ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٥/٧/٢٤، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندييهكانى فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیيەکانی ناوچەکە بەگشتی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش باس کران، هەروەها دۆسییەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم، جەختی لە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەورەها ڕۆڵی فەرەنسای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاریکاری و یارمەتییە سەربازییەکانیان، بەتایبەتیش مەشق و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە بەرز نرخاند.
کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لەگەڵ دوایین گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی سوریا و گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکان بوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP