ملح و زاد ... نان و نمەکی سفرەی سەرۆك مام جەلال

كوردستانی نوێ
11:31 - 2022-08-13

هاوڵاتییەكە بە خۆی و ئاڵای وڵاتەوە بە شێوەیەكی عەفوی وتی: ئەگەر مام جەلال بمابایە دۆخەكە وا نەدەبوو.
چونكە قسەكەی بەرنامە بۆ دارێژراو نەبوو، چونكە لە دڵەوە  و بۆ تەقدیری عیراقی سەردەمی سەمام ئەمان بوو. نەیوت جەلال تاڵەبانی، نەیوت سەرۆك. وای وت وەك چۆن كوردێكی خۆمانی دەیڵێ: مام جەلال.
هاوڵاتییەكە خۆپیشاندەرە، لایەنگری حزبەكانی حوكمرانە، رەخنەشی هەیە كە شەهادەشی لە ماڵەوە كەوتووە و بێ كار و بێ كارەبایە وەك خۆپیشاندەری ناڕازی لەم سەری بەسرەوە تا ئەوسەری مەدینەی سەدری بەغدا، چونكە قسەی ئاست لە دڵەوە بۆ دڵە، ڕاستەوخۆ دوای گلەیی و گازندە وتی: ئەگەر مام جەلال بمابایە وەزع وای لێ نەدەهات.
رووی قسەی خۆپیشاندەر لە كەناڵێكی غەیری میدیاكەی حزبی مام جەلال بوو، رووی لە عیراق و عیراقییەكان بوو.
حەسرەتی خۆرسكانە بوو، بۆ زەمانی مام جەلال كە لە عومری درێژی وڵات زۆریش زەمەنێكی كۆن نییە تا بگوترێ نۆستالیجیایە
هی تەقریبەن دەساڵ و قسوری  پێش ئێستایە.

زەمەنێك كە شیعە و سونە و كوردیش هەر شیعە و سونەو كوردی ئێستا بوون، بەڵام مام جەلالێك هەبوو كە خۆی تەرخانی بەرژەوەندی وڵات كردبوو. (سەمام ئەمانێك) هەبوو كە وێنەكانی دەساڵی پێش ئێستا دەڵێ رۆژێ لە نەجەف و رۆژێ لە بەغدا و یەكی تر لە كەركوك بوو. رۆژێك لای سەماحەتی ئایەتوڵلا سیستانی دیداری هەبوو بۆ تەگبیری نیشتمانی و رۆژێكی تریش لەگەڵ سەماحەتی موقتەدا سەدر راوێژی هێنمایەتی و بەشداری پرۆسەی سیاسیی بۆ پێشنیاز دەكرد.

ئەو كاتەش شیعە چەند حزب و چەند فرقە و چەند رەوت بوون بەڵام گشتیان سواری یەك سەفینەی نەجاتی عیراق دەبوون.
ئەوساش گشتیان دینی و دیندارو خاوەن ئاڵا فرە رەنگ بوون.
بەڵام وڵاتەكە بەشی گشتیانی دەكرد. سوننە پەرێشان و بریندار بوون و وەك ئێستا نەبوون. بەڵام شیعە و سوننە وێرای ناكۆكی هیوایەكیان هەبوو بۆ ئایندە و مام جەلالێكیان هەبوو كە گشت سەركردەكانیانی لەسەر خوانی ئاشتی و (تیكەی راوچی) ماسی مەسكوفی بەغدادی كۆ دەكردەوە.
ئەوساش عیراق كێشەدار  و شەڕ و شۆڕی تێدا بوو. ئیرهاب و قاعیدە و موقاوەمە دایڕزاندبوو.
بەڵام هیوایەكی هەبوو بۆ دوارۆژ، پەرۆشێكی هەبوو كە ئەم رۆژە ناخۆشانەش تێدەپەڕن.
هێزی چەكداری سەد دەوڵەت و میلشیای فرەی تێدابوو، بەڵام مام جەلالی هەبوو كە شەرق و غەربی لە پێناو عیراقییەكان لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ كۆدەكردەوە.
ئەوسا گەنجی دانەمەزراو و كارەبای بڕاو و خزمەتگوزاری كەم و كورت بە گەشبینی و نەخشە ڕێگای دواڕۆژ سپێردرابوو . كە خەڵك دەیزانی چەندە ئاڵۆز بێت سەرۆكێك هەیە، مام جەلالێك گرێ ئاڵۆزەكان دەكاتەوە و گرژی و گیری و گازەكان خاو دەكاتەوە.

هاوڵاتییەكی بێ بەرژەوەندیان دواند شەرحی حاڵی كرد وەك ئەوەی هەیە: ئەگەر مام جەلال لە كایەدا بوایە وا ڕوی نەدەدا.
ئێستاش ئەگەر عیراقییەكان بیانەوێ سیحری چارەسەر لە كەلتوری مام جەلالدایە.
سەمام ئەمانی عیراق ماڵئاوایی كردووە. بەڵام لێی ئاسانتر نییە كە نەخشە ڕێگای مام جەلال ڕێنوێنیان بێت.
پێكەوەیی و سازان و گفتوگۆ، پێك سەلماندن و حساب بۆ هەموو شتێك و كەسێك و لایەنێك كردن میراتی ئاوەدانی سەرۆك مام جەلالە بۆ هەموو عیراقییەك، ئەو میراتە كەلتورێكی كەڵەگەتە لە دوورەوە بانگی هەموان دەكات لە دەوری كۆببنەوە: ئەوە زەردەچەوەی نهێنی خاوكردنەوەی ناكۆكییەكان. مێزی گفتوگۆی سەرۆك مام جەلال جێی هەمووانی تێدا دەبێتەوە.
تیكەی راوچی و هەنگوین و گوێزی هەورامان و ئێوارە خوانێكی سەر سفرەی مام جەلال كەفیلی ملح و زاد، نان و نمەكی دۆستایەتی هەمووان بوو ئەو كەلتەرە هەرماوە. ئەو ماڵە هەر ئاوەدانە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP