هێرۆ خان ..حزبایەتی لە تەنگانەدا

ستران عەبدولڵا
08:52 - 2024-06-12



هێرۆ خان هاورێی ژیان و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلالە، بۆیە ڕەهەندی تێکۆشانی سیاسیی وی مەعلومی هەمووانە. بەڵام بەشی زۆری کارکردنی هێرۆخان لە ڕەهەندە فراوانەکەی سیاسەتی نیشتمانیی و نەتەوەیی دا تەرخانی کەلتور و هونەر و میدیا و چالاکی کۆمەڵایەتی و پرۆژە ستراتیژە مرۆڤدۆستانەکانی بوو،
حزبایەتی ئاشکرا و راستەوخۆی ئەو کاتە دەرکەوت و تۆخبۆوە کە لەسەردەمی تەنگژەکاندا هاتە سەرخەت و نەترسانە و بوێرانە داکۆکی لە یەکێتیی و حزبایەتی راستەقینە کرد، بەتایبەتی ئەو کاتەی پیلانگێڕی گەورە لەسەر یەکێتیی تەنگی بە سیاسەت و کوردایەتی هەڵچنیبوو و ئینجا مام جەلالیش بەهۆی نەخۆشییەوە لە پشووی جەنگاوەریدابوو، زۆر بوون ئەوانەی فاتیحایان بۆ نەمانی یەکێتیی دەخوێند و زۆر مودەعی تێزی بەدیلی یەکێتیی و مام جەلالیان دەخستە بازاڕەوە. جا ئەو کاتە هەبوون لە سامانی ماددی و مەعنەوی یەکێتیان دەخوارد و بە کاریان دەهێنا کەچی پێیان شەرم بوو ناوی یەکێتیی بێنن یان دوو قسەی خێری بۆ بکەن، بە ناوی دیموکراتی و باقوبریقی ترەوە گاڵتەیان بە نەریتی حزبایەتی و شانازی حزبی دەکرد. گوایە حزبایەتی تەسک باوی نەماوە و شەرمە شەڕە پەرۆی بۆ بکەیت. ئا لەو تەنگانەدا هێرۆ خانی حریفی حزبایەتی و دڵسۆزی یەکێتیی بوون دەرسی پێشکەشکرد و دەرکەوت. جگە لە داکۆکییە رەسەن و جەوهەرییەکانی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی لە ئاماژە و ئاڵا و لۆگۆشدا هەمیشە سەربەرزی و سەرفرازی یەکێتیی زەق دەکردەوە. جلی سەراپای سەوز و یەکێتیانەی دەپۆشی و تەنانەت ئۆتۆمبیل و کەرەستەکانی ڤلێکس و قەڵەمیشی سەوز دەکرد. زۆربەمان چالاکییەکانی ئەو کاتەی لە بیرە کە لە کەمپینی هەڵبژاردن و جۆش و خرۆشی جەماوەریدا ئەم جلو بەرگانەی دەپۆشی .
هێرۆ خان هیچ مەجبور نەبوو دوای ئەو مێژووە گەورەی خەباتی سیاسیی و شۆڕشگێری و پێشمەرگایەتی خۆی و دوای ئەوەی هەموو یەکێتیی بە دادە و خوشکی گەورە و مامۆژن بانگیان دەکرد و حورمەتی هاوشانی مام جەلالی هاوسەنگەری هەبوو ، ئەم ئاماژە حزبیانە پەیڕەو بکات. بەڵام تینوتاوی کوردایەتی و تێگەیشتنی قووڵی لەسەر رۆڵی مێژوویی یەکێتیی و رۆڵی بەهاداری حزبایەتی لە تەنگژەکاندا ئەنگێزەی سەوز پۆشی و حزبایەتی
بەرچاوی هەڤاڵ هێرۆ بوو.
ئەو لە تەنگژەدا خۆی لە ئەرکی سەرشان نەشاردەوە و ئازایانە و ژنانە و دادانە هاتە کۆڕی سەوزەوە.
بەمەش دەرس و وانەیەکی مەزنی حزبایەتی نیشان داین کە لە تەنگژەدا بێیتە جواب و لە شێنەییدا فراوانتر و نەتەوەیی بڕوانیت.
ئەم وێنەیەی هێرۆخان وێستگەی حزبایەتی ئازایانەی ئەو لە ناو یەکێتیی و کوردایەتی دەردەخات.
بەو بۆنەیەوە یادی لە دایکبوونی پیرۆز بێت و تەمەنی بۆ کورد و یەکێتیی پڕ بەرەکەت بێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP