شنەی شەماڵ بە فیڕۆی دا

ستران عەبدولڵا
21:57 - 2022-06-19

شنەی شەماڵ بە فیڕۆی دا
ستران عەبدوڵلا
ئەم زەمەنە هەمووی لە کاتی عێراقییەکان دەروات، لە وەخت و سەعات و دوا رۆژیان دەروا و بە تێکڕا ناویان لێناوە بنبەستی سیاسی ،خەرجییەکی زۆر و بە هەدەردانێکی زۆرتر. 
لە وڵاتان کە بیرۆکەی سیاسی تازە، یان رەوتی سیاسی تازە پەیدا دەبن، دەبنە باعیسی دەوڵەمەندی و زیندووێتی و جۆشدانەوەی کایەی ژیان . لە عێراق ئەمانە دەبنە بۆنەی چەقبەستوویی و لە جێی خۆ ڕاوەستان و پێکۆتەیەکی بێ مانا. دەبنە سەرباری دەردەکان و ژمارەیان دوو کەڕەت دەکات ، گوایە دوای نۆزدە ساڵ لە کەوتنی بتی سەددام، لە ناوجەرگەی بەغدا، ئەمەی دێ دەورانێکی تازە و لاپەڕەیەکی سپییە کە عێراقییە (تازەترەکان) پڕی دەکەنەوە لە جێی عێراقییە (تازەکانی) کە دوای پرۆسەی ئازادی هاتنە سەر حوکم.
(ئاخرە باخن ) وەک تورکمان دەڵێ. وا لە جێی کردنەوەی گرێی دەست، گرێی دەم لێو ئازار داو پەتی زبری تەڕ کردووە ، ئەگەر جاران گوایە کێشەی بەشبەشێنە و دابەشکاری کورد و شیعە و سوننە بووە، وا دەبینین سێ کێشە بۆتە شەش : دوو شیعە و دوو سوننە و دوو کورد. 
جا ئەمانە جیا لە یەکتری لە دوو وڵاتی جیا سیاسەت ناکەن، بەڵکو هەر لە عێراقن و هەر لە راڕەوەکانی بەغدا بەر یەک دەکەون 
دەرئەنجامی ئەم قەرەباڵغییە ئەوەیە لە جیاتی گۆڕانکاری بە گوژم و بنچینەیی، دەبینین کارەکە لە نیوەی ڕێ پەکی کەوتووە ، نرخەکەی عێراقییەکان دەیدەن، ئۆباڵ بە ئەستۆی ئەوانەیە نە بنەمای تەوافق رەچاو دەکەن و بە تەوافق بە دوای چارەدا دەگەرێن .
گشتی تەلەف و زیانە لە رۆژ و ژیانی خەڵک دەڕوا، جا سبەی لەم یارییە سیاسییەدا کەس خاوەندارێتی لە زەرەر و زیانەکان ناکات و نایانبژێرێ، مەگەر بەناوی تەلەفی خۆڕاییەوە قەید بکرێت، یان وەکو ڕستە بەناوبانگەکەی ئەکتەری ناسراوی میسر( یەحیا شاهین) کە لە لاپەڕەی رۆمانی (بين القصرين)-ی نەجیب مەحفوزەوە گوتی:
بنوسە، کەلوپەلی ئەوتۆ کە شنەی  شەماڵ بە فیڕۆی دا

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP