۆکی دادگاى فیدراڵیە

کوردستان
16:01 - 2025-06-22


مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا چاوەڕوانی فەرمانی سالاری دادگای باڵای فیدراڵی بوون بۆ ناردنی مووچە، نۆ دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشایەوە و کارەکانی دادگا پەکی کەوت، شارەزایەکی یاسایی رایدەگەیەنێت:" پێشتر دادوەرەکان بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە و کەیسەکە لە دەستی سەرۆکی دادگادایە".

عه‌لی ته‌میمی شاره‌زای یاسایی له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا  بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاندووه‌: " دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامەکان بەرێوەدەچێت، سەرۆک و جێگری سەرۆک و 7 ئەندامی هەمیشەیی".

" پەیڕەوی ناوخۆی دادگا بە دەق روونی کردۆتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی لە 9 ئەندام و سەرۆک و جێگرەکەی و 7 ئەندام هەمیشەیی پێکدیت، هەروەها 4 ئەندامی یەدەگ بۆ جێگرتنەوەی  ئەو ئەندامانە دانراون کە بەهەر هۆیەکەوە ئامادە نابن"، عه‌لی ته‌میمی وایوت.

ئەو شارەزا یاساییە روونیشی کردەوە:" فەرمانی سالاری بە پێی یاسا بڕیارێکی بەپەلە و کاتییە و پەیوەستە بە سکاڵایەکی پێشووترەوە، دادگاش فەرمانێکی کاتی بۆ دەردەکات، بۆ ئەوەی بڕیارەکەی پێشووی دادگا زیان بە هیچ لایەنێک نەگەیەنێت".

ئەوەشی خستەڕوو:" فەرمانی سالاری لە کاتی کۆبوونەوەی سەرجەم ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەردەچێت و سەرۆکی دادگا ناتوانێت بە تەنیا بڕیارەکە دەربکات ، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی رەها هەیە، واتە نیوە زائید یەک".

بڕیارەکە پێویستی بە ئیمزای سەرجەم دادوەرەکان هەیە
عەلی تەمیمی شارەزایی یاسایی ئاماژەی بەوەشدا:" ئەگەر سەرۆکی دادگا بڕیار بدات و  ئیمزای سەرجەم دادوەرەکانی لەسەر بێت، ئەوا دەتوانێت بڕیاری سالاری  بۆ بەردەوامی ناردنی مووچە دەربکات".

ئەوەشی خستەڕوو:" ئەگەر راوێژکردن لە نێوان ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی هەبوو، بەڵام دادوەرەکان ئیمزایان نەکردبوو، ئەوە ناکرێت فەرمانی سالاری دەربکرێت، چونکە پەیڕەوی دادگا روونی کردۆتەوە کە هەموو بڕیارە گرنگەکان بە زۆرینە دەردەکرێن، ئەگەر ئیمزا هەبوو، ئەوە دەکرێت فەرمانی سالاری دەربکرێت، بەڵام بە تەنها راوێژکردن ناتوانرێت فەرمانەکە دەربکرێت".


ناتوانرێت ئەم دۆخە بەردەوامی پێبدرێت
عەلی تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد:" کارەکانی دادگا وەستاون و دۆسیەی گرنگ هەڵپەسێردراون  کە پێویستیان بە یەکلایی کردنەوە هەیە، بۆیە ناتوانرێت دۆخەکە ئاوا درێژە بکێشێت".

ئەوەشی روونکردەوە:" دادگای باڵای فیدراڵی ئەو لایەنەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەند دەکات، ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەنجامەکان پەسەند نەکات، ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێت دەست بە ئەرکەکانی بکات، بۆیە پێموایە بابەتەکان چارەسەر دەکرێن و دادگای فیدراڵی ناتوانێت بەم جۆرە بمێنێتەوە".


عەلی تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگا پەسەند بکرێت، ئەوە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەری نوێ بۆ بۆ جێگرتنەوەیان کاندید دەکات، پاشان ناوەکانیان دەنێردرێت بۆ سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی فەرمانی کۆمارییان بۆ دەربکات".

کەیسەکە لە دەستی سەرۆکی دادگادایە
ئەوەشی خستەڕوو:" لیژنەیەکی هاوبەش کە پێکهاتووە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگای فیدراڵی و سەرۆکی دەستەی داواکاری گشتی و  لێپرسراوی چاودێریی دادوەری، ئەوان دادوەرە نوێیەکان هەڵدەبژێرن".

عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی ئەوەشی راگەیاند:" سەرجەم دادوەرەکانی دادگای فیدراڵی بۆچوونی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆکی دادوەری کرد، بۆ ئەوەی دادگا فرمانی سالاری دەربکات، بۆیە پێویست ناکات دادگا جارێکی دیکە کۆببێتەوە، بەو پێیەی سەرجەم دادوەرەکان بۆچوونی نووسراویان ئاڕاستەی سەرۆکی دادوەری کرد بۆ ئەوەی دادگا بڕیارەکە دەربکات".

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا دۆسیەکە بە تەواوی لە دەستی سەرۆکی دادگایە، بەو پێیەی هەموو ئەو دادوەرانەی کشاونەتەوە بۆچوونی پێشوویان لەسەر ئەو بابەتە خستووەتەڕوو".

ئەمە لەکاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 1ی6ی 2025 ،سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق تۆمارکرد، لەسەر نەدانی مووچەکانیان، داواشیان کرد، مووچە لەکاتی خۆیدا بەردەوام بێت و دادگا بڕیاری کۆتایی دەربکات و وەزارەتی دارایی عیراق پابەند بکات بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، کە هەردوو سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە خەرجکردن و یەکلاکردنەوەی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بەشێوەیەکی بەردەوام.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP