واز لەكەركوك بێنن خۆی خوێنی لێدەچۆڕێ.
ئەوەی لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا ڕویدا چاوەڕوانكراوبوو بۆ كورد، ئەوەی چاوەڕوانكراو نییە و نەبوو، ئەوەیە بەشێك لە میدیاكانی پارتی بەجۆرێك ڕووماڵی ڕووداوەكان دەكەن لەبری پیشەیی بوون، نەوتی زیاتر دەكەن بەو ئاگرەدا، چی ئاگرێك ئەو ئاگرەی نزیكەی نیوو سەدەیە ناخی كورد دەسوتێنێ، چ سوتانێك كە هاوشێوەی گڕكانێكە لەناخی ئەم میلەتە ستەم دیدەیادا، بەڵام بۆ كەركوك و كەركوكییەكان و بەتایبەت جوتیارانی ئەو گوندانەی زەوییەكانیان بە بڕیارێكی بەعسی ڕووخاو داگیر كراوە و زەوتی خاوەنداریەتی كراوە هەموو چركەیەك بڵێسەی ئەو ئاگرە زیاترو زیاتر دەبێت.
ئێستا وە لە دووای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێ، كەركوك خاوەنی پارێزگارێكی سەنگین و جێمتمانەی كەركوكییەكانە، بە هەوڵە حەكیمەكانی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی كوردی ئەوشارە بەش مەینەتە و بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغداد، خەریكن بە یاسا و بەڕێگەیەكی ئاشتیانە ڕەگ و ڕیشەی زوڵم و زۆری چەندین دەیەی ڕابردوو هەڵەتەكێنن و ماف دەگەڕێننەوە بۆ خاوەن ماف و جوتیارانیش سرودی خوایە وەتەن ئاواكەی بەدەم چاندنی زەوییەكانیانەوە دەچڕن، بۆیە ئێوە كە باش دەزانین بۆچی دەهۆڵی تێكدانی ئەو یاسایە دەكوتن لەڕێگەی ڕاگەیاندن و لێدوانە نا مەنتقەكانتاوە تەنیا دەتانەوێ سەر نەگرێ چونكە پێدەچێ سەفەقاتی ژێر بە ژێرتان لەگەڵ هاوسۆزە سونە كانتان و قارداشمەكانی دۆستتان هەبێت، چونكە هەموو میدیاكانتان بەجۆرێك خستووەتە خزمەتی ئەو ڕووداوەی دوێنێوە كە بەهیچ جۆرێك خزمەت بە دۆزی كورد و كەركوك و كەركوكییەكان ناكات.
ئەوەی ڕوویدا، لە ناخەوە ئازاریداین و برینی ئەنفال و كیماباران و زیندە بەچاڵكردن و شەهیدانی كولاندینەوە، بەڵام قۆناغەكە گۆڕاوە دەبێت ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێم و بەغداد هەیە حەكیمانە چارەسەربكرێن لە ڕێگەی یاساوە، ئەگەر ئەوە بۆهەرێم ڕاست بێت، دەبێت لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كورد و حیزبە سیاسییەكانی كورد زۆر ژیرانەترمامەڵە لەگەڵ هەر ڕووداوێك بكەن كە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ڕوودەدات، بە بڕوای من دەبێت وەك یەكێتیی نیشتمانییی كوردستان و میدیاكانی بەشێوەیەكی كورد پەروەری و پاراستنی مافەكانی كورد هەنگاو بنێت، نەك وەك بەشێك لە میدیاكانی پارتی فووی زیاتر لە ئاگرەكە بكەن، بەو پەڕی بڕواوە دەڵێم ئەگەر خزمەت بە كەركوك و كەركوكییەكان ناكەن لێیان گەڕێن با خوێنی زیاتریان لێ نەچۆڕێ و لە مافەكانیشیان زیاتر دوور مەخەنەوە.
ئەگەر زۆریش خەمی خەڵكی كەركوك و جوتیارەكانی ئەو شارە بەش مەینەتەن، بڕۆن ماڵەكەی وەزیری بەگری عێراق لە هەولێرەكەتان دەركەن، چونكە ئەو میوانێكی ڕەزاگرانە، نەك مانگرتووان و مامۆستایانی سلێمانی، بەڵام ئێوە ناتانەوێ حكومەتی خۆجێی كەركوك سەركەوتوو بێت و خەڵكی چەوساوەی كەركوكیش مافەكانیان وەرگرنەوە، ئەوەی دەیكەن تەنیا فرمێسك ڕشتنێكی تیمساحییەو بەس.
پێشڕەو مەلاوەیسی
ڕۆژنامەنوس و میدیاكار
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP