هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام

عیماد ئەحمەد
16:21 - 2024-10-12

زۆرمان نەماوە بۆ گەیشتن بە رۆژی دەنگدان 20 / 10 / 2024، ئاشکرایە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سندوقەکانی دەنگدان سەنگ و قورسایی لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆرەپانەکە و شێوازی نوێی حوکومرانیی لە هەرێمی کوردستان دەردەخات. 

کورد وتەنی ئەمجارە مانگەشەو سەر لە ئێوارەوە دیارە، پشت بەخوا چاوەڕوانکراوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنێت، بەجۆرێک دۆستەکان دڵخۆش و نەیارەکانی توشی شۆک بکات. بەمەش یەکەمین چرکەساتی گۆڕینی سیستمی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەبینن.
 پشتیوانی ئەمجارەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی پۆڵاینی یەکێتییەکان وادەکات، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەوڵی یەکلاکەرەوە بدات بۆ چارەسەرکردنی  قەیرانە  سیاسی و داراییەکانی هەرێم کە لە سۆنگەی حوکمڕانیی خراپ و خۆسەپێنەوە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، بەمەش وا چاوەڕواندەکرێت جارێکی دیکە لەسەردەستی یەکێتی، هەرێمی کوردستان بۆ کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و  بەردەوامیی دیموکراسیی بڕوات.

یەکێتیی نیشتیمانیی لە رۆژی دامەزراندنیەوە تاکو رۆژگاری ئەمڕۆ وەکو داربەروویەکی پتەو کە رەگی داکوتاوە لەسەر شاخەکانی کوردستان، وەکو دارخورما کە لە ناوچەی گەرمەسێردا، راست و باڵا بەرز، سێبەر و بەرهەمی خەباتی پیرۆز و شیرینی خۆی بۆ هەمووان دابین دەکات.
بەندە رۆژانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەم وەرزە دیموکراسییە، وەک وەرزی پێگەیشتنی خورما وەک ساتەوەختی( سەرام )و (زگاری ) باخەکانی خانەقی و گەڕەکی جەلەوە و دنیا تایبەتەکەی خۆم دەبینم، وەکو کەرنەڤاڵی نیشتیمانیی دەیبینم کە پێکەوە بە هۆشیاریی نیشتیمانیی و بە خۆشەویستیی یەکێتیی و بۆ سەرکەوتنی کوردستان ئەنجامی دەدەین. 
هیوادارین ئەم کەرنەڤاڵە دیموکراسی و ئەم پڕۆسە سیاسییە گرنگە بەبێ کێشە و کەموکوڕی بەرێوەبچێت و هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی هەرێمەکەمان لە مەترسی و پیلانگێریی رزگار بکات و متمانەی خەڵکی کوردستانیش بۆ نوێنەر و قەوارە سیاسییە راستەقینەکانی بگەڕێنێتەوە.

هەڤاڵانم ...وەرن بۆ سەرام، وەرن وا، وادەی لێکردنەوە و تەکاندنی خۆشە خورمای دارخورماکانە. وەرن بۆ زگار  و هەرەوەرزی خورمای دیموکراسیی حزبەکەتان. وەرن بۆ کۆکردنەوەی خورمای هەڵڕژاوی دەنگەکانی ژێر دارخوماکانی یەکێتییەکەتان، کە بە فکر و  تێکۆشانی سەرۆکی رەوانشاد مامجەلال و بەخوێنی شەهیدان و رەنج و ئارەقەی تێکۆشەران و کۆششی ئێستای گەنجان و ژنان و زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئاودراوە. 
هەڤاڵان ..،هیمەت بکەن، ئێستا وادەی سەرام و زگاری و چنینەوەی بەرهەمی پڕ خێر و بەرەکەتی خەباتی راست و رەوای یەکێتییی نشتیمانیی کوردستانە بۆ هەمووان.

یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان لە خەباتی دوور و درێژی پڕ لە شانازیی شاخ و شاری خۆیدا، هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە بەڵام  سوپاس بۆ خودا، کە بەردەوام دەرفەتی پێدراوەتەوە سەربەرزانە درێژە بە خەباتی نەپساوەی خۆی بدات، لە پێناو هێنانەدی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان.

بێگومان لەم پرۆسە و دەورانەشدا دڵنیاین،  بەهیمەتی شێلگیرانەی یەکێتییەکان و پشت ئەستور بە رێبازی راست و دروستی مامجەلال و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک،  یەکێتیی دەتوانێت مەڵۆیەکی دیکەی مایەی هیوا بخاتە سەر خەرمانی خزمەت و چاکسازیی و بنیاتنانی حوکمڕانیی رەشید لە کوردستاندا.

هەڤاڵان ...وەرن بۆ نێو ریزەکانی یەکێتی وەرن بۆ سەرام، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، چونکە بێ دوو دڵی لەگەڵ یەکەمین چرکەساتەکانی سەرکەوتندا و دوای دەرکەوتنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەم جارە، یەکێتی هەڵسەنگاندنێکی واقیعی و زانستی بۆ گشت دامودەزگاکانی خۆی دەکات و رێسای رەوای پاداشت و سزاش دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و خەڵکی دڵسۆز و بەوەفا و ماندونەناس لەگەڵ خەڵکی مشەخۆر و بێباک ناخاتە یەک تای تەرازوو، بەمەش یەکێتی زیاتر خۆی نوێدەکاتەوە و دەرفەتی دەبێت کەسانی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێت و وەک هێزی هیوا بەردەوامیی بە خەباتی راست و رەوای خۆی دەدات لە پێناوی ئێستایەکی باشتر بۆ  گەل و داهاتویەکی شایستەتر بۆ  نیشتیمان.     




Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP