بەغدا مووچەی مانگی 5ی هەرێمی کوردستانی رەوانەکرد

کوردستان
09:24 - 2025-07-24


وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: "تەمویلی مووچەی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و سبەى هەینى دەستبەدابەشکردنى مووچە دەکرێت".
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: "بڕى نۆ سەد و حەفتاو چوار ملیارو هەشت سەدو سیانزە ملیۆن  دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".
هەر لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "سبەى هەینى 25ى7ى2025  دەستبەدابەشکردنى مووچە دەکرێت".
رۆژی 22ی7ی2025، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی(120،000،000،000) سەدو بیست ملیار دیناری وەك داهاتی نانەوتی لە بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی (2025)، بەشێوەی كاش خستە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.          
ئەمەش لە كاتێكدایە نزیكەی 90 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە بڕیاربوو دوێنێ وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی ئایار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام نەبوونی پارەی كاش لەبەردەست وەزارەتی دارایی عیراق  ناردنی مووچەی بۆ ئەمڕۆ دواخست.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP