ئەنجومەنی وەزیران نامەیەكی سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریی بوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشیدا چەند بڕیارێكی دەركرد لەوانە، درێژكردنەوەی لێخۆشبوون لەسزای سەرپێچی هاتووچۆ بەڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكەو دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژەكانی پزیشكی گشتی لەسەر وەزارەتی تەندروستی.
جهختشیكردووهتهوه كه، ههرێم نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ و هیچ لایەنێك.
ئەمڕۆ 18-6-2025، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، ئاماژە بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا كراو جەختكرایەوە كە بە هەموو شێوەیەك بەردەوامبن بۆ چارەسەكردنی ئەم كێشەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، لەم رۆژانەدا ئەنجومەنی وەزیران، نامەیەكی بۆ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریی بوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە ناردووە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوەشكرا، ئەنجومەنی وەزیران هیوادارە دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەكەدا بڕیارێكی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵكی كوردستان بدات، بە تایبەتیش كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا رێز لە مافە دەستوورییەكانی بگیرێت و شایستە داراییەكانی بنێردرێت.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی كوردستان كردەوە كە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانكاری بووە و وەك هەمیشەش، فاكتەرێكی گرنگی ئاشتی و ئارامیی و سەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ و هیچ لایەنێك.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، پشتیوانیی هەموو هەوڵێك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە.
لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ، لێخۆشبوونی لە سزای سەرپێچی هاتووچۆ بە رێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە لە 7/1 تا 2025/12/31 پەسند كرد .
لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكی گشتیی پەسند كرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاكی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجومەنی گشتی راژەی راسپارد ڕێكاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP