فێستیڤاڵی ساڵانه‌ی گه‌لاوێژ وه‌ك بۆنه‌یه‌كی به‌رده‌وام و پڕ جوڵه‌ی ئه‌ده‌بی ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێت و هه‌موو ساڵ ره‌نگاو ره‌نگترو جوانتر ده‌رده‌كه‌وێت ، من خۆم له سه‌ره‌تای ئه‌و بۆنه‌یه‌وه ساڵه‌كانی یه‌كه‌م و دواتر به‌شداریم كردوه‌و خه‌ڵاتیشم بردوه ، بۆنه‌كه له به‌شداری كردن و خه‌ڵاتبردن گه‌وره تره‌و ده‌كرێت وه‌ك بۆنه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی ناوازه له ناوچه‌كه چاوی لێبكرێت ، دوای دوو ده‌یه‌و نیو ئیدی كاتی ئه‌وه هاتوه فێستیڤاڵه‌كه هه‌نگاوی جیاواز تر بنات، راسته له ساڵانی به‌رێدا له رێی ئه‌م بۆنه ئه‌ده‌بیه‌وه ده‌یان و سه‌دان نوسه‌رو رۆشنبیر‌و بیرمه‌ند لێره‌و له‌وێی دنیاوه داوه‌تكراون و ژیار‌و ژیان و كه‌لتورو داب و نه‌ریت و هونه‌رو ئه‌ده‌بی كوردی‌یان بینیوه و پێی ئاشنا بوون ، به‌ڵام یه‌كێك له گرفته‌كان ئه‌وه‌یه چه‌ند رۆژی فێستیڤاڵ زۆربه‌ی كات له سلێمانی قه‌تیس كراوه‌و هه‌ندێك چالاكی و بزاوت نه‌گوازراوه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه، كه‌لار ، چه‌مچه‌ماڵ و رانیه‌و كۆیه‌و شوێنه‌كانی تر ، هه‌م بۆ ئاشنا بوون به‌و ناوچانه‌و هه‌م بۆ بینینی ئه‌و سته‌م و نادادیه‌ی به‌عس له رابردودا له كوردی كردووه ، بۆ نمونه بردنی میوانه‌كان بۆ مۆنۆمێنته‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و چه‌مچه‌ماڵ، قه‌ڵای شێروانه له كه‌لار، كۆیه‌ی حاجی قادر‌و خاڵه تایه‌روخاره سێوه‌و ئه‌وانی تر هه‌ڵبه‌ت هه‌ر له ناو سلێمانیش ده‌یان شوێن هه‌یه پێویسته وه‌فده‌كان بیبینن .
جگه له‌وه‌ش پێویسته ئیدی جگه له ئه‌ده‌بی كوردی بایه‌خ به ئه‌ده‌بی توركی و فارسی و عه‌ره‌بیش بدرێت و بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعر‌و چیرۆكی ئه‌و نه‌ته‌وه دراوسێیانه كاتی تایبه‌ت دابنرێت و هه‌وڵبدرێت له رێی هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكۆڵینه‌وه‌وه‌په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌بی و كلتوری و هونه‌ری نێوان ئه‌و نه‌ته‌وانه زیاتر بایه‌خی پێبدرێت و هاوبه‌شیه‌كان بدۆزرێته‌وه ، له‌م رۆژانه‌ی پێشوودا ئێمه داوه‌تی بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ت به شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی بووین له زانكۆی چه‌رموو ، ئێمه‌ش به‌شی ئه‌وه‌مان پێ‌بڕا قسه‌یه‌ك له باره‌ی شێخ ڕه‌زاوه بكه‌ین ، شێخ ره‌زا شیعری ته‌ڕوو پاراوی به هه‌رچوار زمانه‌كه هه‌یه‌و به تایبه‌ت به كوردی و فارسی و توركی ، زۆر گرنگ ده‌بێت ئه‌مه ببێته بابه‌تی هاوبه‌شی هه‌ڵسه‌نگاندنی توێژه‌رانی دیكه، بۆ نمونه توێژه‌رانی فارس و تورك چۆن شێخ ڕه‌زا ده‌بینن و ده‌یانه‌وێ چی له باره‌وه بڵێن ، ده‌كرێت ئه‌مه هه‌ر ساڵه‌و بۆ شاعیرێك ته‌رخان بكرێت ، ساڵێك شێخ ڕه‌زا ، ساڵێك ئه‌حمه‌دی خانی و دواتر گۆران و هه‌تادوایی .
له پاڵ ئه‌و كارانه‌دا پێویسته ئه‌و لیژنانه‌ی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن داده‌نرێن كه‌سانی پسپۆڕ‌و شاره زا بن ، یان پێشتر پرسیاری ئه‌وه بكرێت كه كێ باشه‌و كێ ده‌كرێت لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بێت ، هه‌موو ساڵێك ئه‌م بابه‌ته مشت و مڕی زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه ، یان ده‌بێت له بنه‌ڕه‌تا لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌ر نه‌بێت ، یان كه‌هه‌یه ، پێویسته به جۆرێك بن ، بواری قسه‌و قسه ڵۆك نه‌هێڵنه‌وه و هه‌روه‌سا له بایه‌خی ده‌ق و به‌رزی ده‌ق كه‌منه‌كرێته‌وه‌و نه‌شكێنرێت ، من ساڵان گوێم لێبووه‌و بینیوشمه ده‌ق هه‌بووه ده‌رنه‌چووه ، زۆر به‌رز تر بووه له‌وه‌ی ده‌رچووه بۆ خوێندنه‌وه‌و دواتریش خه‌ڵات وه‌رگرتن ، ئه‌مه بۆ چیرۆك و شیعر‌و لێكۆڵینه‌وه‌ش راسته ، به باوه‌ڕی من میكانیزمی دیاری كردنی ده‌قه‌كان پێویسته گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و له گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رده‌مدا بگونجێت ، هه‌ڵبه‌ت پێشنیازی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م كه جگه له شیعر ، چیرۆك ، لێكۆڵینه‌وه ، ده‌قی شانۆییش بۆ فێستیڤاڵه‌كه زیاد بكرێت، جگه له‌وه‌ش پێویسته بۆ له‌مه‌ودوا بایه‌خ به ئه‌ده‌بی جینۆسایدیش بدرێت ، ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی پێویسته نوسه‌رو رۆشنبیری كورد هه‌ڵوه‌سته‌ی له سه‌ر بكات .
ئه‌مساڵ فێستیڤاڵ چه‌ند كه‌سێكی شایانی خه‌ڵات كرد ، هیوادارم ئه‌م جۆره‌خه‌ڵات و رێزلێنانه به جۆرێك بێت هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بگرێته‌وه‌و ئه‌و خه‌ڵاته تایبه‌ت بكرێت به ئه‌فرێنه‌رانی كورد له بواره جیاجیاكاندا به بواری زانستیشه‌وه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بوو ئه‌و رێزلێنان و خه‌ڵاته هه‌ر یه‌ك له له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و عه‌زیز گه‌ردی و حوسێن عارفیشی بگرتایه‌ته‌وه ، هه‌ڵبه‌ت ناوی دیكه زۆرن و من نامه‌وێت لێره‌دا ناوه‌كان ریز بكه‌م ، به‌ڵام له بواری سیاسه‌تیشدا ده‌بوو خاتونێكی وه‌ك ئامینه كاكه باوه له بیر نه‌كرا با .
به هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ فێستیڤاڵی گه‌لاوێژو چاوه‌ڕێی هه‌میشه گه‌شه‌كردنی لێده‌كه‌ین .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP