لێدوان و قسە و پەیامی بەرپرسە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژانی بانگەشەو پاشانيش لەدوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان ،کە دەیانگوت : (یەک حكومەتی سەرتاسەری ، یەک هەرێمی کوردستان ).لەلایەن جەماوەری کوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە وەکو هەڵوێست و هەنگاوێکی نوێ وئەرێنی خوێندنەوەو لێکدانەوەی بۆدەکرا،کە ئەم هەنگاوە وەکو کرانەوەو دەست پێشخەرییەکی نوێ ببێتە فاکتەری کۆتایی هێنان بە فکری دوو ئیدارەیی و جیاوازی نێوان شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ،کۆتایی هێنان بەوجیاکاریەی کەلە نێوان هاوڵاتیان دەکرا لەسەر ئینتیمای سیاسی و حزبی، بەڵام لەدوای ئەو هەڵوێستە نوێیەی پارتی، لە هەولێری پایتەخت هەندێ بریاری رەسمی دەرکران کە نارێک و پێچەوانەی ئەو پەیام و هەڵوێستە نوێیەی پارتی بوون، کۆمەڵێک پرسیارو تەفسیرو گومان و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
- بۆنمونە ،لەهەولێری پایتەخت کاتێ دەرگای بارەگای نوێنەرایەتی هەدەپە بەرەسمی داخرا، تیمەکەیان رەوانەی شاری سلێمانی کرا ! لێرەدا قسە لەسەر هۆکاری داخستنی بارەگاکە ناکەین ،بەڵکو دەخوازین قسە لەسەر ئەوە بکەین کە بۆچی تیمی هەدەپە رەوانەی سلێمانی بکرێت ؟!. لای هەموان مەعلومە لەسەر ئاستی جیهان و لە بواری دیپلۆماسیدا ، کاتێک حكومەتی وڵاتێک تیمێکی دیپلۆماتکارانی وڵاتێکی دیکە لەبەر هەر هۆکارێک بێت دوردەخاتەوە، رەوانەی وڵاتەکەی خۆی دەکاتەوە ،نەک لەشارێکەوە بۆ شارێکی دیکەی هەمان وڵات دوربخاتەوە.
- دووەم: وەک هەندێ لە رۆشنبیرو میدیاکاران و چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەگەر مانەوەی تیمی هەدەپە لەهەولێر مەترسی بێت بۆسەر هەرێم ، ڕەوانەکردنیشیان بۆسلێمانی هەر مەترسی بۆسەر هەرێم دروست دەکات ، ئەگەر مانەوەیان لەهەولێر کارێکی نایاساییە ،ئەوا مانەوەیان لەسلێمانیش بەهەمان شێوە کارێکی نایاسایی دەبێت ، بەهەر پێودانگێک بێت ئەمەی ئیدارەی هەولێر کردوویەتی بۆ هەر مەبەستێک بێت ، دەکەوێتە خانەی تۆخکردنەوەی مەیلی دوو ئیدارەیی و رەنگرێژکردنەوەی توخبەکانی نێوان هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد .
- لەلایەکی دیکەوە، لەبریارێکی دیکەی ئیدارەی هەولێردا و بەنوسراوێکی نهێنی و تایبەت و بەئیمزای بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم ، فەرمانی کارگێری دەرکراوە بۆ گواستنەوەی مفەوزێکی پۆلیسی ناوخۆ لەشاری زاخۆ بۆ قەزای کۆیە بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت ، بەبێ ئەوەی داوای گواستنەوەی کردبێت ، بەبێ ئەوەی هیچ کەمتەرخەمی و سەرپێچیێکی کردبێت ،تەنها لەبەر ئەوەی لەخێزانێکی یەکێتین !. سەیرەکەش لەوەدایە کەنوسراوەکە بەنهێنی و تایبەت لەهەولێرەوە بۆکراوە !.ئەمەش ئەو گومانە لەراستییەوە نزیک دەکاتەوە کە مەیلێکی نوێ هەبێت بۆ تۆخکردنەوەی روخساری دوو ئیدارەیی لەهەرێم .
- لەم سەروبەندەدا لەسەیتەرەی سەر پردی قەندیل ی زێی گەورە (زێی بادینان) رێگری لە کادرێکی دیاری کۆمەڵایەتی یەکێتی کرا کە بچێتە ئاکرێ و پێیانی راگەیاندووە کە ئەمە ئەمرەو رێگات پێنادەین بچیتە ئاکرێ و دەبێ بگەرێیتەوە سلێمانی . ئەم رووداوەش هاوشێوەی تیمی هەدەپەیە ،چونکە ئەگەر ئەو هەڤاڵە مەترسی بێت بۆسەر ئاکرێ ،ئەوا مەترسیش دەبێت بۆ سەر سلێمانی .
- هەندێ لە چاودێران پێیان وایە کە پارتی بەم رووداوانە پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و پێیان دەڵێت ئەگەر پێشهاتەکانی دوای هەڵبژاردنەکان بەدڵی ئێمە نەبێت ،مەیلی ئێمە بۆ توخکردنی روخساری دوو ئیدارەیی زیاتر دەبێت و ئامادەین سەرلەنوێ توخبەکانی نێوانمان رەنگ رێژبکەین، ئەمەش نەک هەر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشکەرنابێت ،بەڵکو بە ئاماژەیێکی مەترسیدار و پێشهاتێکی نوێ دەبینرێت .
*لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP