بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی دانوستاندنکاری پارتی و
یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆببنەوە.
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند،
"لە کۆبوونەوەی رابردوودا، یەکێتی و پارتی بڕیاریان دابوو ئەم هەفتەیە کۆببنەوە."
ئەو بەرپرسە دەڵێت، "کۆبوونەوەی یەکێتی و
پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێت، دوای یەکلاییکردنەوەی بابەتی مووچە و کێشەکانی
نێوان بەغدا و هەولێر، بڕیارە پرسی سەرەکی پێکهێنانی کابینەی نوێ بێت."
بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەو بەرپرسە وتی، "هەموو هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە،
تاوەکو پێش هەڵبژاردن کابینەی نوێ پێکبهێنرێت."
ئەم کۆبوونەوە یە لەکاتێکدایە پێشووتر کۆبوونەوەی
لووتکەی نێوان یەکێتی و پارتی رۆژی 14ـی تەممووز بە ئامادەبوونی سەرۆک بافڵ جەلال
تاڵەبانی، مەسعود بارزانى سەرۆکى پ.د.ک لە پیرمام بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکی
هاوبەشدا رایانگەیاند، "هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری
کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان دەڵیت ، "ئەم هەنگاوە ئەرێنییە و دەتوانێت یارمەتیدەرێکی
باش بێت بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت
و دەستبەکاربوونی پەرلەمان."
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی مەرج و داواکارییەکانی
یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڵیت، "دەمانەوێ لە هەموو جومگەکانی ئەم دەسەڵاتەدا
بین. نابێ برادەرانی پارتی وا بزانن کە دەبێ لەژێر ناوی بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەماندا
دەسەڵات بۆ خۆیان تاپۆ بکەن. دەبێ دەسەڵات هی هەردوولا بێت."
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک
نەهێندراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP