رۆژی مورافەعە گەورەكە و پەرۆشیی سەرۆك مام…

بارزان شێخ عوسمان
13:55 - 2021-02-09


رۆژی مورافەعە گەورەكە و پەرۆشیی سەرۆك مام جەلال بۆ یەكێتیی ئارەزوومەندانەی عیراقییەكان

هەمیشە سەرۆك مام جەلال پەرۆشی چەسپاندنی ئەو راستییە بووە، كە لە روانگەیەكی نیشتمانی و بە گیانێكی عیراقییانە و دیموكراسییەوە، بیر لە چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تری قوربانیی دەستی سیاسەتی پاكتاوی نەژادیی و تەعریب بكرێتەوە، دور لە گیانی رق و تۆڵەئەستێنی و موزایەدەی ناسیۆنالیستیی توندڕەوانە. هەربۆیە ی.ن.ك هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەم ساتە، لەبەر رۆشنایی و رووناكیی تێز و روانینەكانی سەرۆك مام جەلال-ی مەزنەوە، دەستبەرداری ئەو راستییانە نەبووە و نابێت، كە كوردستانییبوونی كەركوك دەسەلمێنن، بە پشتبەستن بەو هەزاران دۆكیۆمێنتە مێژوییانەی لە هەموو سەردەمەكاندا تۆمار كراون. سەرۆك مام جەلال بەردەوام ئامۆژگاریی دەكردین كە پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی كەركوكدا بكرێت، بە جۆرێك تەئكیدبكرێتەوە لەسەر هەمەڕەنگیی نەتەوە و پێكهاتەكانی كەركوك، كە ئەو شارە موڵكی هەموو دانیشتووانەكەیەتی لە چوارچێوەی كوردستاندا، كە بەشێكە لە عیراقی وڵاتمان، واتە بە گیانێكی عیراقییانە تا یەكێتیی ئارەزوومەندانەی دانیشتووانی ئەو شارە لەناو عیراقدا زامنتر بێت.

ساڵی 1999 ئەو كاتەی لە ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان خزمەتم ئەكرد كە بارەگاكەی لە چوارتا بوو، رۆژێكیان مامی گەورە بانگی كردم بۆ قەڵاچوالان ‌و وتی: ئەم كتێبە لە نووسینی گەڕیدە و خۆرهەڵاتناسێكی فەرەنسییە بە ناوی (ژان ئۆتار)، بەشێكی نووسینەكەی باسی كەركوك دەكات، سوودی لێوەربگرن بۆ وتارەكانتان لە ئێزگەكە دەربارەی كەركوك، (دیارە بەڕێزیشی لە چەندین وتاری جەماوەرییدا ئاماژەی بەو سەرچاوەیەش كردووە).

ئەوەم بەو نیازە گێڕایەوە تا پەرۆشیی و خەمخۆریی سەرۆك مام جەلال بخەمەڕوو، بۆ سەلماندنی كوردستانییبوونی كەركوك، ئەگەڕا بۆ هەموو بەڵگە و زانیاریی مێژوییەك، جگە لەو كتێب و دانراوە زۆر و زەوەندانەی كە لای خۆی هەبوون یان لەبەردەست توێژەر و نووسەرەكاندان، سەرۆك تاڵەبانی تەنانەت ئەو قسەیەشی كرد بە ماڵ لەسەر سەدام حسێن-ی دیكتاتۆری لەناوچوو، كە ساڵی 1989 لەكاتی لێبووردنە گشتییەكەیدا كردبووی و تیایدا وتبوی: لێبووردنەكەی ئەمجارە، جەلال تاڵەبانی دەگرێتەوە، وەك چاكەدانەوەیەك لە بەرامبەر ئەو پیاوەتییەی كە تاڵەبانییەكان كردوویانە لە ئاست باوباپیرانمان، كە لە كاتی حوكمی عوسمانلییەكاندا لێیان قەومابوو، داڵدەیان داون لە ناوچەكانی خۆیان، سەرۆك مام جەلال-یش ئەو دانپێدانانەی سەدام-ی كردە دەرفەتێك و فەرمووی كە سوپاسی ناوبراو دەكات بۆ ئەوەی بە زمانی خۆی و لەبەردەمی عیراقییەكاندا ئەو ناوچانەی بە رەسمیی وەك خاكی كوردستان ناساند، كە گوندی (ئێنگینە)ی سنووری حەمرینە.

سەرۆك مام جەلال هیچ دەرفەتێكی لەدەست نەداوە بۆ سەلماندنی راستیی مێژوویی و جوگرافیایی و مرۆیی كوردستانییبوونی كەركوك ‌و ناوچەكانی تری چوارچێوەی سیاسەتی چەپەڵی تەعریب و پاكتاوی نەژادیی، هەر بۆیە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی شۆڤێنی، لە كاتی دەسەڵاتی ئەنجومەنی حوكمدا، رۆژی 9ی شوباتی 2004، لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەكەدا سەرباری ئاڕاستەكردنی گلەییەكانی لە هەندێك سیاسەتمەدار بۆ خۆدزینەوە و نكۆڵییان لە كوردستانییبوونی كەركوك، ئەو نەخشە دەگمەنەی سەردەمی عوسمانلییەكانی خستەڕوو، كە بە ماندووبون و هەوڵێكی تایبەت دەستكەوتبوو، تیایدا هیچ بیانوویەكی نەهێشتەوە كە سیاسەتمەدارانی عیراق دەستی پێوەبگرن بۆ خۆدزینەوە لە ئاست ئەم راستییە مێژوییە، هەر ئەو مورافەعەیەش بووە فاكتەرێكی گرنگ بۆ چەسپاندنی مادەی 58 لە قانونی ئیدارەی كاتیی دەوڵەت و دواتریش مادەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عیراقی فیدراڵدا. كەركوك لە دیدی سەرۆك مام جەلال و (ی.ن.ك)ەوە مەسەلەیەكی مەركەزییە و سازشی لەسەر ناكرێت. مافێكی رەوای دانیشتووانەكەیەتی ئەو زوڵمەی لەسەر بسڕدرێتەوە كە رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق لەو ناوچەیەیان كردووە، بە تایبەتی كە لەسەردەمی بەعسی شۆڤێنیدا گەیشتە ئەوپەڕی. ئەوەش لە روانگەی پاراستنی یەكگرتوویی گەل و خاكی عیراقی فیدراڵ و بەهێزكردنی پایەكانی سیستمی فیدراڵی و ئەو یەكێتییە ئارەزوومەندانەیەی كە خەڵكی كوردستان لە دەنگدان بە دەستوورە هەمیشەییەكەی عیراقدا دووپاتیانكردەوە. ئەمڕۆش لە كاتێكدا 17 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر مورافەعەكەی سەرۆك مام جەلال بۆ داكۆکیكردن لە كەركوك و كەركوكییەكان و سەلماندنی ناسنامەكەی، بەداخەوە بە هۆی هەنگاوە بێ پلانەكان و موزایەدە و لەخۆباییبوون، كەركوك لە دۆخێكی ئاڵۆز و نامۆدایە، پێویستی بە هەوڵێكی هاوبەشی حەكیمانە و سیاسییانەیە لەسەر بنەمای لەسەرخۆیی، دوور لە هەڵچوون و دروشمی بریقەدار و خۆ بەزل زانین و خۆهەڵكێشانی پێكهاتەیەك بەسەر ئەویتردا، كە دەبێت (ی.ن.ك) لەم هەوڵەدا پێشەنگ بێت و لەسەر راسپاردەكانی سەرۆك مام جەلال جێدەستی زۆر دیار بێت.

لێرەشدا جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە كاك ئازاد ئیبراهیم-ی وێنەگری تایبەتیی سەرۆك تاڵەبانی بكەین، كە ئەو وێنە نایاب و پڕ واتایەی گرتووە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP