درەنگانی شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی موشەکی بۆسەر چەندین ناوچەی ئێران کەشوێنی نیشتەجێبوونیشی تێدابوو دەستپێکرد، بەهۆیەوە چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانیی و زانای ئەتۆمیی کوژران، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و رایدەگەیەنن: نیگەرانن لەهێرشەکان داوای کشانەوە و هێورکردنەوەی بارودۆخەکە دەکەن.
بەریتانیا: لە هێرشەکان نیگەرانین
کیهر ستارمهر سهرۆك وهزیرانی بەریتانیا رایدەگهیەنێت :"ههواڵهكان سهبارهت به هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سهر ئێران و راپۆرتەکان جێگای نیگهرانیی بوون".
راشیگەیاند:"داوا له لایهنهكان دهكەین ههنگاو بهرهو دواوه بنێن و بهپهله گرژییهكان كهمبكهنهوه".
سهرۆك وهزیرانی بریتانیا هۆشداریش له ههڵگیرسانی جهنگی فراوان لهناوچهكه دهدات و دهڵێت:"زیادبونی گرژیهكان خزمهت به هیچ كهسێك له ناوچهكهدا ناكات".
ناتۆ
سکرتێری گشتیی ناتۆ: هێرشەکان دەبێتە هۆی خێرا زیادبوونی گرژییەکان، پێویستە کەمکردنەوەی ئەو گرژییانە کاری لەپێشینە بێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی تێکهەڵچونە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و رایگەیاندووە، "نیگەرانن لە رەفتارەکانی سوپای ئیرائیل، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دانوستانی ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئارادایە".
فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە هەردوو وڵاتەکە دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و دووربکەونەوە لەوەی بکەونە ململانێی قوڵ و رەوشێکەوە کە ناوچەکە بەرگەی ناگرێت.
عومان
عومان کە نێوەندگیری ئێران و ئەمریکایە لە دانوستانە ئەتۆمییەکەدا ئیدانەی هێرشەکە دەکات و ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان هەبێت بۆ راگرتنی ئەو شەڕە کە هەڕەشەیە بۆسەر رەوتی دیپلۆماسی و سەقامگیری ناوچەکە.
فەرەنسا
"گرنگە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئەو وڵاتانە بکرێت لە ئارامکردنەوەی رەوشەکەدا و ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ ئەوە، نیگەرانی جدیمان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەیە"
ئیمارات
"هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە. جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، خۆڕاگریی و پابەند بوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتەکان بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانە"
سعودیە
"هێرشەکانی ئیسرائیل بەزاندنی سەروەری خانکی ئێران و ئارامییەتی، هەروەها پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە"
ئیندۆنیزیا
وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا: داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن، هێرشەکان گرژییەکان قوڵتر دەکاتەوە و مەودای ململانێکانیش فراوانتر دەکات.
سوید
وەزارەتی دەرەوەی سوید: ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات رەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات. وڵاتان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران نابێت پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.
هۆڵەندا
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا: نیگەرانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین.
یابان
وەزارەتی دەرەوەی یابان: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەبنە هۆی تێکچوونی رەوشەکە، جێگای داخە کە ئامرازی سەربازی بەکاردەهێنن.
چین
"دژی پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئێرانین"
عیراق
حکومەتی عیراق: هاوسۆزیمان بۆ گەلی ئێران هەیە.
تورکیا
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: ئەو هێرشانە دەکرێت ببێتە هۆکاری زیاتر فراوانبوونی ململانێکان.
کاردانەوە ناوخۆییەکانی ئێران
سوپای پاسداران
وەک سەرەتای کاردانەوەکان بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی خۆیان دەزانن و بەمزووانە هێرش دەکەنەوە سەر ئیسرائیل.
لە هەژماری رەسمی خۆشی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: لەبیرتان بێت، ئێمە دەستپێشخەریمان نەکرد.
عەلی خامنەیی
عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران: ئیسرائیل چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازاری بۆ خۆی ئامادە کرد و بە دڵنیاییەوە وەریدەگرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ئێستا کاتی تۆڵەسەندنەوەیە و بە هەموو ئامرازێکی بەردەستمان تۆڵە دەکەینەوە، واز لە زایۆنییەکان ناهێنین، ئەو چیرۆکە تەواو دەکەین کە دەستیان پێ کرد، وەڵامێکی ئازاربەخشیان دەدەینەوە، پەشیمانی چاوەڕوانیان دەکات.
حکومەتی ئێران
"دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران یاریكردنە بە كلكی شێر، ئەو دەسەڵاتە ناشەرعییە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەك نییە".
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، رەنگە تاران بەشداری لە دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران نەکات، کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران، خولی حەوتەمی دانوستانەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەبچێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP