پێدەچێت تورکیا بچێتە قۆناغێکی سیاسیی زۆر هەستیارەوە، تیایدا ناکۆکی و گرژی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە دەتوانین بڵێن مریشکە رەشە. ئەم ململانێیە هەڕەشە لە دووبارە دامەزراند و داڕشتنی تەواوی سیستمی سیاسی دەکات.
ناڕەزاییە گشتییەکانی ئێستا، خاڵێکی وەرچەرخانی ستراتیژین کە قەیرانێکی قووڵ لە سیستمی سیاسیی تورکیا ئاشکرا دەکەن، زۆر لەوە زیاترن کە تەنیا کاردانەوەیەک بن بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو.
ماوەیەکی درێژە سەرۆکی تورکیا هەوڵی چڕکردنەوەی دەسەڵاتی لە دەستی خۆیدا داوە، هەروەها بەکارهێنانی ئامڕازە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی. ئەو بە سەرکەوتوویی دادگا و سیستمی یاسایی کردووەتە ئامرازێکی سیاسی کە خزمەتی ئامانجەکانی خۆی دەکات، کە ئەمەش رەخنەی قووڵی سەبارەت بە داهاتووی دیموکراسی لە تورکیا دروست کردووە.
بە پێچەوانەوە، ئۆپۆزسیۆن - بە تایبەتی پارتی گەلی کۆماری- وەک هێزێکی سیاسیی کارامە دەرکەوت، سوودمەند لە سەرکەوتنی لە شارە گەورەکان وەک ئیستانبوڵ و ئەنقەرە. ئەم سەرکەوتنە خاڵێکی وەرچەرخانی ستراتیژی بوو کە هاوسەنگی هێزی لە نێوان لایەنەکان دووبارە گۆڕی.
تورکیا خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی بە خۆیەوە بینی ، کە تیایدا زیاتر لە 1100 کەس، لەوانە چالاکوان و رۆژنامەنووس، دەستگیر کران. چاودێران پێیانوایە ئەم ناڕەزایەتییانە زۆر لەوە زیاترن کە تەنیا کاردانەوەیەک بن بۆ دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغلۆ، بەڵکو دەربڕینی ناڕەزایەتی گشتی بوون دژ بە دەسەڵات و ئەو سیستمەی دەویسترێت لە تورکیا پەیڕەو بکرێت.
تورکیا رووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستی ئاڵۆز بۆتەوە، لەوانە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و ناسەقامگیری ئابووری، سنووردارکردنی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، زیادبوونی جیابوونەوە و جیاوازی کۆمەڵایەتی و گومان لە دروستی دامەزراوە دیموکراتییەکانی دەوڵەت.
وڵات ئێستا لە چوارڕیانێکی هەستیاردا وەستاوە، کە تیایدا ئەم گریمانانە دێنە بەرچاو:
1- سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە بەدیهێنانی گۆڕانکاری بەرەوپێش بە گوشاری گشتی و سندوقەکانی دەنگدان.
2- بەردەوامی هەژموونی سیاسیی ئێستا لەگەڵ زیاتر سنووردارکردنی ئازادییەکان.
3- بەرزبوونەوەی ئاستی جیابوونەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەکات.
بۆیە ئەمە قۆناغێکی مێژوویی گرنگە لە تورکیا. ململانێی نێوان دوو پارت نییە، بەڵکو نێوان دوو بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە.
یەکەمیان بانگەشەی چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی حوکمڕان دەکات، ئەوی تریان بانگەشەی فرەڕەنگی و دیموکراسی راستەقینە دەکات. ئەنجامی ئەم ململانێیە، چارەنووسی تورکیا بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری دەکات.
ئەم قۆناغەی ئێستا پڕ لە بەربەست و گرژییە، لە کاتێکدا هەر لایەنە و هەوڵی ئەوە دەدات کە ململانێکە لە قازانجی خۆی بباتەوە، چ لە شەقام، چ لە سندوقەکانی دەنگدان، یان لە دادگا و دامەزراوە یاساییەکان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP