له یادی 34ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده ئازاد هه‌ورامی-دا
ئاوات كۆكه‌یی
ده‌ركه‌وتن و تێكۆشانی شه‌هیدی سه‌ركرده ئازاد هه‌ورامی هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مێكی پڕ له رووداو‌و و گۆڕانكاری، سه‌رده‌مێكی سه‌خت و ته‌نراو به جۆره‌ها مه‌ترسی و رێگری و ئاسته‌نگ.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانی تیادا دامه‌زرا (1970) و شه‌ڕبوونه‌وه له نێوان شۆڕشی كورد‌و ده‌وڵه‌تی عیراق و پاشان نسكۆی شۆڕشه‌كه (1975) و هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ده‌ستگیركردن و راده‌ستكردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه له نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران- عیراقدا و هاوكات و دواتریش ده‌ستگیركردنی ده‌یان كادر و تێكۆشه‌ری دیكه‌ی بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵه و له‌به‌ریه‌ك ترازانی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه و ئینجا سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ كه كۆمه‌ڵه داینه‌مۆكه‌ی بوو، ده‌بینین چ سه‌رده‌مێكی پڕ گۆڕانكاری و سه‌خت و ناله‌بار بووه بۆ تێكۆشانی سیاسی و چه‌كداریی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێر ده‌سته، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سێك كه هێشتا له ته‌مه‌نی گه‌نجی و لاوێتیدایه.
به‌ڵێ شه‌هید ئازاد هه‌ورامی له‌وكات و رۆژگاره‌دا نه‌ك هه‌ر تێكه‌ڵاوی كاروانی تێكۆشان بوو، به‌ڵكوو ده‌ریشكه‌وت و بووه یه‌كێك له ره‌مزه جوان و كاریگه‌ره‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداریی گه‌لی كوردستان و رۆڵێكی ئێجگار گه‌وره‌ی بینی له كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ڤاڵان و گرێدانه‌وه‌ی شیرازه پچڕاوه‌كه‌ی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و پاشان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ و دواتریش به‌هێزبوونی شۆڕشه‌كه.
ئه‌مه ته‌نیا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی كورت و خێرایه له رۆڵ و پێگه‌ی شه‌هید ئازادهه‌ورامی، له‌و رۆڵه گه‌وره‌یه‌ی كه ئه‌و شه‌هیده له‌و قۆناغه سه‌خته‌ی كوردستاندا گێڕای و له ده‌ره‌ئه‌نجامدا شكست و بێ ئومێدی گۆڕا به سه‌ركه‌وتن و بوژانه‌وی هیوا.
راوه‌ستان به رووی دایگیركه‌ردا له جافه‌ر سوڵتانه‌وه تا ئازاد هه‌ورامی
به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو، باشتر بونیاد و ریشه‌ی شه‌هید ئازادهه‌ورامی ده‌رده‌كه‌وێت، بنه‌ماڵه‌كه‌شی هه‌میشه به‌ره‌و رووی زوڵم و سته‌می داگیركه‌راندا وه‌ستاونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی قوربانیشیان زۆردابێت، به‌ڵام چۆكیان بۆ دوژمن دانه‌داوه.
ساڵی 1929 جافه‌ر سوڵتانی باپیره گه‌وره‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ره‌زا شای په‌هله‌ویدا روبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌ته‌وه، شای ئێران هێزێكی گه‌وره‌ی ناردۆته هه‌ورامان بۆئه‌وه‌ی چه‌كیان بكات، ئه‌ویش ملی بۆ ئه‌و بڕیاره نه‌داوه‌و نه‌یهێشتووه عه‌شیره‌ته‌كه‌ی چه‌ك فڕێبده‌ن و شه‌ڕ له‌ناوچه‌ی ره‌وانسه‌ر له‌نێوانیاندا به‌رپابووه، به‌ڵام به‌هۆی نابه‌رامبه‌ری، هێزه‌كانی شا سه‌ركه‌وتوون، جافه‌ر سوڵتان و كوڕ‌و كچه‌كانی و چه‌ند كه‌سێك له خزم و كه‌سوكاره‌كه‌ی ته‌سلیم به‌عیراق بوون، وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی له‌شاری رومادی به‌ده‌ستبه‌سه‌ری مانه‌ونه‌ته‌وه.
ئه‌و كاته دایكی شه‌هید ئازاد كه منداڵ بووه له‌گه‌ڵ خاڵه‌كانی و كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ستگیركراون و گواسترانه‌وه بۆ زیندانه‌كانی تاران، دوای ئازادكردنیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ هه‌ورامان، ساڵی1953یش خانه‌واده‌كه‌ی شه‌هید ئازاد له هه‌ورامانه‌وه چوونه‌ته كه‌ركوك و له‌گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم نیشته‌جێبوون.
ساڵی 1963باوكی شه‌هید ئازاد‌و هۆشمه‌ندی برای كه خوێندكاری پێنجه‌می زانستی بووه، له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌وسای عیراقه‌وه زیندانی كراون، دوای هه‌فته‌یه‌ك هۆشمه‌ند ئازادكراوه‌و باوكیشی دوای چوار مانگ زیندانیكردن، له كاره‌كه‌ی ده‌ركرا كه نووسه‌ری تابیعه‌ی به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بوو له كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك.
دوای ماوه‌یه‌كیش له وه‌ی ئازاد هه‌ورامی ده‌بێته پێشمه‌رگه، باوكی و شه‌ونمی خوشكی و كاك سامی برای له‌لایه‌ن رژێمه‌وه ده‌ستگیركران و بردویانن بۆ زیندانه‌كانی به‌سره، پاشتر خوشكه‌كه‌ی دیكه‌شی (شه‌وبۆ) ده‌ستگیركراو بردرای لای ئه‌ندامانی خێزانه‌ی له زیندندا كه كاك سامی برای شه‌هید ئازاد‌و باوكی له زیندانی (گزیزه) بوون و خوشكه‌كانیشی (شه‌ونم و شه‌وبۆ) له زیندانی گشتی بوون، سه‌ره‌ڕای جۆره‌كانی ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ی زیندان، تووشی جۆره‌ها نه‌خۆشیش بوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت كاك سامی نه‌خۆشبووه‌و شه‌وبۆی خوشكیش تووشی نه‌خۆشیی ته‌نگه نه‌فه‌سیی ببوو، بۆیه زیندانه‌وانه‌كان ناچاربوون بیبه‌نه هۆڵی نه‌خۆشخانه‌ی ژنان بووه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی له زینداندا توشیان ده‌بوو كه‌چی ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه گاداری یه‌كتری رووداوه‌كانی یه‌كتر نه‌بوون.
له ئه‌نجامدا، دوای بینینی چه‌ندین ئازا‌و ناخۆشی و بینینی چه‌ندین دیمه‌نی تراژیدایای كه‌س و كاری پیشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ران له زیندانه‌كانی به‌عسدا، ساڵی 1978 براوباوك و خوشكه‌كانی شه‌هید ئازاد له زیندان ئازادكران، به‌ڵام دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان عیراق- ئێران، جارێكی تر هه‌موو خانه‌واده‌كه‌ی شه‌هید ئازاد ده‌ستگیركرانه‌وه، شه‌وبۆی كچیان ( خوشكی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی) له زینداندا دووچاری نه‌خۆشییه‌كی ترسناك ده‌بێته‌وه، به‌ناچاری پیشانی پزیشك ده‌درێت، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌گاته قۆناغی كۆتایی و دكتۆره‌كان ئیداره‌ی زیندان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی شه‌وبۆ له چاره‌سه‌ر ده‌رچووه و چیتر ده‌رفه‌تی ژیانی نه‌ماوه.
له‌به‌ر ئه‌وه به‌ناوی ئازادكردنه‌وه، شه‌وبۆ ئیزن ده‌درێته‌وه تا له‌ماڵه‌وه بمرێت، هه‌رواش بوو دوای سێ مانگ له ئازادبوونی، شه‌وبۆی خێر له‌خۆ نه‌دیو جوانه‌مه‌رگ ده‌بێت و چاوه‌كانی لێكده‌نێ.
باوكیشی كه ته‌مه‌نێكی زۆری هه‌بوو ئازادكرا و دوای ساڵێكیش هه‌ریه‌ك له خوشك و براكانی دیكه‌ی كاك ئازاد (سامی و شیرین و ژیان و فه‌رهاد) گواستراونه‌ته‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی (به‌صیه) له سنووری سعودیه.
ژیاننامه‌كه‌ی شه‌هید ئازاد
شه‌هیدی سه‌ركرده ئازاد عه‌بدولمه‌جید غه‌فار ناسراو به‌ئازاد هه‌ورامی، رۆژی 31/12/1954 له گه‌ڕه‌كی ئیامقاسمی شاری كه‌ركوك له دایكبووه، له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا چۆته به‌رخوێندن و له ته‌مه‌نی لاوێتیدا تێكه‌ڵاوی خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان بووه، ساڵی 1972 ئه‌ندامی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه و له كۆتایی هه‌مانساڵدا په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی كوردستان- كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رنی كوردستانه‌وه كردووه، ساڵی 1974 بووه به‌پێشمه‌رگه‌و به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه.
دوای ده‌ستگیركردنی خاڵه شیهاب و هاوڕێكانی و له ساڵی 1976دا كه كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سه‌ختی بێ سه‌ركردایه‌تی بووه‌وه، شه‌هید ئازاد وه‌ك كادرێكی هۆشیارو لێوه‌شاوه سه‌رپه‌رشتی كۆمیته‌ی شاری كه‌ركوكی كردووه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شه‌هید ئارام و هاوڕێكانیدا سه‌ركردایه‌تی ناوخۆی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانی كردووه.
له ته‌مه‌نی 21 ساڵی و له ساڵی 1976دا بووه به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كانی كۆمه‌ڵه، كاتێكیش شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵگیرسا، شه‌هید ئازاد روویكرده شاخ و شانی دایه به‌ر خه‌باتی سه‌خت و گرانی پێشمه‌رگایه‌تی.
له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیشیدا نمونه‌ی پیاوی ئازا‌و به‌بیرو باوه‌ڕ و خۆڕاگر بووه.
ساڵی 1978 له كاره‌ساتی هه‌كاریدا به‌دیل گیراوه‌و له‌به‌ر كه‌می ته‌مه‌نی نه‌یانناسیوه كه ئازاد هه‌ورامییه‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه، دوای نۆ مانگ زیندانی‌كران، له‌گه‌ڵ شێخ عه‌لی هاوڕێیدا هه‌لیان بۆ رێكه‌وتووه‌و له زیندان هه‌ڵاتوون.
به‌شداری هه‌موو كۆنفرانسه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی كردووه و له هه‌مووشیاندا به‌ئه‌ندامی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، له ساڵانی 1981-1982 دا لێپرسراوی لقی سێی سلێمانی- كه‌ركوك بووه، ساڵانی 1982-1984 ئه‌ندامی ده‌زگای رێكخستن بووه، ساڵانی 1985-1986 لێپرسراوی ده‌زگای رۆشنبیری كۆمه‌ڵه بووه، ساڵانی 1986-1988 لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی بادینانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه.
له ئه‌نفاله‌كاندا سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی باڵه‌ییانی قه‌ندیلی كردووه، هه‌ر له مه‌یدانی تێكۆشاندا ئێواره‌ی رۆژی 30/8/1988 به‌سه‌ختی برینداركرا، دوای رۆژێك و له 31/8/1988 به‌هۆی ئه‌و برینه‌وه شه‌هیدبوو.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP