روخانی رژێمی ئەسەد لە سوریا، کاریگەریی زۆری لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، تهنانهت بە تهنها ئهو هێزانهی له سوریا دهسهڵات دهگرنه دهست، كارەكتهری سهرەكی نین، بهڵكو كارهكتهری ئیقلیمی و زلهێزهكانیش رۆڵی گرنگیان دهبێت.
ئەم داڕمانەی رژێمی ئهسهد، بۆشاییەکی ئەمنیی لە ناوچە سنوورییەکان دروستكردووه رهنگه گروپە چەکدارەکانیش له داهاتوویهكی نوێدا، دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.
ئێران پاش لە دەستدانی هەژموونی خۆی لە سوریا و روخانی رژێمی ئەسەد، وەک وەڵامێک بۆ گۆڕانکارییەکانی سوریا رەنگە هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە عیراق بدات. ئەمەش گرژییەکانی نێوان کورد و بەغدا زیاتر دەکات، چونکە ئێران دەتوانێت دۆخەکە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بقۆزێتەوە.
دواجار گۆڕانکارییەکان، سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دهگۆڕێت، بەتایبەتی لە پشتیوانیکردنی کوردی عیراق كه ئاراستهی رووداوهكان دیاری دهكات.
بەگشتی گۆڕانکارییەکانی سوریا لەلایەک دەبێتە مایەی ئەلەنگاری بۆ کورد، لەلایەکی دیکەوە، دەرفەتی ئەرێنی بۆ کورد لە عیراق دەڕەخسێنێت، ئەمە جگە لەوەی کاریگەریی دوورمەودای لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەبێت.
بە کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی سوریا، دەستەی تەحریر شام دەتوانێت، حکومەتێکی ناوەندی یان ئەنجومەنی حکومڕانیی ئینتقالی پێکبهێنێت، لەمەشدا تورکیا پاڵپشتی لێدەکات، بەتایبەتی ئەگەر بتوانێت دەسەڵاتەکەی بە شێوازێکی مەدەنی دەربخات بۆئەوەی لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دووربکەوێتەوە
ئەوان بە رەسمی دەیناسن؟
لەم قۆناغەدا تورکیا رۆڵێکی گرنگ لە پێشکەشکردنی دەستەی تەحریری شام وەک ئەلتەرناتیفی «میانڕەو» بۆ رژێمی ئەسەد دەبینێت، لە هەوڵێکدا بۆ رازیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و قبووڵکردنی.
تاكو ئێستاش دیار نییە کە ئایا روسیا و ئێران بەم زووانە دان بە دهستهی تهحریری شامدا دەنێن یان نا؟ ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی دەرکهوتنی ناوچەی بچووکی یاخی کە هەندێک هێزی دەرەکی پاڵپشتی دەکات، هاوشێوەی ئەوەی لە دۆنباس لە ئۆکرانیا روویدا.
ئەگەر دەستەی تەحریری شام دەسەڵاتی بەسەر هەموو سوریادا بسەپێنێت، ئەمریکا و ئەوروپا ناچار دەبن دانوستانی لەگەڵدا بکەن، وەک ئەوەی لەگەڵ تاڵیبان لە ئەفغانستان روویدا.
ئەگەر دەستەی تەحریر شام هەموو سنوورەکانی سوریا و عیراق کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، نیگەرانییەکان لە هەرێمی کوردستانی عیراق سهبارهت به هاتنی لێشاوی چەکدار یان ئاوارەکان زیاتر دەبن.
بە كشانهوهی ئێران لە گۆڕەپانی سوریا، هێزه لایەنگرەکانی ئێران لە عیراق ناچار دەکرێن بوونی خۆیان لە کەرکوک و شەنگال بەهێزتر بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان لە سوریا.
رەنگە هەندێک لایەنی سیاسی لە کوردستانی عیراق، لەم بۆشاییە ئێرانییەدا بیر لە دەرفەتێک بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک و شنگال بکەنەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا وەک بەشێک لە رێکخستنەوەی ناوچەکە پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن. یان بە هەماهەنگی لەگەڵ توركیا کە ساڵانێکە چاوی بڕیوەتە ئەم دوو ناوچەیە.
ئەوانەی هەژموونیان لەدەست دەدەن
ئەگەر روسیا و ئێران، هەموو هەژموونی خۆیان لە سوریادا لەدەست بدەن، رەنگە ئێران جەخت لەسەر بەهێزکردنی بوونی خۆی لە عیراق و لوبنان بکاتەوە، لە کاتێکدا روسیا رووبەڕووی لەدەستدانی شکۆمەندی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.
لە سۆنگەی ئەمانەوە، ئێران هەوڵ دەدات پاڵپشتیی خۆی ئاراستەی کوتلە عیراقییەکان بکاتەوە وەک هێزەکانی حەشدی شەعبی، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی له سوریا.
لهلایهكی دیكهوه ئهگهری ئهوهش ههیه، تورکیا ئەم بۆشاییە بە هەژموونی ناوچەیی خۆی پڕبکاتەوە و بەهێزی بکات و بیکاتە دیارترین دەسەڵاتی ئیقلیمیی ناوچەکە لە سوریا و عیراقدا.
بە پشتیوانیکردنی تورکیا له دەستەی تەحریر شام، ئەنقەرە کۆنتڕۆڵی راستەقینەی کاروباری سوریا دهگرێته دهست.
ئێستا تورکیا لهههوڵی ئهوهدایه ئەم رەوشە نوێیەی هاتۆته ئاراوه، بۆ لاوازکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەکاربهێنێت، لەکاتێکدا بەئاشکرا داوای لەناوبردنی هێزەکانی(هەسەدە) دەكات به مەبەستی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراوی نوێ بەدرێژایی سنووری عیراق، لەنێویاندا شەنگال، بە ئامانجی لاوازکردنی مۆڵگەکانی پەکەکە لەوێ، هەروەها ناوچەکی دیکە بەدرێژای سنووری سوریا لەگەڵ تورکیا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP