لە مناڵیەوە بە مەقامی ئەڵوەن، ئای ئەڵوەنەکەی، خوداداد عەلی مێشکم زاخاو دراوە کە گەوهەری دایکم بەردەوام بە دەنگە نازک و غەمگینەکەی بۆی دەچڕیم.
لە ژورێکی قور و دارەڕا و بێ پەنجەرە و بێ کاربای خانوەکەی مام فەتحولڵا کرێچی بوین ، ئێواران سەرم ئەخستە سەر ڕانی دایکم بە سەدای دەنگی پەری ئاسای ئەو کە ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی بۆ دەگوتم خەوم لێدەکەوت!
قەت لە بیرم ناچێتەوە قژە رەش و خاوەکەی دایکم کە وەکوو تاڤگەی ئاوریشمی شۆردەبووە سەر دەموچاوم و بەدەنگە ئۆپێراویەکەی منی نوقمی خۆشەویستی خۆی و جەلەوە و ئەڵوەن دەکرد.
لە مێرمنداڵیمدا جارێک لە جەژنی ڕەمەزاندا لەو بەری ئەڵوەندا و لە نزیک کۆپری گەورە گوێم لە دەنگی خوداداد عەلی بوو ، کەواو سترەی قاوایی لەبەربوو ، مشکی بەستبوو ، عەینەکێکی رەشی گەورەی لەچاو بوو، مەقامی ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی دەچری لەو سەردەمەدا لای من دەنگی دایکم لە دەنگی خۆشتر بوو.
خوای گەورە بە رووبار وەسفی جوانی بەهەشت دەکات و ئاوی زەمزەمیش بۆ شیفا ناوبانگی دەرکردووە .ئاو سەرچاوەی ژیانە، پێش ئادەمیزاد ئاو هەبووە بە کۆتایی ئاویش ژیان لەسەر زەمیندا نامێنێ.
لە کوردستاندا پێنج روباری سەرەکی هەیە بەناوی : خاپور- زێی گەورە- زێی بچوک - سیروان- ئەڵوەن.
ئەم رووبارانە بونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی لە کوردستاندا ڕەنگە هەر ئەوانیش بون ، ناچاری مرۆڤی کوردیان کردوەلە سەر شاخ بێنەخوارەوە بەڵام بەداخەوە هەندێکمان تائێستاش عەقڵمان هەر لەسەر شاخ ماوەتەوە سەرەرای ئەوەی لە دەوروبەری روبارەکاندا دەژین !
سیروان و ئەڵوەن دوو روباری ناوچەی گەرمەسێرن تینوێتی ئەرزی گەرمیان دەشکێنن و ئاوهەواکەی خۆش دەکەن ، بوونەتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ ناوچەکە. سەدان کەس لە بەر بایەخ و خۆشەویستی، ناوی سیروان و ئەڵوەنیان هەڵگرتووە..بۆ من سیروان تالەبانی شەهید سەرقافڵەی ئەو ناوانەیە.
بێگومان ئەڵوەن لە دێر زەمان و پێش خانەقیش هەبووە و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی شاری خانەقی.
ئاوی ئەڵوەن لە شاخی زاگرۆسی ناوچەی کرماشانەوە و لەکانیاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوە دەگرێت تا دەگاتە سەرپیڵی زەهاو و قەسری شیرین بەرەو خانەقی دێت لە تەنشت هەردوو دێی کارێز و تەفرەقە و ئاغاو خەلیفە و جەلەوە ودێی عالیاوە و باجەڵان شۆر دەبێتەوە ناو روباری سیروان لە حەلوان و روباری دیالە پێکدێنن و دەچنە ناو روباری دیجلەوە کە یەکێک لە دوو روبارە گەورەکەی عیراقە.
درێژی روباری ئەڵوەن نزیکەی (١٥٠)کێلومەترە، دوو پردی سەرەکی لە سەر ئاوی ئەڵوەن بوو بەناوی جسر الأخضر و کۆپری گەورە و پردی سێهەمیش لەم ساڵانەی دواییدا دروستکرا لە تەنیشت ئاغا و خەلیفە،
ساڵانە لە کۆتایی بەهار شارەوانی خانەقی پردێکی کاتی بە بەرمیل و دار و تەختە و چینکۆ لە نێوان بان ئەڵوەن و سەرای کۆن دروست دەکرد لە کۆتایی پایزیش هەڵیدەگرت ، بێجگە لە پردە ئاسنینەکە لە هەمان شوێن بوو ، لافاو بردی.
ئەڵوەن شاری خانەقی دەکاتە دوو بەشەوە بە شەو وەکوو زێر و بەرۆژیش وەکوو مرواری شارەکە دەرازێنێتەوە
جەلەوە و ئەڵوەن ئاوێتەی یەکن، لە سەرەوە لای کۆپری گەورە و لە دەستی راستەوە ئەڵوەن شان بەشانی جەلەوەیە و بان ئەڵوەنیش دڵگیرترین شوێنی خانەقیە
لە هاویناندا لە سەربان دەخەوتین،بە هاژەی ئەڵوەن و بۆنی باخەکان و سەمای ئەستێرەکان خەومان لێدەکەوت و بەیانیان زووش بە تیشکی ئاوریشمی خۆر بە خەبەر دەهاتین!
نازانم باسی چی بکەم ..؟ باسی ترسی باوەگەزی یان خلسکێنەی سەر تافایی ژێر کۆپری گەورە و یان چاوە قرژاڵیەکەی ئاوی ئەڵوەن بکەم ..؟مەحالە بتوانم لە بیرەوەریەکانمدا ئەڵوەن لە جەلەوە جیابکەمەوە
لای من جەلەوە چەند جوان بێت ،ئەڵوەن جوانتر و زیندوتری دەکات.لە قەراخی ئەڵوەنی بەری جەلەوەدا هەندێ درەخت و چیمەنی خۆرسک هەبوو ،گەنجەکان لەوانە خاڵەکانم سەعدوڵا و ئەنوەر و مامۆستا موحسین لە خوارەوەی جەلەوە لە قەراخی ئەڵوەندا کەپریان بە قامیش و زەل و حەسیر دروست دەکرد بۆ نەجات بون لە گەرماو و تێر بون لە جوانی ئەڵوەن.
ئای ئەڵوەن بۆ هەندێ جار دڵرەق و بێ بەزەیی بویت و ژمارەیەک لە گەنجی شارەکەمت نوقمی عەدەم کرد و کردتن بە قوربانی باوەگەزی؟!
ئەڵوەن بەتایبەتی لە بەهاران توڕە دەبوو ، لافاوی هەڵدەساند و ئاو دەگەیشتە لای دەرگای ماڵەکانی بان ئەڵوەن و رێگاکان دادەخرا
لە ساڵی (١٩٧٩) ئەڵوەن لافاوێکی گەورەی و بە شەختە و بەفرەوە هێنا ، ژمارەیەکی زۆری ماسی گەورە کەوتنەسەر ئاو لە دوای کۆتایهێنانی لافاوەکە ماسیەکان لە قەراخی ئەڵوەن جێمان و بون بە نسیبی خەڵکی جەلەوە و داهاتێکی باش بوو بۆ هەندی خەڵکی هەژار کە تا ئێستاش هەر باسی ئەو رۆژە و ئەو لافاوە دەکەن!
لە هاویندا لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو بە فەرمانی قایمەقامی خانەقی چەند جار ژمارەیەک بلدۆزەر و شۆڤڵ و گرێدەر و حادیلە رێرەوی ئاوی ئەڵوەنیان فراوانتر دەکرد بەتایبەتی لە خوارەوە و لەنێوان جەلەوە و عەبدوڵا بێگدا کەمپەکەیان لە گۆرەپانی قەسرەکە بوو نزیک بان جەلەوە، ئێمەی مناڵان سەرسام بوین بە گەورەیی و هێزی ئەم مەکینانە .
ئەڵوەن بێجگە لە ژیاندنی باخ و بێستانەکانی خانەقی ، سەرچاوەی راوکردنی ماسی بوو لە شارەکە بە گشتی و جەلەوە بەتایبەتی
لەگەڵ کاک حوسیەن مەلا عەلی برادەرم زۆر جار ،ئیواران بە یەکەوە راوەماسیمان دەکرد ئەو بە تۆر راوی دەکرد منیش بەردەستیم دەکرد و ماسیەکانمان دەبرژاند لە کەناری ئەڵوەن بۆ ژەمێکی ئێواران ، برادەرانیتریش ئەبون بە میوانمان ، تا درەنگانی شەو بە رووناکی ئاگر و قسەوباسی رۆژگار کاتەکەمان بەسەر دەبرد. داخەکەم بۆ بەسەرچونی ئەو رۆژگارە کە هەموو شتێک پاک و بێگەرد و پر خۆشەویستی بوو. هەروەها دیمەنی ئەڵوەن و باخەکان و ئاسمان و ئەستێرەکان جوانی دەباراندە سەر گەشتەکەمان ...!!
راوکەرە ناسراوەکانی خانەقی لەو سەردەمەدا ،ئەمانە بون : مورشیدە لە گەرەکی تێلخانە و رەفاو لە گەرەکی عەبدوڵابێگ وسکە لە جەلەوە
مورشیدە و رەفاو بە تۆر و بە رێگەی ژەهرێکی تایبەتەوە راوەماسییان دەکرد ، لە بازای خانەقی دەیانفرۆشت و جاروباریش بۆ راوکردنی ماسی ئەرۆیشتن بۆ سەر روباری سیروان و چەند رۆژێک ئەمانەوە.
خاڵو وسکە ناوی حوسیەن و خەڵکی مەندەلی بوو بە تەنها لە خانوەکەی خاڵو مەهدی نوربانو لە ژورێک کرێچی بوو . پیاوێکی کورتە باڵا ، سپی و سور ، قژ زەردو تەنک ، لوت باریک ، چاو وبرۆ کاڵ ، دشداشەی لە بەر دەکرد ، قایشێکی نیوچەباریک لە ناوقەدی دەبەست .ئەم راوکەرە زۆر بەسەبر بوو بە سەعات بەدیار قولابەکەیەوە دادەنشت لە کەنار ئەڵوەندا بۆ راوکردنی ماسی .چاوەکانی قەتیس دەبووە سەر پەتی نایلۆنی قولابەکە و هەستیشی لای کلکەمژە و ئەسپێکوژەی دەستی راستیەوە بوو ئایە ماسی بە قولابەکەیەوە بوو یان نەء ؟خواخوای بوو کەس فرسەتەکەی لەدەس نەدات بە شڵەقاندنی ئارامی ئەڵوەن بە مەلەکردن یان پەرینەوە لە ئاوی ئەڵوەندا . وسکە ئەگەر ماسیەکی گەورەی راوکردبا ئەیفرۆشت بە دارندەکان بۆ دابینکردنی ژیانی رۆژانەی خۆی و ئەگەر بچوکیش بوایە ئەیکردە ژەمێکی خواردنی خۆی .
جارێک لە تەنشتی خاڵو وسکە دانشتبوم لە قەراخ ئاوەکە و نزیک دوکانەکەی سولەیمان ئەو خەریکی راوەماسی بوو منیش لە دونیای خەیاڵی منداڵیمدا بووم ،سەیری تک تک عارەقی سەر سەری روت و ناو چاوانی سور و سپی خاڵو وسکە دەکرد ، هەردوو دەستم واڵا کردبووە سەر ڕانم و نزاو دوعام دەکرد کە ماسیەکی بزە ببێت بە دەم قولابەکەی خاڵو وسکەوە. وا لە مالەوە گۆشکرابوم کە نزا و دوعای منداڵ لای خوا گیرایە،لە پرا خاڵو وسکە سەیری کردم وتی : رۆڵە ئەوە خەریکی چیت..؟ وتم داوا لە خدری زیندە دەکەم ماسیەکی گەوەرە بکات بە قولابەکەتەوە ، وتی کورم خەیاڵت رەحەت بێت خوا بەیانیانی زوو لە رێگای میکائیلەوە رزقی رۆژەکە دابەش دەکات ، میکائیلیش لە ئاست ئێمەوە کەڕ بووە هیچ لە فەرمانەکانی خوا نابیسێت و کەسیتریش ناتوانێت دەسکاری دابەشکردنەکەی خوا بکات! .
ئەو رۆژە هیچ نەبوو بە نسیب وسکە بۆیە بە نائومێدی گەرایەوە ژورەکەی ، منیش بە دڵشکاوی چومە ماڵەوە ، ئەو شەوە لە خەوما بینیم خاڵو وسکە بە جلێکی سپی و دەم بەخەندە و خۆشی و ئاسودەوە خەریکی راوە ماسییە لە روبارەکەی ناو بەهەشتدا و ماسیەکی زۆر بە قەد بالا و شێوەی وێنەی کچە کافرۆشی سەر دوڵابەکەی دایکم دەوریانداوە !
ئەم خەونەم بۆ میم هاجەری دراوسێمان گێرایەوە وتی: کورم عیماد ،خەونەکەت خێرە و ئینشەڵا کە گەورە بویت لەم خەونە تێدەگەی!
ئەگەر ماوەیەک ، راوەماسیەکەی داهاتی نەبوایە خاڵو وسکە دەستی دەکرد بە فرۆشتنی شتەکانی خۆی رۆژێک بە فەوزیە میران دەڵێت : ئەری فەوزیە شەواڵێکی تازم هەیە بۆ نازمی برات نایکڕی؟ ئەویش ئەڵیت : خاڵو وسکە کەس شەواڵی کەسێکی دیکە لە بەر دەکات تا من بۆ نازمی برام بیکڕم؟!
بەداخەوە دوا رۆژەکانی خاڵو وسکە زۆر تراجیدی بوو ، ژورەکەی جێهێشت و بە تەنشت دوکانەکەی سولەیمان بە بێ کەسی کەوتەسەر جێگا ، خەڵکی جەلەوە بون بە یارمەتیدەری و عزرائیل بە ڕاوکەری و مەرگیش بوو بەفریادرەسی.
کاتێک ساڵی(١٩٧٥) کۆچی دوای کرد و گۆرستانی قەبری سەید نزیک جەلەوە دەبێتە دوا مەنزڵگای ئەبەدی و ئەویش دەبێتە گومناوێکی تری شیرینترین سەرزەمینی دنیا کە جەلەوەیە!
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP