یه‌كێتى‌و یه‌كڕیزى نیشتمانیی

ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
04:23 - 2021-11-06

یه‌كێتى‌و یه‌كڕیزى نیشتمانیی

 

ره‌نگین عه‌بدوڵڵا 
لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردووی عیراقەوە، ماراسۆنێکی دیکەی سیاسی بۆ تانوپۆى نه‌خشه‌ى داهاتووى حکومەت‌و سه‌رۆكایه‌تیه‌كانى بە چڕی سەر ڕێگا کەوتووە. هەموو لایەنە سیاسییەکانی عیراق لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتی بەهێزدان بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەڵێنانەی بە دەنگدەرانی خۆیانداوە جێبەجێ بکەن. لەم ڕوەوە پێویستە  زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ دوو تێز بکەین.

تێزى هێزه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن
 یەکەمیان ئەو ڕوئیا گشتیەیە کە دەربارەی پرۆسەی دیموکراسی‌و هەڵبژاردن  چەند ساڵێکه‌ لە عیراقی فیدرال بە قوڵی ئیش دەکات. ئەگەرچی لایەنگرانی ئەم ئەم تێزە هەندێکجار بەر زەبری ئەمری واقیع کەوتون و چارێکی دیکەیان نییە جگە لە  بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی، بەڵام ئیدی نابێ ئەو واقیعە نادیدە بگرین کە ئەمڕۆ لە عیراقی نوێ پرۆسەی دیمۆکراسی دیفاکتۆیەکی حەقیقیەو هیچ هێزو لایەنێکی سیاسی ناتوانێ باز بەسەر ئەم وەرچارخانە مێژوییەی عیراقدا بدات. هەلومەرجی سیاسی عیراق و پێکهاتە ئەتنی و مەزهەبی و ئیدیۆلۆژیەکانی عیراق، هەموو هێزە سیاسییەکان و گەلی عیراقی خستۆتە بەرده‌م ڕێکكەوتن و لێکتێگەشتن و ڕازیبوون بە پرۆسەی دیمۆکرسی و سیستمی حوکمڕانی دەستوری. هەرچی تێزی دووەمە پەیوەندی بە شوناس و زمان و کلتورو پرسی نەتەوەیەوە هەیە. ڕەنگە عیراقیەکان کەمتر ئەم کێشەیان هەبێ لەڕوی پرۆژەی ئەتنیکی و نەته‌وەییەوە، چونکە زۆرینەی هێزە کاریگەرو سیاسییەکانی  عیراق خۆیان بە نەتەوەی عەرەب حساب دەکەن و لەم ڕوەوە کێشەی نەتەوەو خاکیان لەگەڵ یەکتر نییە. ئەگەرچی کۆمپلێکسی تەیارە مه‌زهەبیەکان هەندێکجار تۆقێنەرترو پرۆبلاماتیکتر دەردەکەون، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ لەبابەتی عیراقیبوون زمانی ستانداری قەومی و ئیدیۆلۆژی و سیاسی‌و گرفتی میتۆدۆلۆژی قوڵیان نییە لەگەڵ یەکتر. بەڵام کاتێک کورد تێکەڵی بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دەبێ لەگەڵ برا عەرەبەکان، لێرەوە هەموو شت گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردادێت. لێرەوە هەندێک نەغمەو ئاوازی جیاواز دەبیستین کە بە ئاشکرا دژایەتی شوناس و پێگەی کوردی پێوە دیارە وەک نەتەوەیەکی خاوەن خاک و زمان و کلتور و مێژوو.  لێرەدا پێویستە  هێزە کوردییەکان زۆر بە وریاییەوە لە هەردوو تێزەکە تێگەن.  

ڕاستە پرۆسەی دیمۆکراسی  ماناو ئامانجە نزیک و دورەکانی بۆ کورد  جێگای گرنگی خوێندوەی ستراتیژی قوڵە، ئەوەش ڕاستە لە سەرەتای شۆڕشی گەلەکه‌مانەوە لەگەڵ ڕێژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقەوە شەڕی لەسەر خاک و نەتەوە و زمان و مێژوو و کلتور کردووە. کەواتە چۆن بتوانین  وەک کاراترین ئەکتەری سیاسی لە عیراق بەهەموو هێزی خۆمان بەرگری لە پرۆسەی دیمۆکرسی و سیستەمی دەستوری و دیالۆگی نیشتیمانی بکەینەوە؟ چۆن بتوانین شۆڕش و بەرخۆدان وەک تاکە ئامانجی ناسیۆنالیزمی کوردی ببەستینەوە بە کۆی پرسەکانەوە؟، چۆن بتوانین قوربانیدان و دواکەوتنی زیاد لە سەدەیەک لە دروستکرنی دەوڵەتی نەتەوە پرانسیپ و پلانە سیاسی و ستراتیژییەکانی خۆمان بە شێوەیه‌کی عەقڵانی و دور لە جەنگی تاک و گروپ و حیزب و بەرژەوەندی و پاوانخوازی شەخسی داڕێژین. بێگومان هەموو ئەو فاکتانەی گەرەنتی ئەم نەخشە عەقڵانیە نەتەوەییە دەکەن، پەیوەندی سەمیمی لەگەڵ یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەک ئامانجی هێزە کوردییەکان هەیە. نە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان لەسەرمان ڕادەوەستێ و نە نەیارە سیاسییەکانمان چاوپۆشی لە هەوڵە پاسیفانە دەکەن، کە ملنادەن بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی. بۆیە گرنگترین  ئەو خاڵانەی  لەم قۆناغەدا  پێویستە هێزە کوردییەکان  بێ جیاوازی پێداگری لەسەر بکەن لە چەند خاڵێکدا کورت دەکەمەوە.

له‌پێناو چیدا یه‌كڕیز بین
پێویستە هەموان ئەو ڕاستیە بزانین، مان و نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەندە بە ئامادەکردنی پرۆژەیەکی سیاسی نەتەوەیی‌و نیشتمانیی کە پێداگری  سەرسەختانەبێ لە خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانییەکانی گەلەکەمان لە چوار چێوەی عێراقێکی فیدراڵی دیمۆکراتی دەستوریدا، بوون‌و مانه‌وه‌ى كورد له‌ پایته‌خت به‌ یه‌كڕزى بایه‌خه‌كه‌ى له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌توانین پارێزگاریی له‌ سایه‌و سێبه‌ری ئه‌زموونى كوردستان بكه‌ین‌و له‌هه‌ر ئه‌گه‌رێك بیپارێزین كه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورو پشت به‌ستن به‌سیسته‌مى زۆرینه‌و كه‌مینه‌ روبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ ببێته‌وه‌.

پێكه‌وه‌یی گارەنتی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانه‌
بوون‌و مانه‌وه‌ى كورد له‌ به‌غداد به‌ یه‌كڕیزیی له‌و ئاسته‌دا گرنگه‌، كه‌ کۆی هێزە سیاسییەکان لەسەر ئەوە ڕێک ببنەوە کە عیراقی فیدراڵ چوارچێوەیەکی دەستوری و یاساییەو  گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە کۆی مافە دەستوریی و  نەتەوەیی و مەدەنییەکانی لە ڕێگای ڕێکكەوتنە ستراتیژییەکانەوە پارێزراوبێت. له‌راستیشدا دەستور کە تاکە کلیلی چارەسەری  هەموو گرفت و کێشەکانی هەرێم و بەغدایە بکرێتە پێش مەرجی هەرجۆرە دانوستان و ڕێکكەوتنێک لە بەغداد کە وەک باسمان کرد هەندێک خواستی ناچیز هەن لە بەغدا دەیانەوێ دەستکاری ئەو دەستورە بکەن، کە هەموو گەلی عیراق دەنگیان پێداوەو وەک پەیمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ئامادەبونی زۆربەی سەرکردایەتی کوردستان پەسەند کراوە‌و به‌شێك له‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى كورد‌و هه‌رێمى كوردستانى تێدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌. 

یه‌كڕیزى له‌پێناو پرۆژه‌ى نیشتمانی
زۆربەی ئامانج و داخوازییەکانی گەلەکەمان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتیمانیەوە دیراسەیه‌کی سیاسیی و زانستیی قوڵبکرێت. بۆ ئەوەی بتوانین داخوازییەکانمان لە بەغدا ڕوون بێت. هەموو ئەو پرسانەی ڕەهه‌ندی مێژوویی‌و ئەتنیکی و جوگرافیان هەیە ده‌بێ وەک پاکیجێکی سیاسی هەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن  بتەقێنرێتەوە و هەمیش ببێتە پرسێکی چارەنوسسازی کابینەی داهاتوی حکومەتی عێراق، ئه‌وه‌ش كاتێك دێته‌دی كه‌ یه‌كڕیزی هێزه‌ كوردستانییه‌كان هه‌موویان پێكه‌وه‌ به‌ره‌نجامى هۆشیارییه‌كى نه‌ته‌وه‌یی خه‌مڵیو بن‌و دوور بن له‌ خۆسه‌پاندن‌و شه‌رم، چونكه‌ سیاسەت و شەرم دوو تەوەری ته‌واو لێک جودان. پێویستە ئەوەی ئامانج و ویستی کوردە وەک نەتەوەیەکی خاوەن شوناس و مێژوو و بڕیار لەسەر مێزی گفتوگۆ بەیەکدەنگی و یەکێتیەکی نیشتیمانی بەهێز باسبکرێت. هەموو هێزە سیاسییەکانی عیراق ئەو ڕاستییە دەزانن کە  گەلی کورد تاکە گەرەنتی یەکپارچەیی خاکی عێراقە. پێویستە ئەم هۆشیارییە بۆ پێکهاتە سیاسی و جڤاکیەکانی گەلی عێراق هەم تۆخ بکرێتەوە‌و  هەمیش ببێتە بابەتێکی گرنگی یەکتر قبوڵکردن بۆ شەراکەتی ڕاستەقینەی گەلی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە .

یه‌كڕیزى بۆپێشهاتەكانی داهاتوو
بایه‌خى یه‌كڕیزى هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غداد، ئه‌رك‌و به‌رپرسیاریه‌تێكى گه‌وره‌یه‌‌و پێویستە  چاو پۆشی لەو  دیفاکتۆ تاڵە نەکەین کە ئەمڕۆ ناوچەکەو عێراقی پێدا تێدەپەڕێت. دوو ساڵی داهاتوو قورستترین قۆناغی سیاسی مێژووی ناوچەکە دەبێت. لە دوو ساڵی داهاتوو گۆڕانکاری ڕیشەیی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕودەدەن.  تورکیا،  ئێران، سوریاو عێراق بە وردی ئیش لەسەر جێگیرکردنی پلان و پرۆژەکانی خۆیان دەکەن بۆ دوو ساڵی داهاتوو. وەک ئاشکرایە زۆر لە ڕێکكەوتنامەو نەخشەو پلانی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی لەم ناوچەیە لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەو ئێکسپایەر بوندان. بۆیە پێویستە هاوشان لەگەڵ دانوستانەکانمان لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی عیراق ئەو خاڵە لەبەر چاوبگرین کە ئەم ڕێکكەوتنەی دەکرێ ئەتوانێ قورسایی و تەئسیری گەورە  لەسەر ساڵانی داهاتوو دروست بکات.. 
 ڕاستە لەناو خۆی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبومان هەیە، گومان لەوەیا نییە هێزە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان خاوەن دیداگاو فەلسەفەی سیاسیی خۆیانن. ئەوەش ئاشکرایە هەموو هێزێکی سیاسی بێ ڕوئیاو تێگەشتن و فەلسەفەی سیاسی ڕادیکاڵ ناتوانێ گوژمەیەکی بەهێزی بۆ پرۆسەی سیاسی دروست بکات. بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر یەکێتی و یەکڕیزی ناسیۆنالیزمی کوردە لەبەرامبەر دنیا.  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تاکە هێزی سیاسیە هەم لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستانیش بێ وچان داوای یەکڕیزی نەتەوەیی‌و نیشتمانیی دەکات.

خه‌می یه‌كێتى بۆ یه‌كڕیزى
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئیدیۆلۆژیەکی ڕۆشنی بۆ کۆی پرسە نەتەوەیی و سیاسییەکان هەیە. هەر لەسەردەمی جەنابی مام جەلالەوە نەخشەڕێگای یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی داڕێژراوەو بەو نەفەسەوە شۆڕشی سیاسی و نەتەوەیی سەرڕێگا خستووە. ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر یەکێتی دەرک بە زەرورەتی ئەو یەکڕیزیە دەکات و بەجدی بانگی هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکا  پێکەوە وەک وەک گەلی کورد بەشداری  لە ڕێکكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ لایەن و هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی عیراقدا بکەن نەک وەک حیزب و تاقم و گروپی جیاواز. یەکێتی دەزانێ بەهێزی گەلەکەمان لەو پلان و  پرۆژە نەتەوەییانەدایە کە دەتوانێ زامنی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان بکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فێدراڵ. واجبێکی نەتەوەیی‌و سیاسی و نیشتیمانییە کە هەموو هێزە سیاسیەکان بێ جیاوازی بۆچونە سیاسیەکانیان لە چوار چێوەی  پرۆژەیەکی نەتەوەیدا چڕکەنەوەو هەمووان پێکەوە ئیش بکەن بۆ مسۆگەرکردنی دەستکەوتە  نەتەوەیی و سیاسی و مەدەنیەکانی گەلەکەمان. وەک ڕونە مێژوو چاوپۆشی لە هەڵەی ستراتیژی ناکات، ئەوەی لەم قۆناغەدا واجبی  نیشتیمانی هەموانە پێویستە  بە ڕۆحی پێشمەرگانەوە  جێبەجێ بکرێت.  پێشوازی لە بانگەوازو  پڕۆژەی یەکڕیزی نەتەوەیی نیشتیمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەرەنتی سەرخستنی دۆزی نەتەوەکەمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، چونكه‌ ئه‌بێت ئه‌و هه‌ڵه‌یە راستبكرێته‌وه‌، كه‌ ویستی یه‌كێتى بۆ یه‌كڕیزى بریتی نییه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ى یه‌كێتى‌و پارتى له‌ چوارچێوه‌یه‌كى هاوبه‌شدا، به‌ڵكو یه‌كخستنى ته‌واوى هێزه‌كانه‌ له‌ هاوپه‌یمانی‌و یه‌كڕیزییه‌كى راسته‌قینه‌ كه‌ ئامانج لێی خزمه‌تى كوردستان بێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە