لەنێوان ئەمین عام و سەرۆک وەزیراندا

سۆران داودی
16:22 - 2024-10-10

لە گرمەی هەڵمەتی  یەکەم خولی هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستاندا  لە ساڵی ١٩٩٢  هەر حیزب و لایەنێک دروشمی تایبەتی خۆی  بەرز کردبوەوە،  لەو هەڵبژاردنە  ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان  دروشمی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بە پشتیوانی رژێمی ئەوسای سەدام حوسێن جەختی لەسەر دەکرد، کە ئەو کات ئاشکراو روون بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان ژێر بەژێر  رێککەوتنی لە گەڵ رژێمدا کردبوو  بە هیوای دوای ئەوەی گەر لە هەڵبژاردن بردیانەوە هەموو  ئەو خاڵانە جێبەجێدەکەن کە ئیمزایان کردبوو، هەر لەم چوارچێوەیەدا رژێمی سەدام هاوکاری و یارمەتییەکی زۆری پارتی کوردستانی دەدا، تا کار گەیشتە ئەوەی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنیان لە دهۆک بۆ دابمەزرێنن  کە ئەو کات یەکێتی نیشتمانی کوردستان خاوەن  چەندین کەناڵی  تەلەفزیۆنی خۆی بوو،  بەڵام پارتی لە رادیۆ زیاتر هیچی نەبوو.

لە بەرامبەر دروشمەکەی پارتی یەکێتی دروشمی فیدراڵییەت و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کردبووە ستراتیژی  هەڵمەتەکەی و نەخشە رێگای هەموو بۆچونەکانی .

ئۆتۆنۆمی بە مانای ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزی لە بری حکومەت و پەرلەمان دەبوو هەروەها وەزیرەکان دەبوون بە ئەمین عام و سەرۆکی حکومەتیش بە سەرۆکی مەجلیسی  تەنفیزی و سەرۆکی پەرلەمانیش  بە سەرۆکی تەشریعی .

ئەوەی لە کۆتاییدا روویدا بۆچونەکانی یەکێتی  سەری گرت و ستراتیژێکەی یەکێتیش وەک واقعێکی سیاسی لە هەموو بوارەکاندا بەرجەستە بوو ،جەختکردن و پێداگیری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر سیستمی فیدراێیەت و  ناچارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ  پیادەکردنی ئەو سیستەمە  بووە هۆی ئەوەی  لە ٤ی تەموزی ساڵی ١٩٩٢ یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی  دکتۆر فوئاد مەعسوم  دامەزرا، بەو هەنگاوەش خەونە لە مێژینەکەیی دەیان ملیۆن کورد لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان هاتە دی کە ئەندازیارە راستەقینەو سەرەکییەکەی  یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو  کە  لە دوو ئاستدا بە بارودۆخێکی دژوار  تێدەپەڕی،  لە ناوەوەی کوردستان ململانێی لەگەڵ پارتی کوردستاندا دەکرد،  لە دەرەوەش جگە لە هێزە دەرەکییەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوسای عیراق ململانێیەکی سەختی بەسەردا سەپێنراوبوو کە حکومەتی بەعس کاری بۆ بێهێزکردنی  یەکێتی دەکرد بەرامبەر بە پارتی تەنانەت لە بازگەکانی عیراق بەو خەڵکانەی دەگەڕانەوە کوردستانیان دەوت دەنگ بە پارتی بدەن تا هێرش نەکرێتە سەرتان و لەلایەن سەرانی بەعسەوە  پارتی بە حزب (السلام) ناودەبرا .

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕوانگەی ئەوەی حیزبێکی مۆدێرنی هاوچەرخ بوو، بۆیە هەمیشە کاری بۆ بەدیهێنانی  ژیانێکی هاوچەرخ و نوێی بۆ خەڵکی کوردستان دەکرد، هەر بۆیەش  یەکێتی نیشتمانی کوردستان  بە داهێنەری چەمکی سیاسی و  ئیداری  فیدراڵیەتە لە کوردستاندا  کە بە هەنگاوێکی دیکەو نوێی خەباتی سیاسی هەژمار دەکرێت لەکاتێکدا  زۆربەی لایەنە سییاسیەکانی کوردستان بە پارتیشەوە  دژایەتی فیدراڵیەتیان دەکردو پێیانوابوو کە زلهێزەکانی ناوچەکەو حکومەتی عیراق رێگەنادەن ئەم سیستەمە جێبەجێ بکرێت و دژاتی دەکەن و بە بۆچونی ئەوانیش کورد توانای بەرەنگاربوونەوەی نییە ، بەڵام یەکێتی خۆراگر بوو بەکاری سیاسی و دیبلۆماسی هەنگاوی دروست و واقعیانە توانی دۆخەکە تێپەڕێنێت و کوردستان بگوازێتەوە قۆناغێکی نوێ.

وێستگەکانی سەرکەوتن و دەستپێشخەرییەکانی یەکێتی نیشتمانی لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی سەربازی و سیاسی و ئیداریدا روون و ئاشکران, لە   مەسەلەی دامەزراندنی  زانکۆی سلێمانی و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ و پاشان راپەڕین کە هەرهەموویان زادەی بیرو کاری یەکێتی بوون .

یەکێتی ئەو هێزەیە  کە توانای گۆڕینی هاوکێشە قورسەکانی هەیەو سەرکردایەتی زۆربەی قۆناغە کانی خەباتی کردووە، بۆیە ئێستاش لەم بارودۆخەی کوردستاندا تەنها هێز یەکێتی نیشتمانی کوردستانە دەتوانێت تەکانێکی راستەقینە بە  رەوشەکە بدات و تەنها سەرۆکیش  سەرۆک بافڵ-ە کە دەتوانیت  رێڕەوی دەسەڵات راست بکاتەوەو  جارێکی دی متمانەی خەڵک  بە دەسەڵات بگەڕێنێتەوە،  بۆیە سەرکەوتنی لیستی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا پێویستیەکی قۆناغەکەیە تەنهاش یەکێتییە  بتوانێت گەلی کوردستان بگەەنێنە کەناری ئارامی . 


Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP